نیگەرانیەكانی ئەمریكا لە عادل عەبدولمەهدی لەسەر چیە؟
2019-12-21 20:06:20
ئارام سەعید
خۆپیشاندەرانی عێراق داواكاری ڕەوایان هەیە و دیارترینیان بنبڕكردنی گەندەڵیی و دورخستنەوەی نوخبەی سیاسی ئێستایە لە دەسەڵات، سەڕەرای ڕەوایی داواكاریەكان ، لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا چەند خاڵێك هەیە جگە لە كاردانەوەی ناوخۆیی لەرووی نێودەوڵەتیشەوە كاردانەوەو نیگەرانی لەسەرە بەتایبەتی ئەمریكا ،لەوانە رێكەوتنی ئابوری عێراق وچین، بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران، بوونیی حەشدی شەعبی وەك هێزێكی گەورەی عێراقی نزیك لە ئێران .
دەمەوێت بڵێم خۆپیشاندانەكان دابڕاو نیە لە هەندێ هۆكاری ئابوری و بەرژەوەندی وڵاتانی تر کە لیرەدا دیارترینیان باس دەکەین وەك ئەمریكا و ئێران . سەبارەت بە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ مانەوەی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوە ئەمریکا سێ مەرجی هەبوە، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی داواكاریەكانی ئەمریكای بهێنایەتە دی ئێستا وەك سەرۆك وەزیران دەمایەوە كە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنە لەگەڵ چین، خاڵی دووەم نەكڕینیی كارەبا لە ئێران و سێهەم هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ئەم مەرجانەی ئەمریكاش بۆ عەبدولمەهدی نەك قورس بون بگرە مەحاڵ بوون جیبەجێیان بکات.
ئەمریكا بەدیلی بۆ ئەم داواكاریانە هەیە كە بۆ رێكەوتن لەگەڵ چین ،دەتوانێت لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا رێك بكەوێت ، بۆ كارەباش دراوسێیی تری عێراق هەڵبژێرێت بۆ كڕینی و بۆ حەشدی شەعبیش سوپای عێراق هەیە کە ئەو ئەرکانە جیبەجێ بکات.
بەهای رێكەوتنامەی چین. لەگەڵ عێراق ٥٠٠ ملیار دۆلارە كە بەگوێرەی ئەو رێكەوتنە عێراق رۆژانە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەداتە چین و ئەویش لەبەرامبەردا كاردەكات بۆ ژێرخانی ئابوری و بونیاد نانی رێگاو بان و شەمەندەفەر ونەخۆشخانە و پرد وهەموو ئەو سێكتەرانەی ژێرخانی ئابوری عێراق بونیاد دەنێت جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری دەرفەتی کار دەرەخسێنیت.
سەبارەت بە بازرگانی لەگەڵ ئێرانیش ئەو كارەبایەی بەرێكەوتن لەگەڵ عێراق دەكڕدرێت لەو وڵاتە بەهای بە ملیۆنەها دۆلارەو ئەمەش كاریگەری بۆسەر باشتركردنی باری ئابوری ئێران هەیە و ئەمریكاش بەوە نیگەرانە.
خاڵی كۆتایی بەهێزبونی حەشدی شەعبیە كە هێزێكە گوێڕایەڵی ئەمریكا نیە و زیاتر لە ئێرانەوە نزیكە وئەمریكاش پارەیەكی زۆری لە سوپای عێراقدا خەرجكردوە و خوازیارە هیچ هێزێكی سەربازی لەو بەهێزتر نەبێت لە عێراقدا ..
لەكۆتایدا ئەم نیگەرانیانە بە دروشمی جیا جیا لە خۆیشاندانەكاندا بەدی دەكرێت هەندیک دەڵین عادل عەبدولمەهدی یەکێک لەو خالانەی بەرگری لێکردوە ریکەوتنەکە بوە لەگەڵ چین،بەلام ئێستا خۆپیشاندەرانیش داوا دەکەن ئەو ریکەوتنە هەڵنەوەشیتەوە چونکە سودیکی ئابوری زۆری هەیە بۆ بونیاتنانەوەی ژیرخانی ئابوری.