Draw Media

بۆنوسەرە لاوازەکە!

بۆنوسەرە لاوازەکە!

2019-12-16 19:52:17


حلمی ره‌سول ره‌زا 

دوای ئه‌وه‌ی رێبوار كه‌ریم وه‌لی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ پێگه‌و سایت و په‌یجه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان نوسینی لێ قه‌ده‌غه‌ كرا، جارێكی تر ده‌ركه‌وته‌وه‌و ده‌ستپێكی ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یه‌شی به‌ په‌لاماردانی بۆ سه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م و یه‌كێتی ده‌ستی پێكرده‌وه‌.
  پێده‌چێ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تێكی نوێ بێت وه‌ك به‌رتیلێك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌و قبولكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاره‌ كۆنه‌كه‌، چونکە ئێستا پەلاماردنی ئەو بەخشیشی هەیە!
له‌ نوێترین نوسینیندا ناوبراو به‌ناونیشانی (یه‌كێتی له‌سه‌رده‌می لاهوردا) و له‌ په‌ره‌گرافێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مه‌علوم نیه‌ دكتۆر به‌رهه‌م وه‌ك جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی به‌شداری كۆنگره‌ ده‌كات و ناونیشانی ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ی نوسینكه‌ی به‌ پیاوه‌ لاوازه‌كه‌ی كۆنگره‌ ناوه‌زه‌ند كردوه‌، من نازانم لاوازی لای نوسەر چ مانایەکی هەیە! خۆگەر لاوازی دكتۆر به‌رهه‌م له‌وه‌دا بێت نه‌وتی نه‌دزیوه‌و ده‌ستی به‌سه‌ر داهاتی كوردستاندا نه‌گرتوه‌، یان پیلانگێڕی نه‌كردوه‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی په‌لكێش نه‌كردوه‌ بۆ ناو خاكی كوردستان، ئەوا راست ئەکات، یان ئه‌گه‌ر لاوازیه‌كه‌ی لەوەدا دەبینێتەوە کە عه‌شیره‌ت و هێزی چه‌كداری نییه‌، یان پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی لێناكات و له‌وه‌ته‌ی بۆته‌ سه‌رۆك كۆمار پیلانگێڕی له‌ دژ ئه‌نجام ده‌دات، ئەوا لەوەش راست ئەکات، رەنگە مەبەستی بێت بڵێت: لە ناو حزب لاوازە، بەڵام ئاخۆ پێوەری بەهێزی ناو حیزب دابراوە لەبەهێزی ناو کۆمەڵگەوجەماوەر؟.
  بەپێچەوانەوە ئه‌وانەی لەسەرەوە باس کران بەشێکن لە هێزی گەورەی هەر سەرکردەیەک له‌ چاوی عه‌وامدا، نه‌ك لاوازی. دنیای سیاسی ئێمە پریەتی لەسەرکردەی بەهێزی ناو حزبەکان، ئەوەی لای ئێمە کەمە لەجۆری دکتۆر بەرهەمە کەدەتوانێت بەبێ رەتڵی حیمایە بچێتە شوێنی گشتی و تێکەڵ بەخەڵک بێت و ئومێدی لەسەر هەڵچنرێت. 
  پێگه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م له‌ جوڵه‌ سیاسیه‌كانی خۆی و ئه‌و قه‌دره‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیه‌یه‌ كه‌ خودی خۆی دروستی كردوه‌، نه‌ك بەرتیلی نەوت چاو ساخی بۆ دوژمن ..
 كاك رێبوار گەر نوسەرێکی حه‌ق بێژه‌ و ته‌نها وتنی راستیه‌كانی لامه‌به‌سته‌، ده‌بێت له‌ پێشه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ شوێنێكی گرنگترەوە دەست پێبکات و پرسیاری ئه‌وه‌ بكات بۆچی تاكو ئێستا دۆسیه‌و دیكۆمێنته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆنی هه‌رێم راده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی نوێ نه‌كراوه‌، پرسیار له‌وه‌ بكات بۆچی چه‌ندین مانگه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌ولا هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك ناكه‌ن و ئه‌سڵه‌ن هه‌ندێكیان هه‌ر ون بوون له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ و دیار نین، چەند مانگە خێرە لەم هەموو روداوە کۆبونەوەی م.س ناکرێت! ده‌با لێره‌وه‌ ده‌ست پێبكات قسه‌ی له‌سه‌ر بكات نه‌ك به‌دوای ده‌نگۆ بكه‌وێ و خۆی لەم فاكتانە بدزێتەوە وێلی ده‌نگۆی ئەوە بێت ئایا دکتۆر بەرهەم بەهۆی دۆخی عێراقەوە بەشداری کۆنگرە ئەبێت یان نا! ئەمە جێگەی گومانە كاكی نوسه‌ر نایەوێت یان ناوێرێت له‌سه‌ر فاكته‌كان قسه‌ ناكات، کەچی له‌ دووره‌وه‌ خه‌ریكی گومان بردنه‌.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌لشاخاندنانه‌ به‌ دكتۆر به‌رهه‌مدا ببێته‌ مایه‌ی ئاشتكردنه‌وه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نووسه‌ر بۆ سه‌ر ئیشه‌ كۆنه‌كه‌ی خۆی ئه‌وا حه‌قی گه‌ردن ئازادی هه‌یه‌، به‌لام پێده‌چێ هیچ یه‌كێك له‌م نوسینانه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی شه‌فاعه‌ت بۆی، چونکە جۆن بەئاماژەیە هێنرایەوە دور نییە بە ئاماژەیاکی تر دوربخرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand