Draw Media

"ته‌كسی" وه‌ك بیانوویه‌ك بۆ شه‌ڕی كۆیله‌كردنی ژنان

"ته‌كسی" وه‌ك بیانوویه‌ك بۆ شه‌ڕی كۆیله‌كردنی ژنان

2019-12-07 07:26:34


نیاز عه‌بدوڵا

لە ھەر شەڕێکی ئایدۆلۆژی بەرەکانی پێشەوە و بەرەکانی دواوە ھەن؛ بۆیە ئێستا ژمارەیەک ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە جەستە لە کوڵەجۆ و خانەقین و دووزخورماتو و جه‌له‌ولا شەڕی چەکداری لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە و کۆمەڵگای ئێمە دەکەن و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن، ھەندێکی تریش لە بەرەی پێشەوە لە رێگای دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە قەڵەم و میکانیزمەکانی دونیای دیموکراسی، شەڕی فکر و لێسەندنەوەی ماف و به‌کۆیلەکردنی کۆمەڵگا دەکەن بۆ سەپاندنی ئامانجه‌ هاوشێوه‌كانی فكری "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه"‌.

وێناکردنی ژنان وەک ئامرازی سێکس و زنجیرکردنیان بۆئەوەی پیاوان لە کۆنتڕۆڵنەکردنی ئاره‌زووه‌كانی ئەندامی نێرینەیان دووربن، جگە لە سه‌پاندنی فکری "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌" بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان، لێسه‌ندنه‌وه‌ی پیاده‌كردنی مافه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانیشه‌ له‌پاڵ لێسه‌ندنه‌وه‌ی كه‌رامه‌تی مرۆیی ژنان و پیاوان.

دوایین فه‌توای، ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توای یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان، كه‌ له‌ 4ی12ی 2019 به‌ نووسراوی ژماره ‌144 ده‌رچووه‌ له‌باره‌ی "حوكمی سه‌ركه‌وتنی ئافره‌ت به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری ته‌كسی"، بریاره‌كانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ له‌ سه‌ره‌تای داگیركردنی موسڵ و شه‌نگال له‌ 2014 ده‌هێنێته‌وه‌ یادمان، به‌تایبه‌ت ئه‌و حوكمانه‌ی‌ به‌ناوی شه‌ریعه‌ی ئیسلامه‌وه‌ ده‌سه‌پێندران به‌سه‌ر ژنان و هاووڵاتیانی ژێرده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌. 
ئه‌نجوومه‌نی فه‌توا له‌ خاڵی یه‌كه‌می نێو هه‌شت خاڵه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا وتوویه‌تی "ده‌رچوونی ئافره‌ت له‌ته‌ك مه‌حره‌می خۆیدا هه‌ر كاتێك بێت بۆ هه‌ر جێگایه‌ك بێت دروسته‌" و، له‌خاڵی شه‌شه‌م وتوویانه‌ "پێویسته‌ ئافره‌ت، به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ شوفێری نامه‌حره‌می ته‌كسی ده‌رنه‌چێت." 
به‌ وه‌رگێڕانی ئه‌م ده‌قه‌ بۆ بواره‌كانی دیكه‌ی ژیان جگه‌ له‌سه‌ركه‌وتنی "ته‌كسی"، له‌ داهاتوو ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بین ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا، خوێندنی كچان جگه‌ له‌ زانكۆی شاره‌كه‌ی خۆی له‌ زانكۆی شارێكی دیكه‌ حه‌رام بكات له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی خوێندنی تواناسازی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و گه‌شتكردن بۆ وڵاتان. ده‌بێ چاوه‌ڕوانبین به‌ ته‌نیا ژیانی ژنێك له‌ ماڵێك قه‌ده‌غه‌ بكات، شوفێریكردن بۆ ژنان و چوونه‌‌ سینه‌ما‌ و كۆنسێرت و په‌یكه‌رسازی كه‌ ئێستا سعودیه‌ حه‌ڵاڵی كردووه‌‌ ئه‌م "زانا"یانه‌ له‌ كوردستان قده‌غه‌ و حه‌رامی بكه‌ن. 


له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان و پارته‌ سیاسییه‌ ئیسلامییه‌كان رایانگه‌یاند "ئاینی ئیسلام بێ به‌رییه‌ له‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ئاینه‌ ناكه‌ن"، به‌ڵام له‌ فه‌تواكانی كۆتایی ئه‌م یه‌كێتییه‌ به‌ جۆرێكی دیكه‌ راستی بیركردنه‌وه‌كانی خۆیان خستۆته‌ڕوو.
رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ خولی 22ی ئه‌نجوومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ جنێڤ، سه‌باره‌ت ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و برینداره‌كان وتی "له‌شه‌ڕی دژی داعش نزیكه‌ی 2000پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون، نزیكه‌ی 12هه‌زار پێشمه‌رگه‌ برنداربوون له‌وانه‌ش 293یان كه‌مئه‌ندام بوون، كه‌ 235یان قاچ یان ده‌ستیان له‌ده‌ستداوه‌، 20یان توانای بینینیان له‌ده‌ستداوه‌، 38ی دیكه‌شیان تووشی ئیفلیجی ته‌واوبوون و عاره‌بانه‌ به‌كارده‌هێنن."
پرسیاری جددی بۆ یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان ئه‌وه‌یه‌:
ئایا هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ پێناوچی شه‌ڕی تیرۆریان دژ به‌ ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ كرد؟ له‌پێناو چی نزیكه‌ی 2000پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م وڵاته‌ شه‌هیدبوون و، هه‌زاران كچ و ژنی ئێزیدی ئێمه‌ بران یان شه‌هیدكران؟
ده‌بێ یه‌كێتی زانایان وڵاممان بداته‌وه، ده‌یه‌وێت كوردستان بكاته‌ سعودیه‌ یان ئێران یا ئه‌فغانستان؟ له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵگای هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و پێویسته‌ له‌بری به‌هێزكردنی حوكمه‌كانی ئاین، دامه‌زراوه‌كان به‌هێزبكرێن بۆئه‌وه‌ی هه‌ر ژنێك یان هه‌ر پیاوێك هه‌ست به‌ پارێزراوی ئاسایشیان بكه‌ن و زه‌مینه‌ی ئه‌نجامدانی تاوان له‌و رێگایه‌وه‌ نه‌هێڵدرێت.

ئه‌م فه‌توایه‌ی یه‌كێتی زانایان ته‌نیا نه‌نگی نییه‌ بۆ خودی یه‌كێتییه‌كه‌، به‌ڵكو شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ ئه‌و حیزبانه‌ی نوێنه‌ره‌كانیان به‌و جۆره‌ دونیابینی ئاینیان له‌ناو یه‌كێتییه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو.
 بۆ نموونه‌ له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌كێتی زانایان، له‌ كۆی 31ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵا، 22ئه‌ندامی پارتی ده‌رچوون و 9ئه‌ندامی دیكه‌یان له‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌بوون. ‌ 

ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا به‌م فه‌توایه‌ی، كۆی ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه‌ی به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و ژنپارێزان له‌ ماوه‌ی‌ 28 ساڵ بن پێ ده‌خات و، به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی ئاینی نێوان ئاینه‌كان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ته‌واوی هه‌وڵه‌ ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی حكومه‌تیش له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندووتیژی خێزانی سفر ده‌كاته‌وه‌.
بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی زانایان فه‌تواكه‌ی بكێشێته‌وه‌ و داوای لێبوردن له‌ ژنان و پیاوانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ و كاسبكارانی وفێری ته‌كسی بكات. یه‌كێتییه‌كه‌ گرنگه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن خه‌باتی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری رێچكه‌ی خۆی گرتووه‌ و به‌ بیریاری "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه"‌ ناوه‌ستێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand