Draw Media

یەكێتی لە سەردەمی (لاهور)دا

یەكێتی لە سەردەمی (لاهور)دا

2019-12-16 08:01:51


رێبوار کەریم وەلی 

(1)
 
گرەوەكان لەسەر نەبەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی خەریكە بەتاڵ دەبنەوە. ئەگەرچی گوشارەكان بۆ بەستنی كۆنگرە پێش سەری ساڵ وا دەكات كۆنگرەی چوار، شان و شەوكەتی (لەڕووی میوانی دەرەكی و ناوخۆیی) كۆنگرەكانی پێش خۆی نەبێت، بەڵام تەحەددایەكی گەورەیە و سەرەتای شەرعییەتدانە بە بنەماڵەییكردنی یەكێتیش وەكو ئەوانی دیكە. لەنێو سێ باڵی سەرەكی (لاهور، كۆسرەت رەسوڵ- كەركووكییەكان و ماڵباتی تاڵەبانی- برایم ئەحمەد) نیمچە رێككەوتنێك كراوە بۆ ئەوەی بە تەوافوق بچنە كۆنگرەوە و بە تەوافوقیش لێیدەرچن. بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە لاهور لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندا، بێ بەكارهێنانی نازناوی تاڵەبانی لە زۆربەی مەڵبەندەكانی یەكێتی (چونكە بەشی زۆری بەرپرسی مەڵبەندەكان ئەو داینابوون)، زۆرترین ئەندامی بۆ كۆنگرە سەرخستووە. ئەوەش وایكردووە كە تەنانەت چاوی لەوە بێت ببێتە سەرۆكی یەكێتیش. بەڵام پێناچێ لاهور بیەوێ لەو قۆناغەدا تەسلیمی هەڵپەی سەرۆكایەتی بێت؛ دەزانێ دوو باڵەكەی دیكە وا بەئاسانی رێگەی پێ نادەن و، ئەویش سەرۆكایەتییەكی مەرجدار و نیمچە تەشریفاتیی پێویست نییە. 
 
سێ باڵەكەی سەرەوە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، زۆرترین پۆستەكانی سەركردایەتیی یەكێتی پڕ دەكەنەوە. ئەو دیفاكتۆیەی كە دوای نەمانی تاڵەبانی لەناوخۆی یەكێتیدا لەڕووی هێز و دەسەڵاتەوە هاتە ئاراوە، لە رێگەی كۆنگرەوە شەرعییەت وەردەگرێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە لاهور لە هەر پۆست و پێگەیەكدا بێت، سیاسەت و دوورنمای ستراتیژی یەكێتی دیاری دەكات. دۆستەكانیشی لە دەرەوە لە پێگەی ئەو تێگەیشتوون و دەمێكە وەبەرهێنانیان لەسەر كردووە. 
 
یەكێتی لە سەردەمی لاهور، لە زۆنی سەوزدا، ئیش لەسەر قەڵاچۆكردنی گۆڕان (كە رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر دەبێ) دەكات، بۆ پارتیش دەبێ بە تەحەددایەكی گەورە و، خیتابە شەرمنانەكەی جارانی بەلاوە دەنێت و پتر لەوەی خۆی وەك شەریك و هاوپەیمانی پارتی پێشان بدات، دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن، چونكە لە بنەڕەتدا سەرچاوەی هێزی لاهور لەو دژایەتییەدایە كە بەرامبەر پارتی دەیكات.
 
پیاوە لاوازەكەی كۆنگرە
 
(2)
هێشتاش بە تەواوەتی مەعلوم نییە دكتۆر بەرهەم ساڵح (وەك جێگری دووەمی سكرتێری گشتی) بەشداریی كۆنگرە دەكات یان نا؟ دەنگۆی ئەوە هەیە كە گوایە لەبەر بارودۆخی بەغدا نەیەتە كۆنگرەوە. بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە پێگەی بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتیدا بەندە بە راددەی پشتیوانیی باڵەكانی دیكەوە. واتا ئەوانن كە بڕیار لە چارەنووسی دەدەن. لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندا كەسی ئەوتۆی دەرنەچووە و بێ پێگەیە. بەڵام سێ باڵەكەی دیكە پێویستیان بەوەیە كە بۆ داهاتوو لەسەر كەسێك رێكبكەون پەسەندی هەمووان بێت. دابنرێت، نەك هەڵبژێردرێت! ئەوكاتە لادانی ئاسان دەبێ.
 
رەنگبێ گەورەترین هەڵەی سیاسیی دكتۆر بەرهەم ئەوە بووبێت كە بەبێ حیزب گەڕایەوە ناو یەكێتی، بۆیەشە ئێستا پتر لەوەی یەكێتی پێویستی بەو بێت، ئەو پێویستی بە یەكێتییە، ئەوەش وا دەكات چارەنووسی سیاسیی خۆی لە گرەوی رێككەوتنی باڵەكاندا ببینێتەوە، نەك ئەوەی ئەو بەشێكی كاریگەر بێت لە هاوكێشەكان.
 
بەپێی رێككەوتنی رانەگەیەنراو (ئەگەر لە كەشوهەوای كۆنگرە حەماس نەیانگرێ و تێكینەدەن) وا بڕیارە هەر رۆژی یەكەمی كۆنگرە هەموو شتێك ببڕێتەوە. ئەگەرچی هێشتا دیار نییە وەك كۆنگرەی سێ و دوو كە سندووقەكان بۆ ماوەی دوو هەفتە دەبرانە ماڵی مام جەلال و لە شوێنێكی ئەمین! هەژمار دەكران، هەمان رێوشوێن دەگرنەبەر یان نا، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەبێ بە سەرۆكی ئەنجوومەنێك كە دەسەڵاتی ڤیتۆی بڕیارەكانی دەبێت، بەرهەم ساڵحیش دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی، وەك سەرۆك دیاری دەكرێت و چەند یاریدەدەرێكی بۆ دادەنرێ كە لە بنەڕەتدا ئەوان حزبەكە هەڵدەسووڕێنن. بەرهەم ساڵح لە بەغدا دەبێتە واجیهەی یەكێتی و پاڵپشتیی دەكرێ بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆككۆمار، لە هەڵبەز و دابەزی سیاسەتەكانی داهاتووی یەكێتیش بەرامبەر بە پارتی، رۆڵی جارانی مەلا بەختیار دەگێڕێت.
 
ئەڵبەتە بەرهەم ساڵح تاكە سیاسیی لاوازی ناو یەكێتی نییە و بگرە ئەوانەی دەكەونە دەرەوەی هاوكێشەی بنەماڵە، پارە، چەك و لێهاتوویی، یان ئاوت دەبن، یان بەوە رازی دەبن كە بۆیان دیاری دەكرێ.
 
عیبرەت لە دەرماڵەدایە!
 
(3)
نزیكەی 53 لەسەدی ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە وەكو مووچە لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت، بریتییە لە دەرماڵە. پتر لە 20 جۆری دەرماڵە بە یاسا رێكخراوە و نزیكەی 10 جۆریشی هەیە كە بە تەعلیماتە. ئینجا خۆشییەكەی لەوەدایە كە كاتێ ئەنجوومەنی وەزیران رەشنووسی یاسای چاكسازی لە مووچە، دەرماڵە و خانەنشینی راگەیاند، هەر حزبە و لەلای خۆیەوە كەوتەخۆ و خۆی بە پارێزەری دەرماڵە ناساند! رەشنووسی یاساكە دوور و نزیك پەیوەندی بەو یاسایەوە نییە كە لەسەردەمی كابینەی هەشت رەوانەی پەرلەمان كرا و سەرۆكی پەرلەمان ڤیتۆی كرد. لەوێ مەزەندە كرابوو كە چ بڕە پارەیەك بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، بە واتایەكی دیكە پلانێكی خێرا بوو بۆ كەمكردنەوەی خەرجی. ئەوەی ئێستا زیاتر رووی لە داهاتووە، بێ دەستنیشانكردنی داهات و، پێدەچێ زیاتر بۆ كەمكردنەوەی گوشار بێت لەسەر شەریكەكانی پارتی لە حوكمڕانیدا، بەڵام ئەوە هیچ لە ئەسڵی نییەتی پارتی لە چاكسازیی ریشەیی لە كوردستاندا ناگۆڕێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand