Draw Media

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

2019-12-11 10:10:16


ساڵح ژاژڵه‌یی
به‌شی‌ دووه‌م 
ئایا سه‌رهه‌ڵدانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان کاردانه‌وه‌ بوو یان به‌رنامه‌و بڕیاری‌ پێش وه‌خت؟
ئێستا کاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ وه‌ڵامی‌ سه‌ردێڕی‌ بابه‌ته‌که‌م بده‌مه‌وه‌ که‌ به‌م پرسیاره‌ ده‌ست پێده‌کات: ئایا سه‌رهه‌ڵدانی‌ یان با بڵێین دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان کاردانه‌وه‌ بوو یان به‌رنامه‌و بڕیاری‌ پێش وه‌خت؟ له‌ راستیدا پێکهێنانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌لایه‌ن ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ نه‌ بڕیار و نه‌ به‌رنامه‌ی‌ پێش وه‌خت بوه،‌ ته‌نها کاردانه‌وه‌ بوه‌و ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی‌ سه‌رنه‌که‌وتنی‌ به‌ره‌ی‌ ریفۆرمه‌وه‌ که‌ خۆی‌ به‌رنامه‌ داڕێژه‌ری‌ بوو، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌ری‌ هه‌ڵداو دروست بوو.
 ئه‌گه‌ر ریفۆرم سه‌ربکه‌وتایه‌. نه‌ کاک نه‌وشیروان له‌ یه‌کێتی‌ جیا ده‌بۆوه‌و نه ‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش دروست ده‌بوو. هه‌ر وه‌کو له‌ به‌شی‌ یه‌که‌می‌ ئه‌م باسه‌دا ئاماژه‌م بۆ کرد کاک نه‌وشیروان زۆر بێ ئومێد ببو له‌ یه‌کێتی‌ به‌ هۆکاری‌ یه‌که‌م: پێی وابو بونی‌ به‌ڕێز مام جه‌لال به‌ سه‌رۆک کۆمار مانای‌ وایه‌ له‌ ناو یه‌کێتیدا شوێنی‌ پێ له‌ق ده‌کرێت و هیچی‌ به‌ قسه‌ ناکه‌ن. چونکه‌ زۆرینه‌ی‌ به‌رپرسه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان ده‌بنه‌ لایه‌نگری‌ مام جه‌لال و ئه‌و چی بڵێت ئه‌مان ئه‌وه‌ ئه‌که‌ن و ئه‌ویش په‌راوێز ده‌کرێت.
دووه‌م: نه‌فه‌س کورتی‌ و زوو تۆران و کورد واته‌نی‌ که‌م چیکڵدانی‌ بوو. واته‌ نه‌یتوانی‌ له‌ناو یه‌کێتی‌ بمێنیته‌وه‌و قاچ بچه‌قێنێت. له‌ کاتێکدا به‌ڕێزیان هه‌میشه‌ خاوه‌نی‌ سه‌نگ و قورسایی خۆیان بون و پشتیوانی‌ زۆریان هه‌بو له‌ناو یه‌کێتی‌ و جه‌ماوه‌ریشداو کاک نه‌وشیروان پارویه‌کی‌ ئاسان نه‌بوه‌ بۆ قوتدان. به‌ڵام پێ ئه‌چێت ئه‌م خۆی‌ بڕوای‌ به‌ خۆی‌ نه‌مابێت. 
سێیەم: هەمیشە کاریزمایی کەسایەتی مام جەلال، نەوشیروانی دەخستە سێبەرەوە و نەیدەهێشت سنوری پلەبەندی حیزبی ببەزێنێ.
به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ کاک نه‌وشیروان له‌ یه‌کێتی‌ جیابۆوه‌ و له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی‌ کۆمپانیای‌ وشه‌ی‌ دامه‌زراند. به‌ تێپه‌ڕبونی‌ کات هێواش هێواش زه‌مینه‌ی‌ له‌ دایکبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هاتەکایەوە. ده‌رئه‌نجام به‌ هۆی‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ جارێکی‌ تر کاک نه‌وشیروان له‌ شکسته‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ستانه‌وه‌ هه‌نگاوی‌ گه‌وره‌ی‌ ناو جارێکیتر بۆوه‌ به‌ ژماره‌یه‌کی‌ گه‌وره‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستاندا، ئه‌وه‌ش بوو به‌ ده‌سکه‌وتێکی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ بۆ خودی‌ خۆی‌ به‌ ته‌نیا.  به‌ کورتی‌ هۆکاری‌ سه‌رهه‌ڵدان و دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ماوه‌یه‌کی‌ زۆر کورتدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م هۆکارانه‌ی‌ خواره‌وه‌:
1- خودی‌ که‌سایه‌تی‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا فاکته‌رێکی‌ گرنگ بوو بۆ گه‌شه‌کردن و گه‌وره‌ بونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان. چونکه‌ کاک نه‌وشیروان که‌سایه‌تییه‌کی‌ سیاسی‌ به‌ناوبانگ و شاره‌زا و ناسراوی‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان بوو. رابوردویه‌کی‌ پاکی‌ هه‌بوو. هه‌میشه‌ جێی متمانه‌ی‌ هاوڕێکانی‌ و جه‌ماوه‌ر بو. یه‌کێک بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی‌ یه‌کێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان. کاک نه‌وشیروان به‌ ئه‌ندازیاری‌ راپه‌ڕینه‌کانی‌ 1991 ئه‌ناسرێت که‌ سه‌روه‌رییه‌کی‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌و. ئه‌مانه‌ بونه‌ هۆکاری‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆر به‌ خێرایی جه‌ماوه‌رێکی‌ زۆر له‌ ده‌وری‌ کۆببنه‌وه‌ به‌ ئومێدی‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕانکاری‌ سیاسی‌ روبدات.
2- ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵکی‌ کوردستان له‌ هه‌ردوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌به‌رنه‌بونی‌ عه‌داله‌تی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌. گه‌نده‌ڵی‌ و به‌ هه‌ده‌ردانی‌ سامانی‌ نیشتمانی‌. نه‌بونی‌ موئه‌سه‌ساتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ و نه‌بونی‌ سه‌روه‌ری‌ یاساو ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزبی‌ له‌ داموده‌زگاکانی‌ حکومه‌تدا ئه‌مانه‌و زۆر شتی‌ تریش هۆکاری‌ گه‌وره‌ بون بۆ گه‌شه‌کردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ماوه‌یه‌کی‌ زۆر کورتدا.
3- پشتگیری‌ کردنی‌ ژماره‌یه‌کی‌ زۆر لە سەرکردە و فەرماندە و کادرو تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کانی‌ یه‌کێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان به‌ڕێز‌ کاک نه‌وشیروان خۆیی و به‌رنامه‌که‌ی و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان. که‌ خاوه‌نی‌ که‌سایه‌تی‌ و جه‌ماره‌رو هێزبون.
4- پشتگیری‌ کردنی‌ میدیای‌ ئازاد و رۆشنبیران و که‌سانی‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست له‌ بزوتنه‌وه‌که‌. له‌ راستیدا میدیای‌ ئازاد پێش دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان کاریگه‌رییه‌کی‌ یه‌کجار گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو. هه‌میشه‌ قسه‌ی‌ خۆیان هه‌بوه‌و بێده‌نگیش نه‌بون له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ خراپی‌ هه‌ردوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار.
5- پشتگیری‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌کان له‌ روی‌ مادیه‌وه‌ کاریگه‌ری‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو بۆ گه‌شه‌کردنی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبونیه‌وه‌.
6- پشتیوانی‌ کردنی‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌کان له‌ بزوتنه‌وه‌که‌ وه‌کو پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و ئاسایش له‌ کاتی‌ ده‌نگداندا، کاریگه‌ری‌ زۆر ئه‌رێنی‌ و به‌ نرخی‌ هه‌بوو وه‌بووه‌ پشتیوانێکی‌ گه‌وره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که‌.
7- هه‌ڵوێستی‌ ئازایانه‌و نه‌ترسی‌ هه‌ڵسوڕاوانی‌ گۆڕان له‌ ده‌ستنیشان کردنی‌ هه‌ڵه‌و که‌موکورتییه‌کانی‌ ده‌سه‌ڵات و عه‌یب و عاره‌کانیان. بەڵام‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌یان بوه‌هۆی‌ سزادانی‌ هه‌ڵسوڕاوه‌کان و نانبڕینیان، هه‌رچه‌نده‌ دواجاریش بزوتنه‌وه‌که‌ وه‌ک پێویست به‌ده‌نگیانه‌وه‌ نه‌چوو. لێی نه‌پرسینه‌وه‌و پاداشتی‌ نه‌دانه‌وه‌.
8- پشتیوانی‌ خه‌ڵکی‌ بازاڕ و خوێندنگا و فه‌رمانگه‌و ئه‌هلی‌ مزگه‌وته‌کان له‌ بۆچون و دروشمه‌کانی‌ گۆڕان. بایه‌خی‌ زۆر گرنگی‌ هه‌بوو.
9- گرنگیدان به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ لایه‌ن سه‌فیر و قونسلی‌ وڵاتانه‌وه‌و سه‌ردانی‌ کردنی‌ به‌رده‌وامیان بۆ گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ بایه‌خ و گرینگی‌ خۆی‌ هه‌بو. چونکه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌وانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی‌ ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانییه‌کی‌ گه‌وره‌بوو بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.
 لێره‌دا جێی خۆیه‌تی‌ بپرسن ئه‌ی‌ بۆچی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌و خێراییه‌ ئه‌م هه‌موو ده‌سکه‌وتانه‌ی‌ له‌ ده‌ستداو پاشه‌کشه‌ی‌ کرد؟ ئێستا کاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ باسی‌ هۆکاره‌کان و شکست و پاشه‌کشه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بکه‌ین: 
1- کاک نه‌وشیروان هه‌میشه‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ نه‌ حیزب و نه‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر خاوه‌نی‌ موئه‌سه‌ساتی‌ باش نه‌بن و کارو باره‌کانیان به‌ باشی‌ رێکنه‌خه‌ن و نه‌یخه‌نه‌ سه‌رسکه‌ی‌ خۆی،‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌نن و دواجار روبه‌ڕوی‌ شکستی‌ گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌بوو کاتێ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان زۆر گه‌شه‌ی‌ کرد و بوو به‌ خاوه‌نی‌ 500 هه‌زار دەنگدەر . نه‌خاوه‌نی‌ هیچ دامو ده‌زگایه‌ک بوو. نه‌ هیچ هه‌وڵێکیش هه‌بوو بۆ به‌ دامه‌زراوه‌یی کردنی  بزوتنه‌وه‌که‌.
 وه‌کو ده‌ریشکه‌وت کاک نه‌وشیروان نەیدەویست‌ بزوتنه‌وه‌که‌ بکاتە دامەزراوە . له‌وه‌ ئه‌چێت هه‌ر به‌ته‌مای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو یه‌کێتی‌ و خوڵکی‌ مام جه‌لال بوبێت و نمایشی‌ دروستکردنی گۆڕانیشی‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌بوبێت. یان وای‌ بیرکردۆته‌وه‌  به‌ دامەزراوه‌کردنی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیی و دوا رۆژی‌ نه‌وه‌کانی‌ نه‌بێت، چونکە ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌ به‌ دامەزراوه‌یی بکرایە کوڕه‌کانی‌ نه‌ده‌بون به‌ خاوه‌نی‌ میراتی‌ گۆڕان.
یه‌کێک له‌ کێشه‌کانی‌ کاک نه‌وشیروان له‌گه‌ڵ کاک عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود و کاک قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو. له‌ راستیدا ئه‌وان داوایان ده‌کرد با گۆڕان بکرێـته‌ حیزبێکی‌ موئه‌سه‌ساتی‌ و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌ ئاوا به‌ هه‌ڕه‌مه‌کی‌ ناتوانرێت سه‌رپه‌رشتی‌ بکرێن. 
 ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ هەر لەسەرەتاوە تێبینی‌ زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوره‌ی‌ که‌ کاک نه‌وشیروان خۆی‌ داینابوو، به‌ڵام کاک نه‌وشیروان ئاماده‌ نه‌بوو قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بکات بۆ چاککردنی‌. وه‌کو دواییش ده‌رکه‌وت چه‌ند که‌موکورتی‌ تێدایه‌. کاک نه‌وشیروان ویستی‌ به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ که‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێت و ئه‌وه‌بو ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ پاش هەوڵێکی زۆر دواجار نائومێدبون و وازیان له‌ بزوتنه‌وه‌که‌ هێناو ئه‌میش ده‌ربه‌ستییان نه‌بوو. 
2- هه‌مومان ئه‌زانین کاک نه‌وشیروان که‌سایه‌تییه‌کی‌ سیاسی‌ و روشنبیرێکی‌ زۆر گه‌وره‌ بوه‌ پیاوێکی‌ خاوه‌ن ستراتیج و لێزان بوو. له‌ کاتێکدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌وپه‌ڕی‌ به‌ هێزیدا بوو. خاوه‌نی‌ 500 هه‌زار گۆڕانخوازو دەنگدەر بو،لایه‌نی‌ رۆشنبیری‌ و په‌روه‌رده‌ی حیزبی و سیاسی‌ به‌ لای‌ ئه‌وه‌وه‌ زۆر گرنگ و پێویست بوه‌ و له‌ هه‌مان کاتیشدا ده‌یان و سه‌دان مامۆستای‌ زانکۆ و که‌سانی‌ روشنبیر له‌ ده‌وری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان کۆببونه‌وه‌و هه‌موشیان خۆبه‌خش بون، به‌ڵام بۆچی‌ بیری‌ نه‌کرده‌وه‌ به‌رده‌وام خولی‌ پێگه‌یاندن و هوشیار کردنه‌وه‌ بکاته‌وه‌ بۆ گۆڕانخوازان بۆئه‌وه‌ی‌ به‌ باشی‌ په‌روه‌رده‌و ئاماده‌بکرێن؟
هیچ به‌هانه‌و پاساوێک بۆ ئه‌نجام نه‌دانی‌ ئه‌مه‌ نییه‌و زه‌مینه‌ش زۆر له‌بار بوه‌و شوێن و رێگاو ئیمکانیه‌تیش له‌به‌ر ده‌ستدا بوه‌. ده‌بوو هه‌نگاوی‌ یه‌که‌می‌ به‌رنامه‌ دانان بوایه‌ بۆ پێگه‌یاندنی‌ نه‌وه‌یه‌کی‌ رۆشنبیر به‌ هزری‌ سیاسی‌ و نه‌ته‌وه‌ی و هه‌ر له‌و رێگایه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت بۆ ئه‌نجامدانی‌ گۆڕانکاری‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان. به‌ڵام سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دابوو که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌لای‌ ئه‌مه‌دا نه‌چوو. ئه‌مه‌ پرسیاره‌و وه‌ڵامی‌ ئه‌وێت. تۆ بڵێی ئه‌و به‌ڕێزه‌ جه‌ماوه‌ری‌ بێ ئاگا و سیاسی قەرسیلخۆری‌ پێ باشتربوبێت له‌ جه‌ماوه‌ر و کادری وریاو رۆشنبیر؟ گومانی‌ تێدا نییه‌ که‌ ئیداره‌دانی‌ کەسانی بێ ئاگا ئاسان و بێ سەرئێشەیە. 
3- هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ کۆمپانیای‌ وشه‌وه‌ کێشه‌و قسه‌و باس له‌سه‌ر خاوه‌ن دارێـتی‌ کۆمپانی‌ وشه‌ هه‌بوو. هه‌ندێ له‌ براده‌ران وایان به‌ چاک ده‌زانی‌ که‌ کۆمپانیای‌ وشه‌ به‌ ناوی‌ که‌سێکه‌وه‌ نه‌بێت و سیغه‌یه‌کی‌ وای‌ بۆ بدۆزرێته‌وه‌ که‌ دوای‌ نه‌مانی‌ کاک نه‌وشیروان کێشه‌ دروست نه‌بێت. به‌ڵام کاک نه‌وشیروان ئه‌وه‌ی‌ قبوڵ نه‌بوو. کۆمپانیای‌ وشه‌ هه‌ر به‌ ناوی‌ خۆیه‌وه‌ مایه‌وه‌ و دواجار بوو به‌ موڵکی‌ مناڵەکانی‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بو به‌ هۆکاری‌ بێ ئومێدبونی‌ جه‌ماوه‌ر له‌ بزوتنه‌وه‌که‌. چونکە قسە و کردار پێچەوانەبونەوە و چاووڕاکراوە.
ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدابوو که‌ کاک نه‌وشیروان له‌ زوربه‌ی‌ لێدوانه‌کانیدا. چ له‌ رابوردو چ له‌ کاتی دروستبونی بزوتنەوەکەدا، جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ ده‌بێ دژی‌ به‌ بنه‌ماڵه‌کردنی‌ حیزب بوه‌ستینه‌وه‌و ده‌بێ‌ هه‌میشه‌ دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بین، به‌ڵام دواجار ئه‌مه‌ پێچه‌وانه دەرچوو.
له‌ ساڵی‌ 2003 که‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌دام نه‌ما و حکومه‌تی‌ تازه‌ دروستبوو: مام جه‌لال یه‌که‌م که‌س ئاوه‌ڵزاواکه‌ی‌ خۆی‌ کرد به‌ وه‌زیر. کاک نه‌وشیروانیش یه‌که‌م که‌س زاواکه‌ی‌ خۆی‌ کرد به‌ وه‌زیر. له‌ کاتێکدا ده‌یان که‌سی‌ تر له‌وانه‌ به‌ تواناتر و شایسته‌تر بون بکرێنه‌ وه‌زیر. لە کاتێکدا لە گردی زەرگەتە زوری بەیوەندیە دبلۆماسیەکان دروست کرا یەکەم کەس کاک حەمە تۆفیق کرا بە بەربرسی ئەو ژورە . هەموو گۆرانخوازان ئەزانن کە خراپترین ئەدای هەبوە و نەیتوانیوە ئەو پەیوەندیانە بە جۆرێک بەکار بهێنیت کە گۆران سودی لێ ببینێت . وەکو دەرکەوت خۆی کەسێکی شایستە نەبوو بۆ ئەو بوارە و بواریشی نەدا کەسانیتر ئەو کارە بکەن .
 بۆ نمونە کاک شوان قلیاسانی و سەرکۆ عوسمان کە دوو کوری شارەزاو لێهاتو و زمان زان بون نەک نەیهێشت هیچ رۆڵێک ببینن ، هەر لە ژورەکەش دووری خستنەوە . بەم بۆنەیەشەوە ئەمەتان بۆ دەگێرمەوە : کاک عادل مراد یادی بەخێر ئەو کات کە سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بوو بە هاوەڵی جەند ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەند سەردانی بارەگای جفاتی گشتی کرد. دوای دەمە تەقێ و قسەکردن کاک عادل وتی برایان پرسیارێکم لێتان هەیەو حەز دەکەم راستگویانە وەلامم بدەنەوە :
ئێمەش وتمان فەرمو : وتی ئەرێ بەراست ئەمەریکا ئیشی بە ئێوەیە ، یان ئیوە ئیشتان بە ئەمەریکایە؟. ئێمەش وتمان گومانی تێدا نییە  دەبێ ئێمە ئیشمان بە ئەمەریکا بیت . وتی ئەی کەوایە جارێک لە جاران بۆچی ئێوە دەعوەتێک بۆ وەفدی ئەو سەفارەت و قونسڵخانانە ناکەن کە سەرتان ئەدەن یان جارێک لە جاران لە کاتی دەست بەکار بونی سەفیر و قونسڵی تازە یان تەواو بونی کارەکانیان سەردانیان ناکەن و دەسکە گوڵێکیان بۆ نابەن و خولقێکیان ناکەن . 
لە درێژەی قسەکانیدا وتی : من لە بواری دیبلوماسیدا کارم کردوەو سەفیربوم ئەوەی لەسەر مێزی نان خواردن و لە کاتی قاوە خواردنەوە باس دەکرێت  لە کاتی کۆبونەوەی رەسمی باس ناکرێت .  ئێمەش وتمان ئەوە کاری ئێمە نییەو ژوری بەیوەندیە دیبلوماسیەکان بەرپرسی خۆی هەیە و ئەوە کاری ئەوە . دیارە زانیبوی هەمو جارێک کە ئەو وەفدانە دێن بو سلیمانی ، لای یەکیتی نان ئەخۆن بەراستی پرسیارەکەی سەرنج راکێش بوو. جاریکی تریش برادەرێکی ئێمە بە قونسلێکی وتبو  بۆچی سەردانێکمان ناکەن ، لە وەڵاما وتبوی بۆچی جارێک لە جاران خولقتان کردوین هەتا ئێمەش رەتی بکەینەوە .
 لە راستیدا سەردانی ئەو وەفدانە بە بەردەوامی بو لای گۆران گرنکی زۆری هەبوو ئەگەربمانزانیانە چۆن و بە چ شێوەیەک هەڵسوکەوت ئەکەین . سەردانی ئەم هەموو وەفدانە بۆلای گۆران بە ناراستەوخۆ پشتیوانی بوو لە گۆران . لە لایەکی تریشەوە یەکێتی و پارتیشی نیگەران کردبوو . بەلام بە داخەوە ئێمە پێمان وابوو ئەوان ئیشیان بە ئێمەیە وەکو کاک عادل وتی . 
لە جیاتی ئەوەی خومان هەوڵ بدەین پەیوەندی لەگەل ئەملاو ئەولا دروست بکەین ، ئەملاو ئەولا خۆیان دەهاتن بۆلامان بەلام بە داخەوە ئێمە نە کەسی شیاو و شارەزاو نە گیرفان و نە سفرەمان هەبوو. ئەم حەقیقەتانە کاک نەوشیروان خۆشی باشی ئەزانی و ئێمەش پێمان وتبو ، بەڵام کاکە حەمە هەر لە شوێنی خۆی بوو . کێی بویستایە ئەیهێنایە ژورەکەو کێشی نەویستیایە دەری دەکرد.‌ ئه‌مە نیشانه‌ی‌ به‌ بنه‌ماڵه‌کردن نییه‌؟ ئه‌ی‌ که‌واته‌ کاک نه‌وشیروان به‌ چ مه‌به‌ستێک له‌ لێدوانه‌کانیدا‌ دژی‌ بە‌ بنه‌ماڵه‌کردن بوو؟ یان هه‌ر قسه‌بوو بۆ وه‌زنی‌ شیعر. 
یه‌کێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان زۆر گه‌شه‌ی‌ کردوه‌و له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌که‌وه‌ بۆته‌ زیاتر له‌ 10 بنه‌ماڵه، ‌به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆته‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ تاقانه‌. کاتی‌ خۆی براده‌رێک که‌ ئێستا له‌ ژیاندا ماوه‌ له‌ له‌نده‌ن سه‌ردانی‌ کاک نه‌شیروانی‌ کردبوو. له‌ میانه‌ی‌ قسه‌کاندا باسی‌ خاوه‌ندارێتی‌ کۆمپانیای‌ وشه‌ کرابوو. وتبوی‌ ئه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر کردنی‌ ناوێت و هه‌ر ئه‌وه‌یه‌و موڵکی‌ خۆم و کوڕه‌کانمه‌. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand