(نا) بۆ ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێم
2019-12-17 17:32:20
كامیل عومەر*
ماوەیەكە، چەند هەوڵێكی جیاجیا بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندن (میدیا) لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەویش بە ئامانجی " سنوردانان بۆ ئەو پاشاگەردانیەی لە میدیای كوردیدا دەبینرێت"، بەڵام نازانرێت ئەنجامەكەی چی دەبێو بەكوێ دەگات، لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنوسان بەتایبەت (ئەهلیو ئازادەكان) نەیاری خۆیان بۆ ئەم هەوڵانە دەربڕیووە.
- ئەنجومەنی باڵای میدیا چیە؟
ئەنجومەنی باڵای میدیا، بریتیە لەو دەستە سەربەخۆو خۆبەخشەی كە هەوڵی چاككردنو بەرەوپێشبردنی ئەدای كاری رۆژنامەوانیو هۆكارەكانی پەیوەندیكردنو راگەیاندن دەدات لەرێی بەدواداچوونی ئەو سكاڵایانەی پەیوەستن بە پێرەوكردنی بنەماكانی ئێتیكی رۆژنامەوانی. بەواتایەكی دی مەبەست لەم ئەنجومەنە، هاوكاریكردنو بەرەوپێشبردنی شێوازی پێرەوكردنی كاری رۆژنامەوانیە بەئامانجی پاراستنی بنەماكانی ئێتیكیو پیشەو ئازادیی رۆژنامەوانانو دامەزراوە رۆژنامەوانیەكان.
- ئەنجومەنی باڵای میدیا، بۆچی؟
لەبنەڕەتدا، بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنی باڵای راگەیاندنانە، كاردانەوەی دەسەڵات بووە بەرامبەر بە زاڵبوونی ئازادی رەها لەپیشەی رۆژنامەوانیدا، ئەمەش لەپێناو سنورداركردنی ئازادییەكانی رۆژنامەوانانو ئەو پێشێلكارییانەی ئەنجامیانداوە. هەر بۆیە روبەڕووی رەخنەی توندی بەشێك لە میدیاكارانو شارەزیان بوونەوەو پێیانوابوو: دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنانە پێویست نینو دەبنە لەمپەرو مەترسیو دواجار دەسەڵاتی سیاسی لەڕێگەیانەوە سانسۆر دەخەنە سەر رۆژنامەنوسانو سزای ئەو دەزگاو میدیاكارانە دەدەن كە بە پێچەوانەی سیاسەتەكانی دەسەڵاتەوە كاردەكەن. هاوكات بەشێكی دیكە لە پسپۆڕانو توێژەرانی میدیا بەرگرییان لە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنانە كردو پێیانوابوو: ئەو جۆرە ئەنجومەنانە هیچ مەترسیەكیان بۆ سەر كاری رۆژنامەوانی نیە،چونكە تەنها رۆڵی راوێژكاری دەبینینو رێوشوێنی شیاویش دەگرنەبەر بۆ ئەوەی رۆژنامەوانو دامەزراوەكانیان، سەرپێچی بنەماكانی ئێتیكی پیشەیی نەكەنو بەرژەوەندی گشتی بپارێزن. لەم نێوانەدا، رایەكی دی هەیە، پێیوایە: ئەگەر سیستمی وڵات دیموكراسی بوو، ئەوا ئامانجی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە، كاركردن دەبێت بۆ پاراستنی ئازادی رۆژنامەوانیو روبەرووبونەوەی ئەوانەی كە ئامانجیان كۆتوبەندكردنی ئەو ئازادییەیە، بەڵام ئەگەر ئەو سیستمانە نا دیموكراسی بوون، ئەوا ئامانج لێیان، چەسپاندنی خواستی دەسەڵاتداران دەبێت لەكۆتوبەندكردنی ئازادی رۆژنامەوانیدا.
- ئەنجومەنی باڵای میدیا، لەكوێ؟
ئەگەرچی سەرەتاكانی دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنانە لە وڵاتانی ئەسكەندەنافی دەستیپێكردووە، بەڵام دواتر لە ئەمەریكاو بەریتانیا بەشێوەیەكی رێكخراوتر دامەزرێنران. لە وڵاتانی جیهانی سێهەمیش، دوای نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو، ئەنجومەنەكانی رۆژنامەوانی دامەزرێنرانو وڵاتانی هندستانو میسرو گاناو ئەندۆنیسیاو تونس پێشەنگ بوون.
- هەرێمو ئەنجومەنی باڵای میدیا:
چەند ساڵێك لەمەوبەر لەشاری هەولێر هەوڵێك درا بۆ پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی لە دژی بەرزبووەوە، شكستی هێناو سەری نەگرت. ماوەی چەند مانگێیشكە، جارێكی تر ئەم باسە سەریهەڵداوەتەوەو ئێستا بە كردەیی دوو هەوڵی جیا هەیە كە یەكێكیان چەند ئەكادیمیەكنو پرۆژەیەكیان ئامادەكردووە، ئەوی تریشیان سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانەو بەهەمان شێوە پرۆژەیەكیان ئامادەكردووەو كۆبونەوەیەكی دوو رۆژەییان لە هەولێر بەناوی (دیداری نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسان) بۆ رێكخستووە.
سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە ئەوەندەی هەڵمسەنگاندووەو تێبینیم كردووە، ئەو پرۆژەیەی ئەكادیمیەكان ئامادەیان كردووە، بە بەراورد بەو پرۆژەیەی سەندیكا زۆر باشترەو لەگەڵ پێوەرە پەسەندكراوەكاندا وێكدێتەوە، بەڵام كە هاتە سەر قبوڵككردن، بیگومان پرۆژەكەی سەندیكا وەردەگیرێت، لەبەرئەوەی ئەو سەندیكایە لەلای حكومەت شەرعیەتی یاسایی هەیە. لەكاتێكدا پرۆژەكەی سەندیكا كۆپیكراوی یاسای ئەنجومەنی باڵای میدیای وڵاتە عەرەبیەكانەو بەئاستێك بێكەڵكە كە بواری گفتوگۆو هەڵسەنگاندنی تێدا نیە.
- بۆچی دەڵێن( نا) بۆ ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێم؟
گەر گریمانەی ئەوە بكەین، پرۆژەكەی سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێم دوای گفتوگۆو تاوتوێكردن، دەبێتە پرۆژەیەكی نموونەیی، ئایا هەرێم پێویستی بەم پرۆژەیە؟ بێگومان، نەخێر، لەبەرئەوەی:
1- لەبەرئەوەی هێشتا ناتوانرێت بوترێت: سیستمی سیاسیو حكومڕانیی لە هەرێم، سیستمێكی دیموكراسیە، ئەوكاتە ئامانج لە پێكهێنانی ئەنجومەنە، چەسپاندنی خواستی دەسەڵاتداران دەبێت بۆ سانسۆركردنو كۆتوبەندكردنی ئەو پەراوێزەی ئازادیی رۆژنامەوانی كە لە هەرێم بوونی هەیە.
2- بەپێی ئەو ئەزموونەی كە لە هەرێم هەیە، پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنو كۆمسیۆنو سەندیكایانە كە دەبێ (سەربەخۆ) بن، نەك سەربەخۆ نابن، بەڵكو دەكرێنە پشك پشكێنەی حزبیو لە ئامانجی راستەقینەیان خاڵی دەكرێنەوە. بێگومان ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێم لەم دابەشكارییە دەرناچێتو پرۆژە پێشنیارەكەش ئەم ئاماژانەی بەڕوونی تێدایە.
3- زۆربەی ئەوانەی بەدوای پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنەوەن، ئەوەندی مەبەستی تایبەتیان هەیە لەوەی بكرێنە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە باڵایەو بە پلەی بەرێوەبەری گشتی دابمەزرێنو ئیمتیازات وەربگرن (هاوشێوەی ئەنجومەنەكانی دیكە)، ئەوەندە بەدوای باشكردنی دۆخی رۆژنامەنوسیەوە نین.
- دوا قسە:
گەر پاساوی ئەو كەسو لایەنانە بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێم ئەوە بێت كە دۆخی میدیایی لە پشێویو پاشاگەردانیدایە، ئەوا گەر خۆیان نەدان نەكەن، باش دەزانن كە ئەوەی ئەو دۆخەی دروستكردووە، ئەو حزبو كەسە سیاسی و دەسەڵاتدارانەن كە بە پارەو قوتی ئەو خەڵكە، لەپشت دامەزراندنو بەڕێوەبردنو سپۆنسەركردنی، سەدان كەناڵو دامەزراوەی میدیایی سێبەرو هەزاران پەیجو ئەوكانتی بێخاوەنەوەنو رۆژانە هەواڵی ساختەو درۆی هەڵبەستراو ژەهر بڵاودەكەنەوەو پێشیلكاری دەكەنو پەلامار دەدەنو شەڕی بەرژەوەندییە تایبەتیو حزبیەكانیانی پێدەكەن، كە گومانم نیە، ئەم ئەنجومەنە ناتوانێت لێیان بپرسێتەوەو سزایان بدات. هەر لەبەرئەوە، دەبێ بڵێین: نا بۆ ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێم.
*مامۆستای ئێتیكو یاسای راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی