Draw Media

یاسایى رێكلام و بێ ئاگایى په‌رله‌مانى كوردستان

یاسایى رێكلام و بێ ئاگایى په‌رله‌مانى كوردستان

2019-12-16 07:35:27


سه‌رتیپ قه‌شقه‌یى
 

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه‌، 16ى كانونى یه‌كه‌م، په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگ له‌سه‌ر پێشنیازه‌ یاسای (رێكلامی بازرگانی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق) بدات، ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ له‌ ئێستادا هیچ ئه‌همیه‌تى نه‌ماوه‌ و یاساكه‌ ده‌توانێت ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى دیاریكراو كه‌ رێكخستنى رێكلامى بازرگانییه‌ له‌ ( ته‌له‌فیزۆن و رۆژنامه‌و رادیۆ) ڕۆڵى خۆى بگێرێت. ده‌ركردنى ئه‌م جۆره‌ یاسایه‌ له‌كاتێكدایه‌ لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى و په‌رله‌مانى كوردستان بێ ئاگان له‌وه‌ى له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى (میدیاى نوێ و مۆبایلى زیره‌ك) كۆنتڕۆڵ و رێكخستنى رێكلامى بازرگانى له‌ ئێستادا له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان زۆر قوڕسه‌، هه‌ركه‌سێك بیه‌وێ ئه‌و بابه‌ته‌ قه‌ده‌غكراوانه‌ى كه‌ ئه‌وان له‌ یاساكه‌دا شوێنیانیان كردۆته‌وه‌، له‌ رێگه‌ى مۆبایلى زیره‌كه‌كه‌ى ده‌ستیه‌وه‌، یاخود میدیاى نوێوه‌ بازارسازى بۆ بكات به‌بێ هیچ چاودێریكردن و سانسۆرێك.
جگه‌ له‌وه‌ى خودى پڕۆژه‌ یاساكه‌ كه‌ م و كوڕى و هه‌ڵه‌ى تێدایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و یاسا ته‌نها ده‌وانێت به‌شێكى كه‌م له‌ رێكخستن بۆ رێكلامى بازرگانى ئه‌نجامبدات ، كه‌واته‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌ركردنى ئه‌و یاسایه‌ ئه‌هه‌میه‌تى زۆرى نییه‌ و گشتیگریش نییه‌.
قسه‌كردنیش له‌سه‌ر رێكلام و بازارسازى له‌ میدیاى نوێ و مۆبایلى زیره‌ك پشت ئه‌ستووره‌ به‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌و زانیارى و توێژینه‌وه‌ى زانستى تازه‌ و نوێ.
ئێستا ژمارەی بەكارهێنەرانی مۆبایل لە جیهاندا بە شێوەیەكی بەرچاو لە گەشەكردن و زیادبووندایە، لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەم ئامێرە لە ژمارەی دانیشتوانی سەر زەمین پترە، لەگەڵ پەرەسەندنی ئامێری مۆبایل ئەم ئامێرە وای لێ هاتووە كە هەر تەنها ئامێرێكی پەیوەندیكردنی دەنگی نییە، بەڵكو وا بەكاردێنرێ وەك ئامێری كۆمپیوتەر لە دیاریكردنی وادە، وەرگرتنی پۆستی دەنگی، كردنەوەی ئەنتەرنێت؛ هەروەها ئەمێرەكانی مۆبایل یەكێن لە هۆكارەكانی ڕیكلام بە تایبەتی كە ڕیكلام بە ئەركێكی كۆمەڵگەیی دەژمێردرێت لەلای كۆمەڵگە سەرمایەدارییەكان لە وڵاتانی ئەوڕووپی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، زۆربەی ئەمریكییەكان بڕوایان وایە كە ئەوەی لە ڕیكلامەكان دەستیان دەكەوێت زۆر زیاترە لەوەی لەدەستی دەدەن (مكاوی ٢٠٠٨، 87).
ڕیكلامە بازرگانیەكان لە بواری ژینگە و پڕۆژەی ئازاد دا دەبووژێنەوە، كە پێویستیان بەو پڕۆژە ئابووریانەیە بەندن بە بازاڕاوە، تاكو ڕیكلام لە بازرگانییە سەركەوتوو بێت كە كاڵا خزمەتگوزاری گرتۆتەخۆ بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیكلام و بازاڕ پێدان بۆ نانەوەی هۆشیاریی بەكاربەرانە و پڕ فرۆشتركردن (ماكفیل 2012، 454). قەبارەی ڕیكلامەكان لە جیهاندا بایی نزیكی ٨٠٠ ملیار دۆرلار دەخەمڵێنرێت، ڕیكلامەكان لەڕێی ئەنتەرنێەوە كەمتر لە ١٠٠ملیار دۆلارە، وا بڕوادەكرێ كە پتر لە ٥٠%ـی كۆی بەهای ڕیكلام بۆ ئینتەرنێت دەچێ لەم پێنج ساڵەی داهاتوودا (ئورورا 2019)، توێژینەوەكان ئاماژەدەكەن بەوەی بە تێپەڕینی ساڵی 2018 بەكارهێنانی ئینتەرنێت لە ڕێی مۆبایلەوە هەنگاوێ دەبڕێ و دەبێتە هاوتای كۆمپیوتەر، لە ئێستادا سێ یەكی دانیشتوانی جیهان ئەنتەرنێت بەكاردێنن، لەوانیش (٢.٣٣) ملیاریان پەیوەندیی بە ئەنتەرنێتەوە دەكەن لە ڕێی كۆمپیوتەرەوە كەچی (١.٢) ملیار مۆبایل بەكاردێنن بۆ پەیوەندییكردن بە ئینته‌رنێت (لێكۆڵینەوەیەک 2017).
بۆیە ئاژانسەكانی ڕیكلام و كڕیارەكانی ڕوویان كردۆتە ئەم گەشەی بەكارهێنانی مۆبایل، ئەمەش بووە هۆی كۆچكردنی ڕیكلام لە دامەزراوە كلاسیكییەكانەوە بۆ كەناڵە نوێیەكانی ڕاگەیاندن بە تایبەتی مۆبایل، لێكۆڵینەوەیەك دامەزراوەی توێژینەوەكانی Gartner بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی داوە بەوەی داهاتی ڕیكلامە جیهانییەكان لەسەر مۆبایلە زیرەكەكان دەگاتە ١١.٤ملیار دۆلار لەم ساڵ، كە زیاترە لە ٩.٨ملیار دۆلاری ساڵی ڕابردوو (عوده‌ 2018، 34) ، بەمەش پیشەسازی ڕیكلامی چاپكراو كاریگەر دەبێ بە گەشەی ڕیكلامی ژمارەیی.
ڕیكلامی مۆبایل: بریتیە لەم ڕیكلامانەی كە كۆمپانیاكانی مۆبایل نمایشی دەكەن وێرای ئەم ڕیكلامانەی لە ڕێگەی سایتەكانەوە بڵاودەكرێنەوە، ئەم ڕیكلامانە دەگەنە دەستی بەكارهێنەران لە ڕێگەی شاشەی ئەو مۆبایلە زیرەكانەی بەستراونەتەوە بە پڕۆتۆكۆلی لەگەڵ Wap ئینتەرنێت (wikipedia 2015).
رێكلامى ئه‌لیكترۆنى بریتییه‌ له‌ بازاڕگه‌رى كه‌لوپه‌له‌كان له‌ رێگاى تۆڕى ئینته‌رنێت،ئه‌مه‌ له‌ رێگاى په‌خش كردنى كاڵاكان له‌ ئینته‌رنێت. كه‌ پرۆسه‌ى كرین و فرۆشتن هه‌ر له‌ رێگاى ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌كرێ، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا تۆڕى ئینته‌رنێت فراوانبونێكى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌روه‌ها به‌كارهێنه‌رانی ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ زیادبوندان چاڵاكى ریكلام له‌سه‌ر تۆرى ئینته‌رنێت له‌ گه‌شه‌كردنى به‌رده‌وامدایه‌، قه‌باره‌ى ئه‌م چاڵاكیه‌ له‌ زیادبوونه‌ ساڵ له‌ دواى ساڵ به‌شێوه‌یه‌كى خێرا ژماره‌ى دامه‌زراوه‌كان له‌ زیادبوونن كه‌ ریكلام بۆ كه‌لوپه‌ل و كاڵاكانیان له‌سه‌ر تۆڕى ئینته‌رنێت بڵاوده‌كه‌نه‌وه (شمت 2010، 124) ‌. بڕیارى كرین له‌ رێگه‌ى ئینته‌رنێت بریتیه‌ له‌ زانینى سروشتى ره‌فتار له‌رێگه‌ى ئینته‌رنێت پێویسته‌ بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان بۆ زانینى چۆنیه‌تى پێشكه‌شكردنى كاڵاكان له‌ رێگه‌ى ئینته‌رنێت، بیردۆزى ره‌فتارى به‌كاربه‌ر له‌ رێگه‌ى ئینته‌رنێت هیچ جیاوازیه‌كى نیه‌ له‌گه‌ل ره‌فتارى به‌كاربه‌ر له‌ رێگه‌ى ئامرازه‌كانى تر (فاره‌ 2004، 115).
سۆشیال میدیا باشترین رێگه‌ بۆ دروستكردنى بزنسێكى تازه‌، باشترین كه‌ناڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێكلامى لێبكه‌یت، به‌پێى ماڵپه‌رى ستاتیستا ( statista) له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2018، 3 ملیار و 400 ملیۆنیان به‌كارهێه‌رى سۆشیال میدیا بوون.
كه‌ناڵه‌كانى سۆشیال میدیا جیاواز كه‌ میتۆدى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ به‌ ناوبانگترینیان ( ئینستاگرام، لینكت ئین، تویته‌ر، ویچات، وه‌تسئاب، یوتیوب، فه‌یسبوك، ڤایبه‌ر، ته‌له‌گرام هتد...).
به‌ بازاركردن له‌ رێگه‌ى فه‌یسبووك باڵاده‌سترین و كاریگه‌رترین پلاتفۆرمى سۆشیال میدیایه‌، كه‌ زیاتر له‌ 2 ملیار و 230 كه‌س به‌ كارهێنه‌ریه‌تى، هۆكارى پێشوازیكردن له‌ رێكلامى فه‌یسبوك خێرایى و گه‌یشتن و ئاسانى بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كه‌ت به‌ وابه‌سته‌ ده‌بێت به‌ كه‌ناڵه‌كانى دیكه‌ى سۆشیال میدیا.
كه‌واته‌
* زۆربوونى ژماره‌ى به‌كارهێنانى ئینته‌رنێت له‌ لایه‌ن به‌كارهێنه‌ران له‌ سه‌ر ئامێره‌كانى مۆبایلى زیره‌ك و به‌كارهێنانى هه‌موو جۆره‌كانى ئه‌پڵیكه‌شنه‌كانى مۆبایلى زیره‌ك و سۆشیال میدیا، ریكلام و به‌ بازاركردنى ئۆنلاینى به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو زیادكردووه‌.
*ئه‌م جۆره‌ ریكلام و به‌ بازاركردنه‌ له‌ رێگه‌ى مۆبایلى زیره‌كه‌وه‌ شوێنى به‌ رێكلامكردنى كلاسیكى له‌ق كردووه‌.
*به‌هۆى ئه‌و زیادبوون خێرایه‌ له‌ بوارى ریكلام و به‌ بازاركردنه‌ ملیۆنان كه‌س له‌سه‌رانسه‌رى جیهان هه‌لى كاریان بۆ ره‌خساوه‌ و ده‌توانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ داهات به‌ ده‌ستبهێنن.
*ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوو رێكلامكردن پێویست بوو له‌ رێگه‌ى كۆمپانیایه‌كى دیاریكراو، یاخود میدیایه‌ك بڵاوبكرێته‌وه‌ ئێستا ده‌توانیت له‌ ماڵ و شوێنى كاره‌كه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌یت.
* له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى مۆبایلى زیره‌كان جۆر و شێوازى رێكلامكردن گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه‌.
*ریكلامه‌كانى ئینته‌رنێت كاریگه‌ریى باشیان له‌سه‌ر ره‌فتارى به‌كاربه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هانیان بدات بۆ كرینى كاڵا و بابه‌ته‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ نێو نه‌وه‌ى نوێدا.
* ریكلامى ئه‌لیكترۆنى و رێكلامى مۆبایل له‌ باشترینى ئه‌و جۆرانه‌ن كه‌ به‌كاربه‌ر به‌ لایه‌وه‌ گونجاوه‌.
*ئاسانى له‌ به‌كارهێنان و به‌رده‌ستى ئینته‌رنێت و مۆبایل و پێشكه‌شكردنى زانیارى پێویست له‌ باره‌ى كاڵا و بابه‌ته‌كان دوو هۆكارى كاریگه‌رن بۆ گرنگیدان به‌ رێكلامى ئینته‌رنێت و مۆبایلى زیره‌ك.

 

*توێژه‌رى میدیاى

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand