یەكێتی و فرەیی ناوەندی بڕیار
2019-12-15 18:22:05
عەدنان عەلی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەمتر لە هەفتەیەكی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەو كۆنگرەیەی كەبڕیارە ئەنجامی بدات, هەرچەندە بەلێكدانەوەی دۆخی ناوخۆی حزبەكەو رووداو و پێشهاتەكان هێشتا ئەگەری سازنەكردنی كۆنگرە ئەگەرێكی كراوەیە, بەڵام ئەو حزبە كۆنگرە دەكات یاخود نایكات, هەیكل و پێكهاتەی حزبەكە دەگۆڕێت یاخود وەكو خۆی دەمێنێتەوە, كێ دەبێتە بەرپرسی یەكەم و كیێ دەچێتە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی, ئاڵوگۆڕو پرۆسە ئۆرگانیەكانی ناو حزبەكە چۆن دەبێت و چی لێدێت, هەموو ئەو پرسانە بابەتی ناوخۆیی حزبین, بەڵام ئەوەی جێی بایەخ و هەڵوەستەكردنە بۆ هاونیشتمانیان شێواز و میكانیزمی بڕیاردان و ئاراستەی سیاسی یەكێتیە.
كێشەی فرەیی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی دا لە دوای فەراغی تاڵەبانی و بە دیاریكراوی لەساتی نەخۆشكەوتنی لە 17/12/2012 ەوە دووچاری بووە, ئەوەش ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوبوو, چونكە مام جەلال تەنها كەسی یەكەم و سكرتێری یەكێتی نەبوو بەڵكو خاوەنی حزبەكەبوو, بەتایبەتی دوای دوركەوتنەوەی نەوشیروان مستەفا و دواتریش جیابونەوەی باڵی ریفۆرم و دروستبوونی گۆڕان ئیتر ئەم حزبە بەتەواوەتی بۆ تاڵەبانی یەكلایی بوەوە, دوای مردنیشی بێگومان ئەبێ چاوەڕوانی ئەوەبیت خاوەندارێتی حزبەكە بۆ "وارسە شەرعیەكانی" تاڵەبانی بمێنێتەوە نەك كەسێكی تر, راستە تائێستاش ئەو بنەماڵەیە ئاستەنگیان لەبەردەوامدایە بۆ ئەوەی قسەی یەكەم و كۆتایی بكەن, بەڵام ئەمەش كەوتۆتە سەر كات و پێشبینی ئەوە ناكرێت بۆ ئایندە ئەم ئاستەنگانە بمێننەوە.
زانیارییە میدیاییەكان باس لەوەدەكەن لە هەڵبژاردن و دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە زۆرینە لە لایەنگرانی بنەماڵەی مام جەلال-ن, بەبڕوای من ئەمە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە, هۆكارێكیان: ئەو حەقیقەتەیە كە لە سەرەتاوە ئاماژەم پێكردووە, ئەو حزبە هی ماڵی مام جەلالەو ئەمڕۆ بێت یاخود سبەی هەر ئەوان خاوەنداری دەكەن و لوتكەی دەسەڵات لای ئەوان ئەبێت, كادرو ئۆرگانەكانیش باش دركیان بەو راستیە كردوەو هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ بە بنەماڵەییبوونی حزبەكەیان نیەو زیاتر لەوەش بە ئاشكرا بەرگری لێ ئەكەن, پرۆسەی تەوریسی سیاسیش تەنها یەكێتی نەگرتۆتەوە بەڵكو لە هەرێمی كوردستان خەریكە بە بنەماڵەیی بوونی حزبەكان لە عەیبە دەردەچێت و دەبێتە مۆدێل. هۆكارێكی تریان: لە دوای فەراغی تاڵەبانیەوە پاسەوانە كۆنەكان ئەم حزبەیان بەشوێن ئاراستەو ئەجێندای سیاسی پارتی و بارزانی نەیاری تەقلیدییان دا بردوەو ژمارەیەكیشیان خۆیان ئاشكرا كردو پشتیان لە مێژووی 40 ساڵەی خۆیان و حزبەكەشیان كرد و چونە ناو پارتی, ئەمەش سەرباری ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتیەكاندا بەزیان بۆیان شكاوەتەوە, هاوكات پێچەوانەی خواستی رێكخستنەكانیان بووەو هەر رەوتێكیش پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە هاتبێتە دەنگ لەلایەن قاعیدەی جەماوەری حزبەكەوە پێشوازی لێكراوە, بۆیە لە كاتێكدا لەناو بنەماڵەی تاڵەبانیەوە وەكو نوێنەرایەتی ئەنتی بارزانی جوڵە دەكرێت, ئەبێ پێشبینی ئەوەش بكەیت لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكاندا لە پێشەوە بن.
سەرباری ئەوەش رەنگە زووبێت پێتوابێت لەم كۆنگرەیەدا زۆرینە و كەمینە پرسەكان یەكلایی بكاتەوە, چونكە جەمسەر و ئاراستە جیاجیاكان تائێستاش توانیویانە ململانێی یەكتری بكەن, بۆیە بێ تەوافوقی پێشوەختە ئاستەمە كۆنگرەیەكی بێكێشە بكرێت.
وەك چۆن زۆرینەو كەمینە تاكە میكانیزمی بڕیاردان نیە, هاوكات پێشبینی ناكرێت ئەم كۆنگرەیەش فرەیی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی چارەسەر بكات, بەڵام مانەوەی بەو شێوەیە جێكەوتی لەسەر دۆخی سیاسی كوردستان و ژیانی هاوڵاتیان باش نابێت و تا درێژە بكێشێت كاریگەرییەكانی قوڵتر و خراپتر ئەكەوێتەوە.