بزووتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان كاردانەوە؟
2019-12-18 07:40:51
ساڵح ژاژڵەیی
بەشی چوارەم
لە م بەشەدا ئەمەوێت رونی بكەمەوە كە لە ئەنجامی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕاندا كێ سودمەند و كێش زەرەرمەندبوو. بە كورتی:
1- كاك نەوشیروان سودمەندی یەكەم بوو لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕاندا. دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ریفۆرم و سەرنەكەوتنی. كاك نەوشیروان توشی شكستێكی سیاسی و رێكخراوەیی وا گەورە بوو كە هەرگیز لە ژیانیدا چاوەڕوانی ئەوەی نەئەكرد، هەر ئەوەش بوو بە هۆكاری ئەوەی كە لە ناو یەكێتی بێتە دەرەوە. چونكە بڕوای وابو مانەوەی لەناو یەكێتیدا، دواڕۆژی سیاسی هێندەی تر تاریك دەكات.
بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ویسگەیەك بوو سەروەری رابوردوی بە زیادیشەوە بۆ گێڕایەوە و زۆر بە گەورەیی لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەركەوتەوە. كاك نەوشیروان بوو بە ژمارەیەكی گەورەتر لە بواری سیاسیدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكەو وڵاتانی دەرەوە. ئەوەش سەركەوتنێكی سیاسی گەورەبوو بۆ داهاتوی خۆی.
2- كاك نەوشیروان لە دامەزراندنی كۆمپانیای وشەوە رەچاوی بەرژەوەندی مناڵەكانی كردبوو. حسابێكی زۆر باشی بۆ زامنكردنی داهاتویان كردبوو لە رێگای ئەوەی كە كۆمپانیای وشە ببێتە موڵك و مالی ئەوان. كۆمپانیای وشە هەموو بزوتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە. هەموشمان ئەزانین دوای وەفاتی خۆی هەر بەو شێوەیە دەرچوو كە خۆی بەرنامەو پلانی بۆ دانابوو.
3- بەشێكی كەمی گۆڕانخوازانیش بە هۆی گۆڕانەوە بون بە ئەندام پەرلەمان یان پۆستی حكومییان وەرگرت ، ئەوانەش تازە دەستیان بە كاری سیاسی كردبوو. خاوەنی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی نەبون. زۆرینەی ئەوانەشی كە بون بە ئەندام پەرلەمان هەر دوای تەواوبونی خولەكەیان لە بزوتنەوەكە دوور كەوتنەوە. ئەوانەشی كە مابون. لە هەڵپەی وەرگرتنی پۆستدابون بۆ جارێكی تر. ئەگەر پۆستیان دەست نەكەوتایە. ئەكەوتنە رەخنەو گلەیی كردن و كشانەوەو وازهێنان.
4- زۆرینەی هەرە زۆری گۆڕانخوازان بەتایبەتیش ئەوانەی زۆر چالاك و دیاربون روبەڕوی ئەشكەنجەو لێدان و سوكایەتیی پێكردن و دوورخستەوە لە كارەكانیان یان دەركردن و نانبڕاوكردن و موچە بڕینیش بوون، لە بری دەسكەوت.
5- ئەوانەشی تەنها دەنگدەری گۆڕان بون و دیارنەبون. توشی بێئومێدییەكی گەورە بون و نە بڕوایان بە سەركردەكان و نە بڕوایان بە ئەحزابی سیاسی ماوەو گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی هەرچی بەرپرسی حیزبەكانن بەردەوام دەیانەوێت دەور و بەری خۆیان بخەڵەتێنن و بۆ خزمەتی خۆیان و كەسوكاریان و دەوروبەریان بەكاریان بهێنن. ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئایندەی سیاسی هەرێمی كوردستان و هێواش هێواش خۆشەویستی بۆ نیشتمانیش نامێنێت و كەس لە خەمی كەسدا نابێت.
دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا. روداوێكی سەرنج راكێش بوو. چاوەڕوانی ئەوەی لێ ئەكرا گۆڕانكاری گەورەی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت. بەڵام پێچەوانەكەی راست دەرچوو. گۆڕانكاری زۆر خراپ و نەرێنی بەدوای خۆیدا هێناو ئەوەندەی تر جەماوەری بێ هێواو بێ ئومێدكرد.
دەرئەنجامە خراپەكانی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان:
1- لەكاتی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕاندا ژماریەكی زۆر لە سەركردەو كادرو پێشمەرگەو تێكۆشەری دێرینی ناو یەكێتی بەشداری دروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد و رۆڵی سەرەكییان بینی لە هێزو قورسایی بزوتنەوەكەدا. لە بەرامبەردا یەكێتی لاواز بوو بەرامبەر بە نەیارەكەی كە پارتییە. دواجار ئەو لاوازبونەی یەكێتی بە زیانی هەموو دانیشتوانی زونی سەوز شكایەوە بە ئەندام و لایەنگری هەموو حیزبەكانەوە. چونكە لە روی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خرا.
2- ئەوەی زۆر گرنگە كە ئاماژەی بۆ بكەین و هەڵوەستەی لەسەر بكەین ئەوەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان رۆحی ئۆپۆزسیون بون و بەرەنگاربونەوە و باوەڕ بە خۆبونی لە هەرێمی كوردستان توشی شكست و بێ ئومێدییەكی بێ وێنەكرد و چەندین ساڵی تری ئەوێت تا دۆخەكە وەكو پێش دروستبونی بزوتنەوەكەی لێ دێتەوە و خەڵكی هۆشیان بەبەردا دێتەوە.
ئەو جۆش و خرۆش و فیداكاری و لە خۆ بوردنەی جەماوەر هەیانبوو لە پێناوی گۆڕانكاریدا بە جارێك مرد. ئەگەر سەیر بكەین پێش ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دروست ببێت. میدیای ئازاد روڵ و كاریگەری خۆی هەبوو. راپۆرت و نوسینی رۆشنبیران لەسەر دەسەڵات كاریكەری گەورەی هەبوو. بەو هۆیەوە گوێیان بۆ ئەگیراو حسابیان بۆ ئەكرا. بەڵام كە بزوتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا ئەوەندە كاریگەری هەبوو، ئەمانەی هەموو داپۆشی ، ئەوە بو رۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنە كە خوێنەریان زۆر بوو هەر داخران.
هەر كە بزوتنەوەی گۆڕان توشی شكست و لاوازبون بوو ئیتر كاریگەری لەسەر روداوە سیاسیەكان نەما. كەواتە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕوی سیاسیەوە نەك گۆڕانكاری ئەرێنی دروست كرد، بەڵكو بەجارێك پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستانی تێكداو توشی پاشەكشەیەكی گەورەی كردو جەماوەری بە بێ ئومیدی بەجێهێشت.
بە بۆچونی خۆم پاشەكشەو شكستی بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستادا نەك هیچی كەمتر نییە لە ئاشبەتاڵەكەی ساڵی 1975 بەڵكو خراپتریشە. ئەگەر سەرنج بدەین شكستی ساڵی 1975 شكستێكی سیاسی و سەربازی و بلانی نێودەوڵەتی بوو زیاتر لەوەی كە شكستی بیرو ئومێدبڕانبێت.
هاوڵاتیان بڕوایان بە خەبات و تێكۆشان مابوو. بڕوایان بەسەركردەكانیان مابوو. هەرئەوەش بو بە هۆكاری دەستپێكردنەوەی شۆڕش دوای ساڵێك لە نەمانی. ئەوەبوو شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستی بە خەبات و تێكۆشان كردەوە و ئەم بارودۆخەو ئەم دەسكەوتانەی ئێستا بەرهەمی ئەو هەڵسانەوەیە.
بەڵام شكست و پاشەكشە و لاوازبونی بزوتنەوەی گۆڕان روحی بەرەنگاربونەوەو خۆڕاگری مراند. متمانەی لەناوبرد. هیواو ئومێدی لاواز كرد. تەسلیمی ئیرادەی ئەو لایەنانە بوو كە لە سەرەتادا ئەم بزوتنەوەیە لە پێناوی لاوازكردنی ئەواندا دروستبوو. ئەم بزوتنەوەیە كارێكی وای كرد هیچ كەس باوەڕی بە هیچ سەركردەیەك نەمێنێت و هەموان بە خۆپەرست و بەرژەوەندپەرست بزانن.
لە هەموی كارەساتبارتر ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان رۆلیكی كاریگەری هەبوو بۆ ناو زڕاندنی تەربیەتی حیزبی. بەهۆی ئەمەشەوە تەربیەتی كۆمەڵایەتی عورفی ناو كۆمەڵگاشی لەناوبرد. ئەوەی رێزو ئیحتیرام هەیە لە ناو ئەم حیزبەدا نەما. بزوتنەوەی گۆڕان حیزبایەتی هەر سوك كرد و كارێكی وای كرد. جەماوەر بێزی لە حیزبایەتی دێتەوەو رقیان لێی ئەبێتەوە.
زۆربەداخەوە كوڕەكانی كاك نەوشیروان تەنانەت ڕێزیان لەمامی خۆشیان نەگرت. لەكاتێكدا ئەمان لە دایك نەبون لە شاخ هاوەڵو هاوڕێی باوكیان بووەو، دامەزرێنەری بێتەلەكانی یەكێتی بوە. دوای وەفاتی باوكیان هەر مەرحەباشی ناكەن و كوڕەكەشیان لە گردەكە دوورخستەوە. ئەمە كارێكی تەواو نامۆیە بە عورف و عادەتی كۆمەڵگەی كوردەواری.
ئەمە داهێنانی كاك نەوشیروان بوو بەناوی نەوەی نوێ. كۆمەڵێك خەڵكی كردە دەمڕاستی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانیش هیچ حسابێكیان بۆ كەسانی تر نەئەكرد هەر خەمی خۆیان بوو. كار گەیشتبوە ئەوەی پاسەوانەكانی مەكۆ قسەی نەشیاویان لەسەر ئەم و ئەكرد و كەسیش نەبوو لێیان بپرسێتەوە. بەناوی ئەوەی ئێمە هەمومان وەكو یەكین.
واتە داهێنانێكی وای هێنایە ئاراوە كە كەس متمانەی بەوەی دی نەمێنێ و لە ئەنجامدا بەسەرخۆشیاندا شكایەوە. ئەوەتا دوای نیوسەدە لە خەبات و تێكۆشان لە گەرمیان بە كاك عومەری سەید عەلی ئەڵێن. تۆ قسە مەكە تۆمان ناوێت. ئەمە ناو ئەنێی چی؟ لەئێستادا لە هەرێمی كوردستان ئەزمەی نەبونی سەركردە لە ئارادایە. هەموان چاوەڕوانی فریادرەسێكن كەس نازانێت كەی ئەو فریادرەسە لە دایك ئەبێت.