لە بارەی فتواكەوە..
2019-12-08 21:18:06
خانم رەحیم
سەباری هەر سەرنج و تێبینیەك لەسەر دۆخی ژنان، لە شانزە رۆژ چالاكی بۆ بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، جێگەی دڵخۆشی بوو كە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ئەمساڵ بەگرنگییەكی زیاتر و جیاوازتروە بەشداری ئەم بۆنەیەیان كرد، بەڵام بەداخەوە لەگەڵا ئەوەشدا شانزە رۆژەكە تێنەپەریبوو، لیژنەی باڵای فتوا، بەفتوایەك لەبارەی بەكارهێنانی تەكسییەوە لەلایەن ژنانەوە، كۆمەڵێك پێشێلكاری كرد نەك تەنها بەمافی ژنان، بەڵكو بەماف و ئەركی حكومەت و دامەزراوەكانی تریش.
گەر خۆ لەوە ببوێرین، باس لەوە بكەین لە ئیدارەو سیستەمی پەرلەمانی، ژیانی هاوڵاتیان بەیاسا رێكدەخرێت و ئەركی پەرلەمانە یاسا دەربكات و چاودێری حكومەت بكات، ئەوا ئەركی دامەزراوەكانی تری حكومەتیش ئەوەیە لە سایەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ هەر پرسێك بكات كە تایبەتن بەژیانی گشتی، یاخود ئەرك و مافەكانی هاوڵاتیان بەتایبەت. خۆ گەر ئەركی لیژنەی فتوا ئەوە بێت كە رۆبچێتە خوارەوە تا ئاستی ئەوەی وردەكاری بۆ چۆنیەتی بەكارهێنانی تەكسی لەلایەن ژنانەوە دیاری بكات، ئەی ئەبێت ئیتر ئەركی پەرلەمان و جكومەت و وەزارەتە تایبەت مەندەكانی تر چی بێت، بەتایبەتی ئەم فتوایە لەكاتێكدایە، وەزارەتێكی گەورەو گران لە هەرێم هەیە بەناوی وەزارەتی ئەوقافەو كاروباری ئاینیەوە!.
دەكرێت لیژنەی باڵای فتوا، لەسەر داوای پەرلەمان و حكومەت بۆ پرسێكی ئاینی، یان بۆ پرسێكی عاسی بوو لەدەستی وەزارەت و حكومەت و پەرلەمان، بەهەماهەنگی لەگەڵا لایەنی پەیوەندیدار، راوێژیان لەگەڵا بكرێت لەسەر پرسێكی دیایریكراو، بەڵام هەرگیز پەسەند نییە، سەرباری بوونی ئەم هەموو دامەزارە تایبەت بە پرسەكانی ژنان و باری كۆمەڵایەتی، سەرباری فرێدان و بەڵێنی ئەو هەموو دەستەواژانەی باسی مەدەنیەت و ئازادی دەكەن، چەند مامۆستایەكی ئاینی ببنە دەمراستی كۆمەڵگەو بریارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی پرسێكەوە بدەن كە رۆژانە لە هەرێم بە دەیان هەزار جار دوو بارەو سێ بارە دەبێتەوە. بۆیە ئەركی حكومەت و پەرلەمانە لەبەرامبەر ئەم فتوایە بێدەنگ نەبن و رێگاچارەیەكی ریشەیی بۆئەركی لیژنەی باڵای فتوا بدۆزنەوە، نەبا بۆ پرسێكی دی، سەربەخۆ فتوای تر بدەن، چونكە ئەوان لەكۆتایدا بەناوی ئاینەوە فتوا دەدەن نەك وەك رای چەند مامۆستایەكی ئاینی.
ئەركی حكومەتە پیچش رێكخراوە مەدەنییەكان لەو بارەوە هەڵوێستی هەبێت، چونكە گەر بەشێكی ئەم فتوایە، بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی ژنان و هەڵسوكەوتی بەردەم تاك و دروستكردنی دردۆنگی بێت لەنێون هەردوو رەگەز، ئەوا بەشەكەی تری، فتواكە، كەمبایەخ كردنی رۆڵی پەرلەمان و حكومەت و دامەزاوە تایبەتمەندەیەكانیەتی.