چارەسەری عێراق
2019-12-07 10:49:30
لەتیف فاتیح فەرەج
پێشنیازو پڕۆژەی جۆ بایدنە یان هەر كەسێك عیراق پێویستە لەم دۆخەی ئێستای بەو جۆرە رزگار بكرێت ، دیارە بەر لە جۆبایدنیش كورد هەرگیز نەیویستوە بەشێك بێت لەم عیراقە بەم جۆرەی ئێستا ، تەنانەت كاتی خۆی لە سیەكان و پێشتر بە كۆمەڵێك مەرج رازی بوونە بەوەی كوردستانی باشور سەر بە عیراق بێت ، بایدن باسی سێ هەرێم یان پێنجی كردوە ، بەر لە بایدن ئەو بابەتە لە لایەن كوردو خەڵكی تریشەوە قسەو باسی لە سەر كرابوو ، یانی دەكرێت عیراق بكرێتە (5) هەرێمەوە هەرێمی بەسرە یان خواروو،هەرێمی پیرۆزگاكان نەجەف و كەربەلاو بابل ، هەرێمی سەنتەر بەغدا ، هەرێمی سونە ، یان هەرێمی رۆژئاوا، هەرێمی كوردستان ، هەڵبەت پێكەوە بوونەكە فیدراڵی دەبێت یان كۆنفیدراڵی ئەوەیان دەكەوێتە سەر عیراقیەكان ، هەرێمی سەنتەر دەكرێت بەڕێوەبەرایەتیەكی باڵای سێ كەسی شیعە كورد سونەی لێبێت و هەرێمەكانی تر وەك كوردستان پارلەمان و حكومەتی خۆیان هەبێت ، ئەمە تەنها رێگە دەبێت بۆ ئەوەی كێشەكانی عیراق لانی كەم لەم قۆناغەدا كۆتاییان پێبێت ، یان كەمبكرێنەوە .
هیچ ئومێدێك نیە بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەكی درێژتر عیراق بەم جۆرەی ئێستا بمێنێتەوە ، لە 100 ساڵی رابردوودا گەورەترین هۆی شەڕو ململانێ ی نێوان كوردو عەرەب و شیعەو سونە ئەو بە زۆر پێكەوە لكاندنە بووە ، بۆیە كاتی ئەوە هاتوە عیراقیەكان خۆیان بڕیار لە چارەسەری كێشەكانی خۆیان بەو جۆرە بدەن كە ئیتر شەڕو ماڵوێرانی كۆتای بێت ، بوونی پێنج هەرێم كەمتر یان زیاتر ئەوە دەكەوێتە سەر خواست و ویستی پێكهاتەكان وادەكات پەیوەندی نێوان پێكهاتەكان بەرەو باشتر بڕوات و هەرێمەكانیش زیاتر سود لە ناوچەكانی خۆیان ببینن ، هەڵبەت بەو مەرجەی بانك یان ناوەندێكی هاوبەشی هاوكاری لە سەنتەر هەبێت بۆ پشتگیری دارایی هەرێمەكان لە یەكتر ، یانی سەنتەر جگە لەوەی ئەنجومەنێكی باڵای رێبەرایەتی عیراقیەكانی لێیە ، بانكی سەرەكی و هەروەها سوپایەكی هاوبەشی هەبێت بۆ رووبەڕووبونەوەی هەر گرفتێك كە دێتە پێش هەرێمەكان ، ئەوە جگە لەوەی ئەو سوپایە بەرپرس بێت لە پاراستنی سنورەكانی وڵات .
100 ساڵی رابردوو دەریخست كە پێكهاتەكان ناتوانن بە شێوەیەكی گونجاو بە یەكەوە بژین بەم جۆرەی ئێستا ، هۆیەكەش دیارە نادادی و ستەم و وەك یەك نەڕوانینە بۆ پێكهاتەكان ، یانی كە عەرەبی سونە لە سەر كورسی دەسەڵات بوونە، ئەو پەڕی زەبرو زەنگیان بەرانبەر ئەوانی تر بەكار هێناوە ، شیعەش بە گیانی تۆڵە كردنەوە مامەڵەی لە گەڵ عەرەبی سونە كرد ، هەر بۆیە زۆر ئەستەمە ئەم پێكهاتانە بەم جۆرەی ئێستا لە یەك چوار چێوەدا بتوانن پێكەوە هەڵبكەن ، مەگەر دەسەڵاتێكی دیكتاتۆرو سەركوتكەرو ستەمگەر بتوانێ بە زەبرو زەنگ دەنگ و سەداكان كز بكات ، هەڵبەت ئەوەش كاتی دەبێت و سەرناگرێت .