دووگ و گەندەڵیی سیستەماتیک
2019-12-10 08:38:21
كاروان حەمەساڵح
+سەرەتا; عێراق و ڕۆژی جیهانی گەندەلی:
دوێنێ ڕۆژی جیهانی گەندەلی بوو. گەندەلیی وەک دیاردە و پرسێک هیچ بەشێکی ئەم جیهانە نیە کە بێ بەش بێت لێی، چوونکە بە پێی یەکێک لە پێناسەکانی گەندەڵی؛ هەر کردەیەک و دەستکەوتێک (ماددی بێت یان مەعنەوەی) ئەگەر لە دەرەوەی رێکاری یاسایی و دامەزراوەیی بەدەست بهێنرێت ئەوا دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵیەوە. عێراق و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی ئەم جیهانە بەشیان هەیە لە گەندەڵیدا، بەڵام چۆن بەشێک!
بە پێی دواین ئاماری جیهانیی، عێراق پلەی ١٦٨ هەمینی گرتووە لە کۆی ١٧٨ وولات، واتا تەنها ١٠ وولاتی لە پێشە تا ببێتە گەندەڵترین وولاتی جیهان، ئەمە لە کاتێکدا لە سالی ٢٠٠٣ لە پلەی ١١٣ هەمینی وولاتەکاندا بووە!
+ دۆخی گەندەڵیی و گەندەڵی سیستەماتیک لە عیراق و هەرێم بە تایبەت:
وەک بەرپرسیارێتی ئەکادیمی و پاشان نیشتیمانی، چەندین سال و لە چەندین شوێن و جێگا ئاماژەمان بەوە کردووە کە ئەم گەندەڵیەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە ئەگەر بە ئاراستەی چارەسەرکردن دەستی بۆ نەبرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە لە دوور-مەودادا زیانی گەورەتر دەدات و پێگە و ناو و ناوبانگی وولات لەکەدار دەکات، توانای مرۆیی بە هەدەر دەبات و دادپەروەری تا ئاستێکی خراپ دەهێنێتەوە خوارەوە و پاشان متمانەی نێوان حکومەت و میللەت ناهێڵێت و خۆشەویستی بۆ نیشتیمانیش کەم دەکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسیەوە.
بەڵام بە داخەوە، سەڕەرای ڕاپۆرتی زانستی وورد لە لایەن چەندین دەزگای نێودەولەتی و پاشان قسەی خێر و ڕاویژی نوسراو و ووتراو، وا دەبینین گەندەلی بەردەوام زیادی کردووە، کەمی نەکردووە. کار و ڕێژەی گەندەلی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و تەنانەت لە گۆڕانکاریش دایە لە شێوە و فۆرمی نوێدا. سەرەتا لە شێوازە سادەکانی گەندەڵیەوە دەستی پێکرد و ئەمرۆش وەک دەبینین گەیشتۆتە کۆتا قۆناغ کە لە زانستی ئابووریدا پێی دەووترێت، گەندەڵی بە سیستەمکراو (Systematic Corruption)، کە ترسناکترین
و پر زیانترین جۆرە.
ئەگەر چی جۆری تری گەندەڵیش باوە لەم وولاتە، بەڵام جۆری سیستەماتیک خۆرەیەکە کە لاشەی ووڵات دەڕزێنێت و بە جۆرێک لاوازیدەکات کە بەرگەی بچوکرتین قەیران ناگرێت و تا زیاتر بەردەوامیش بێت، زیاتر ئیرادە و ویستی چاکسازی و گۆڕانکاری و پێشکەوتن لاواز دەکات، وە تەنانەت کایەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەش بێ زیان نابن لێی.
+ بەرتیل بۆ "دووگ"، وەک بازرگانیەکی ناوازە:
هەمووان چەندین ساڵە چیرۆک و ژمارەی گەورە و قەبە دەبیستین لەسەر گەندەڵیی، دواترینیان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودابوو کە، هەموومان گوێبیستی بووین ئەویش "چالاکیەکی نوێی گەندەڵی" بوو کە دەربازکردنی "دووگ" بوو بە پارە و بەرتیل لە ڕێگای سنوورەکانەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان!
ئەم ئاستە لە گەندەلی کە پێدانی بەرتیلە بۆ بەرهەمێکی لەو جۆرە، لەوانەیە تا ڕادەیەک شۆک هینەر بوو بێت. لەوانەیە زۆربەی هاولاتیان تەنانەت هەر بیریان لەوە نەکردبێتەوە کە ئەم هەریمە ڕۆژانە دووگی پێویستە و بەرهەمی ناوخۆی دووگ بەشی پێویستی هاولاتیان ناکات!، وە لەوانەشە کەس بەخەیالیا نەهاتبێت کە دووگ ئەبێت خێر و مایەی چەندبێت وا بەرتیلی بۆ دەدرێت!
ئەی باشە کێ لە پشت ئەم بازرگانیە ناوازەیە؟
بۆ ناتوانرێت بەر بە گەندەڵی لەم بازرگانیەدا بگیرێت؟
سەڕەرای هەموو ئەوانەش، پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە:
دامو دەزگاکان بۆ دەم و دەست لێی نایەنە جواب و هەنگاوێکی لە دژ نانێن؟
بۆ وەلامێکی روون و کردارێکی دروست ناگیرێتە بەر و بەری پێ ناگیرێت؟
بۆ دەستخستنی وەڵامەکانی ئەو ئەو پرسیارانە، دیارترین نیشانە و سیفاتەکانی "گەندەڵی سیستەماتیک" دەخەینە ڕوو، کە ئەگەر باش لێی بڕوانین، ئەوا ئەوکات لە ڕێگای تێگەیشتن لەو جۆرە ترسناکەی گەندەلی، وەڵامەکان بۆ هەر یەکێکمان زۆر ڕوون دەبێت و توشی شۆکیش نابین ئەگەر جگە لە دووگ، شتی تریش بەرتیلی بۆ درا و گەندەڵی بۆ کرا !
حەوت لە دیارترین نیشانەکانی گەندەڵیی بە سیستەمکراو
یەکەم: گەندەڵی سیستەماتیک تێکەڵەیەکە لە: چالاکی جۆڕاوجۆری گەندەڵی و ئەو بڕیار و ڕێوشوێن و شێوازانەی کە کارئاسانی دەکەن بۆ ئەو چالاکیانە.
دووهەم: گەندەڵی سیستەماتیک، لەهەناوی دام و دەزگا و حکومەتەوە دزە دەکات، وە هەمیشە بازنەگەورەکە کە حکومەت و دەزگایە لاوازدەکات و بەردەوام لە هەوڵیشدایە بۆ لاوازکردنی.
سێهەم: سیبەری ئەم سیستەمە هەمیشە هەڕەشەیە لەسەر ئەوانەی دژی گەندەڵین و ڕێگەش نایات بێنە ناو بازنەی دەزگاکان، زۆر جار کە ڕێگەشیان پێدەدەن، خودی پۆستە حکومیەکە، هاوشێوەی بەرتیلێکە بۆ بێدەنگکردن و بێ ئەرزش کردنی ناڕەزاییەکانیان! هەر ئەمەشە وای کردووە کە لە ووڵاتانی پێشکەوتوو ئەوانەی بە ڕاستگۆیانە دژی گەندەڵین و لە وێستگەیەکدا کە بزانن ناتوانن کاریگەریان هەبێت ئەوا دەست لە کاردەکێشنەوە یان دێنە دواوە! خۆشبەختانە لە هەرێمیش چەند نمونەیەکی هاوشێوەمان هەیە.
چوارەم: گەندەڵی سیستەماتیک هەمیشە لە گەڵ گەندەڵکردنی پرۆسەی سیاسیی، ئابوری ئەو ووڵاتەش گەندەڵ دەکات، بە جۆرێک کە گەندەڵی دەگاتە پێویستیەکی ژیانی ڕۆژانەش! واتا تەشەنەدەکات بۆ هەموو جموجۆڵە دارایی و ئابوریەکان لەسەر ئاستە نزم و باڵاکانیش و تەنانەت ئاستی تاکیش، بە جۆڕێک ئەوانەی دژ دەوەستەنەوە لە گەندەڵیەکی بچوکی دائیرەیەک یان ڕیزێک لە هاوڵاتی کە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان چاوەرێن، ئەوانە زۆر نامۆ سەیر دەکرێن!
پێنجەم: بەدەر لە بازنە ناوخۆییەکە، گەندەڵی سیستەماتیک لینکیشی هەیە لەگەڵ بازنەی گەندەڵی سیستەماتیک لەدەرەوەی سنورەکان.
شەشەم: هەندێک جار لوتکەی دەستەلات لەو وولاتە هەر کەس بێت، ناتوانێت کتوپر و بە ئاسانی لە دژی ئەو گەندەڵیە سیستەماتیکە بوەستێتەوە. چوونکە زۆربەی جار گەندەڵی سیستەماتیک سێبەرێکی هەیە لە ناو دام و دەزگا فەرمیەکاندا، لێدانی ڕێستەوخۆ و کتوپر زیان بە خودی حکومەت و ڕێکەوتنەکان و تەنانەت دۆخی ئەمنیش دەگەیەنێت!
حەوتەم: ئەم جۆرە گەندەڵیە زۆرجار ئیرادەی بڕیاردانی ئابووریش پەک دەخات. هەندێک بڕیار هەیە کە تۆ بە ئاسان لێی دەڕوانیت!، ئەگەر چی راستە و لە حالەتی ئاساییشدا ئاسانە، بەلام بۆ نادرێت؟ ئەوە پەیوەستە بەو ئیرادەوە کە زۆرجار هێزی کەڵەکەبووی گەندەڵی سیستەماتیک بەری پێدەگرێت.
ماوەتە بڵێین کە ئەگەر چی ئەوەی کە ئاماژەمان پێکرد دڵۆپێکە لە چاو گەورەیی زیانەکانی گەندەڵی سیستەماتیک و شێوازەکانی و کاریگەریەکانی، بەڵام بۆ ڕوانین لە دۆخ و ئاستی گەندەڵی لە هەر ووڵاتێکدا، ئەو خاڵانە بەشی ئەوە دەکات کە ئیتر ئەگەر بیسترا و بینیمان بڕیاری ووڵات و ئاسایشی سنورەکان و تەندروستی هاونیشتیمان کرایە قوربانی، ئەوا سەرت سووڕنامێنێت.
+هیوایەک لە کۆتاییدا:
هیوادارین کە حکومەت و خەمخۆران و بڕیار بەدەستان، ئیرادەی خۆیان بەهێز بکەن و چیتر خەمساردی نەنونێن لە ئاست گەندەلیدا، کە بە داخەوە لە هەرێمەکەمان گەیشتۆتە خراپترین و ترسناکرترین جۆری، چوونکە گەر لەوە زیاتر کات بە فیرۆ بدرێت، بە دڵنیایەوە سووڕی "گەندەڵی سیستەماتیک" فراوانتر و تۆکمەتر دەبێت، بە جۆریک کە لە بازگەکانەوە تێپەردەبێت بۆ لاشەی حکومەت و لەوێوە بۆ گەندەڵکردنی کۆی کایەکانی سیاسەت و ئابووری وولات، پاشان دەگاتە لوتکە کە لەوێدا بە جۆرێکە کە: ئیتر ئەوکات خودی سیاسەت و حکومەت و دام و دەزگاکان بەشێک لە ووزەی مانەوەیان لە "گەندەڵیی سیستەماتیک و تۆڕەکەیەوە" وەردەگرن و دەزگا فەرمیەکان دەبنە واجیهە و گەندەڵی سیستەماتیک دەبێتە بڕیاردەری سیاسی و ئابووری.