100 رۆژ و 100 دەرد
2019-12-09 10:06:46
سەرتیپ جەوهەر
100 رۆژ بەسەر پێكهێنانی حكومەتدا تێپەڕی، حزب هەبوو گرەوی لەسەر دوو مانگ دەكرد بۆ چاككردنی حوكمڕانیی یان پرۆژەی چاكسازیی، كەچی ئەوە دوو مانگە كە بووە سێ و ئەگەر پەلەیان نەبێت دەبێتە چوار و پێنج و هەورازتریش، كەچی بەشێك لە وەزیرەكانیان بوونەتە دەمڕاستی حكومەت و لەمەلیكیش مەلەكیترن.
ئەم كابینە یان خولەی حوكمڕانیی كوردستان بارودۆخێكی شێواوی پێوەدیارە، هەر لەسەرەتاوە لەڕێچكەیەكی دروست نەهاتووە، بەدڵنیاییەوە بەهێمنی و دروستیش تێناپەڕێت! هەروەك چۆن ئەگەر شەمەندەفەر لەسەر رێچكەی خۆی لابدات، بەر بەهەركوێیەك بێت بەدڵنیاییەوە هەر زیانی دەبێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان دەبینین هێشتا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان قسەی زۆری هەیە، پێشبینی دەكرێت لەدوای كۆنگرەی چوارەمی كەبڕیارە لە 21 مانگ دەستپێبكات، لەگەڵ پارتی ساخی بكاتەوە، تا سەر لەو كابینەیە بێت یان نا، چونكە هیچ كام لەبڕگەكانی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی جێبەجێنەكراوە. هەر لەدانانی پارێزگارەوە بگرە تا دەگاتە پڕكردنەوەی پۆست و بەركەوتەكانی و دابەشكردن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات و پەیوەندییەكانی هەرێم و پرسی نەوت و ..تد
بەڕوانین لە ئیشوكارەكانی ئەم كابینەیە، دەبینین بەتوندكردنی دەوامی فەرمانبەران دەستی پێكرد، كە ئەو پرس و بابەتە هیچ لەبارودۆخی حوكمڕانیی ناگۆڕێت، چونكە خەڵك پێویستی بەچاككردنی حوكمڕانیی و باشكردنی ئابوریی و خزمەتگوزارییەكان هەیە! كەچی دەبینین موچە مانگانە چەند رۆژێك دوادەكەوێت و كارەبا زۆر خراپتر بووە لەجاران و پرۆژەی نوێی ئابوریی پێشكەش نەكراوە. ئەوەیشی كەكراوە، هەر پرۆژە كۆنەكان بووە جارجارە گەرمكراوەتەوە..تد
ئەگەر باسی دامەزراوەی پەیوەندییەكانی هەرێمیش بكەین، ئەوا هەر وەكو جاران لەپەیوەندییەكانی حزب دەچێت، چ ئەوانەی دێنە كوردستان تەنها دەستەو دایرەی یەك حزب دەبینن، چ سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران كە دەچنە دەرەوە دەستەو تاقمی یەك حزب لەگەڵ خۆیاندا دەبەن! خراپتر لەوە دەبینین لەگەرمەی گرژی و گرفتەكانی ناوخۆو عیراق، هەردووك بەیەكەوە دەچنە میرنشینی عەرەبی بۆ سەیری یاری فۆرمەلەوان!!
لەسەرئاستی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەغدا پرۆژەیەكی نوێ بارودۆخێكی نوێ نەهاتۆتە پێش، بەڵكو هەرێم هەوڵیداوە بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام پێدەچێت دەرفەتی جاران بەردەست نەبێت بۆ سازان لەگەڵ كاربەدەستانی عیراق، بەتایبەت دۆخێكی گرژ هەیەو موزایەدەی سیاسی رێگرێكی گەورەیە لەبەردەم رێككەوتنی هەردولا، كوردیش دەڵێت هەر ئەو هەوارە بەڵام ئەو بوار (بەهار) نییە.
ئەگەر باسی دۆخی دامەزراوەی قانون دەركردن (پەرلەمان)یش بكەین، ئەوا بەدۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت! لەلایەك ئەو پرۆژانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە ئەستەمە بتوانرێت رێككەوتن یان سازانی نیشتیمانیان لەسەر بكرێت، چونكە ناكۆكی و ناسازانێكی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە، لەلایەكی دیكە پرۆژەكانی دیكە بەهۆی موزایەدەی سیاسی و خۆ دەرخستن دۆخێكی بۆ هۆڵی پەرلەمان دروستكردووە دەستبردن بۆ هەر پرس و بابەتێك ببێتە دروشم و دروشمبازیی، ئەمەش وایكردووە پەرلەمانیش وەك پێویست چالاك نەبێت