Draw Media

ئەرێ بەڕاست (ته‌وافق) نه‌ماوه له‌عێراق؟

ئەرێ بەڕاست (ته‌وافق) نه‌ماوه له‌عێراق؟

2019-12-09 13:14:11


ئه‌بوكاروان

كاتێک وتەو لێدوانەکانی بەرپرس دووربێت لە عه‌قل و لۆژیک، واقعبینانه ڕووداوەکان نەبێنێ و بەئارەزو بۆ چوونەکان بخاتەڕوو، بەتایبەتی ئەو بۆ چوونانە لە کەسانێکەوە دەربچێ لە دەرەوەی دوو حزبی دەسەلاتداری ھەرێم بن کە بەبەردەوامی ھاتووچووی بەغدا دەکەن و بۆ جارێکیش کۆتایی ھێنانی تەوافقیان ڕانەگەیاندووە و بەھیچ شێوەیەکێش گفتوویان نەکردوە، کەواتا جاڕدانی نەمانی تەوافق ده‌لاله‌ته‌ له‌:
١- به‌باشی ڕووداوه‌كان نابێنێ.
٢- دووره له‌واقیعه‌وه و دەربڕینەکانی به‌رهه‌می ئه‌و چوارچێوه‌و دونیابینه‌ ته‌سك و مه‌ودا كورته‌ كه‌خوێ تێیدا ده‌ژی.
٣- لەبری کەسانیتر یان حزبی تر ئەو بۆچوونانە ده‌رده‌بڕن، کەواتا شەڕی بریکاریی دەکەن.
ئەرێ بەڕاست پێم بڵێن لەچییەوە ئەو بۆچوونانە سەری ھە ڵداوە؟ گەر تەوافق نەبێت چۆن سەرۆک کۆمار لەلایەنی کوردستانی دەبێت؟ ئەی چۆن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە پەنجاوشەش کورسییەوە بۆ لایەنی کوردستانی؟ یان سەرۆکی چەندین لێژنەی پەرلەمانی یان وەزیری دارایی و دادو سەدان پوستی تر، ئەرێ بەڕیزان لەم ڕۆژانەدا نه‌بوو ڕیککەوتنکرا دوو ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە حزبەکانی ھەرێمی کوردستان بن؟
هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵسوكه‌وت هه‌یه‌ بۆ لێدان له‌ ته‌وافق، ویست هه‌یه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی سازان، مه‌یل هه‌یه‌ بۆ هه‌ژموون و خۆسه‌پاندن و كاری تاكلایه‌نه‌. بەڵێ ئه‌م هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و ویست و مه‌یلانه‌ له‌ به‌غدا ئه‌و ڕاستیه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ته‌وافق هێشتا بونیادێكی گرنگی كاركردنه‌ له‌ به‌غدا، چونكه‌ وه‌ك وتم: ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه‌(لایه‌نی كوردستانی) چۆن ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ هه‌ستیاره‌یان بۆ مسۆگه‌ر ده‌بوو؟
سیاسه‌ت له‌ هه‌ر شتێك زیاتر كاركردنه‌ له‌ كێڵگه‌ و سه‌رزه‌مینی واقیعدا، سیاسیش له‌ هه موو كه‌س زیاتر پێویسته‌ بوونه‌وه‌رێكی ڕیالیستی بێت، نه‌وه‌ك سوزدارنه‌ بكه‌وێته‌ هه‌ڵكردنی په‌رده‌یه‌ك به‌ڕووی بونیادێك كه‌ لانی كه‌می بابه‌تیبوون به‌سه‌ بۆ هه‌ستپێكردن و سه‌لماندنی بوونی، كه‌ ئه‌ویش بوونی (ته‌وافق)ـه‌ له‌ عێراقدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand