Draw Media

سیاسەت و بەها مرۆییەکان

سیاسەت و بەها مرۆییەکان

2019-12-06 17:13:56


چیا عەباس

 

چۆن هونەر پێویستیەکی بنەرەتی ژیانە تا مرۆڤ لە بەها مرۆییەکان بەئاگا بهێنێتەوە قسەکردن و شکاندنی بێدەنگیش لە سیاسەتدا هەمان ئەرکی هەیە.
رەوشی خراپی هەرێم گەیشتۆتە ئاستێک کە چیتر بێدەنگبون لێی هاوتایە بە کارئاسانکەر بۆ بەردەوامدان بەو رەوشە و خەستبونەوەی خراپەکاری.
بۆ خۆم لەم روانگایەوە هەڵسەنگاندن بۆ پەیامەکەی کاک قادر حاجی عەلی دەکەم کە لە نوێترین نوسینی " چۆن لەم دۆخە تێبگەین" بەیانی کردوە.
کاک قادر بەشێکی زۆری پێشەکی نوسینەکەی بۆ بەها بەنرخەکانی سیاسەتی واقیعی و راستگۆیانە تەرخان کردوە، لەو دیدگایەوە هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردوە و پیشانی داوە لە سایەی سیاسەتەکانی دەسەڵات نەک بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان پێشێل و پشتگوێ خراون بەڵکو بەها کۆمەڵایەتی و رەسەنەکانی کوردەواریش کراونەتە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی حزب و بنەماڵە و جەمسەرە دەسەڵاتدارەکان. لە ئاکامدا فەرسەخێکی گەورە نێوان خەڵک و دەسەڵات، نێوان چاوەروانی جەماوەر و بێباکی و بێخەمی دەسەڵات دروستبوە، لە سایەی ئەم رەوشەدا بێئومێدی وەک هەورێکی رەش ئاسمانی کوردستانی تەنیوە. کارکردن لە سەر پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە بەرچاوەی نێوان خەڵک و دەسەڵات و رەوینەوەی بێ ئومێدی بە گەرانەوە بۆ رێرەوە رەسەنەکەی سیاسەت دیاری کردوە.
لایەنی رۆمانسی و پاکژ و نەستۆلژیای شۆرشگیرانەی کاک قادر، لە تەمەنی گەنجیەوە وێڵی گوند و شاخ و دۆڵ و ئەشکەوت و تاشە بەردەکانی پێشمەرگایەتی بوە، لە نوسینەیەکەیدا راستگۆیانە بە زمانێکی سادە وەک فەنەرێکی درەوشاوە فەزای تێرامانی بۆ سیاسەت و حوکمرانی و ئایندەی نیشتمان روناک کردوە.
گریمان ئەم خەونە گەورەیە وەک وروژێنەری ناخی خاوەنەکەی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمە وەک ئەو هونەرە وایە کە مەبەست لێی ئەوەیە مرۆڤ لە بەهاکانی مرۆییبون بە ئاگا بهێنێتەوە. بۆ خۆم نازانم نوسینی تری دەبێت دەرباری چەندین پرسی گرنگی تر، بۆیە چاوەروانم ..!
کاک قادر هەر لە سەردەمی سەرەتای دروستکردنی گۆڕان لە گەڵ کاک نەوشیروان و بەرێزان ملازم عومەر و سالار عەزیز و چەند هاورێیەکی تر بزوێنەری چەند تەوەر و پرسی هەستیاری ناو گۆڕان بوە، لەوانە موڵکداریەتی کۆمپانیای وشە، راگەیاندنی گۆڕان، شێوازی بەرێوەبردن و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی ناو گۆڕان.
وێرای جیاوازیەکانی دەرباری هەندێ خاڵ لە گەڵ کاک نەوشیروان، بەڵام کاک قادر راستگۆیانە و بێ پێچوپەنا و بە وەفاییەکی بەرز بۆ کاک نەوشیروان ململانێکانی، زۆر جیاواز لە بەشێکی هاوکارەکانی کاک نەوشیروان، تایبەت ئەوانەی ئێستا دەستیان بەسەر موقەدەراتی بزوتنەوەی گۆڕاندا گرتوە، بەرێدەکرد.
دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و کاڵبونەوەی هزری چاکسازی و گۆرانکاری لە ناو گۆڕاندا کۆمەڵێک لە هەڵسوراوانی گۆڕان لە دەرەوە ئاراستەی پرۆگۆڕان یان دروستکرد، لەو ساتەوەش پرۆگۆڕان راشکاوانە رایان گەیاندوە کە  زۆر پێویستە  پەیوەندی و باسکردن و گڤتوگۆی بەردەوام نێوان دڵسۆزانی پرسەکانی چاکسازی و گۆرانکاری لە ژیانی سیاسی و حوکمرانی و کۆمەڵایەتی باشوردا هەبێت و کاری زۆریش لەو بوارانەدا کراون  تا بەیەکەوە لێکتێگەیشتن و کارنامەی هاوبەش بۆ ئامانجە هاوبەشەکان سازبکرێن، بەدرێژایی زیاتر لە ساڵێک لە پەیوەندی بەردەوامدا بون لە گەڵ ئەو بەرێزانە بە کاک عوسمان حاجی محمود و قادر حاجی عەلی شەوە،  چونکە وێرای جیاوازی لە سەر چەند تەوەرێک بەڵام ئامانجی هاوبەش کۆمان دەکاتەوە،  
یەکێک لە تەکتیکە سواو و بەسەرچوەکانی دەسەڵاتدارانی گۆڕان دروستکردنی کێشە نێو نارازیەکان بو، بۆ ئەو مەبەستەش چیان پێکرابێت لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، لە بەکارهێنانی ئیجرائاتی ناشەرعی و نادەستوری، لە دەرکردن و دورخستنەوەی هەڵسواروە دڵسۆزەکان و پرکردنەوەی شوێنەکانیان بە کۆیڵە و کەسانی کاسەلێس درێغیان نەکردوە. 
ئێستا کاتیەتی تێبگەن پرسەکانی چاکسازی و گۆرانکاری لە دەرەوەی گردە زوەتکراوەکە  و پەرلەمانە دەستەمۆکراوەکە و بە ناو حکومەتە هاوپەیمانیەکەی هەرێم بە تەوژم و پەرۆشیەکی بەرنامە دارێژراو بەشێوەیەکی سیاسی و واقیعیانەی گونجاو  و بە پشتگیری هێزی جەماوەری و رٶشنبیران و دڵسۆزانی میللەت  دەبنە کارنامەی سەرەکی جەماوەری کوردستان، ئەمەش بەرپاکردنی بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی دەرەوەی پەرڵەمانە.

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٣ی دیسەمبەر ٢٠١٩     
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand