چەپەكانی شاخ و چەتەكانی شار
2019-12-03 14:22:53
رێبوار كەریم وەلی
كاك قادری حاجی عەلی بۆی گێڕامەوە گوتی: لە یەكێك لە كۆنفراسەكانی كۆمەڵەی رەنجدەران، دوو رۆژ موناقەشە لەسەر ئەوە بوو كە ئایا دەستەواژەی"كۆمۆنیزم" وەك پێناسەی كۆمەڵە بخرێتە ناو پەیڕەوەوە یان نا؟ كار گەیشتە ئەوەی وەختا بوو كۆنفڕانسەكە بگاتە بۆنبەست، ئەخیرەن رەوانشاد نەوشیروان مستەفا گوتی، ئەو دەستەواژەیە گەڕ و گول بووە و لایدەدەین و، لابرا!
چەپەكان لە شاخ ئامادە بوون بە رۆژ، تەنانەت بە هەفتە و بە مانگیش بۆ رازاندنەوەی ماھییەتی ئەوسای خۆیان، شەڕی تێرمە ئەبستراكتە بێ بنچینە بونیادییەكانی پێكهاتەی سیاسی و چەكداریی خۆیان بكەن، ئەو تێرمانەی كە لە واقیع و لەناو كۆمەڵگادا بەشێوەیەكی زۆر سادە بریتی بوو لە ململانێیەكی چینایەتی و بەس. ھەمان ئەو شتەی کە ئێستا لە فۆرمێکی دیکەدا لە سایەی حوکمڕانیی ئەواندا درێژەی ھەیە. هەموو ئەو چەپانەی لە شاخ بوون، خۆیان پێ پەیامبەری هێنانەدیی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و قەڵاچۆكۆدنی سیستەمی پێش خۆیان بوو. بە هۆی شەڕیان لەگەڵ نەتەوەی سەردەستە لە لایەك، شەڕی ئەوانەی پش خۆیان و شەڕی ناو رێكخراوەی خۆشیان، نەك هەر چەپ، بگرە هەندێك جار چەپی بێكۆتایی بوون. بە مەزهەبی، خێڵەكی، مۆدێڕن و سۆسیال دیموكرات و، تەنانەت لیبرالەكانیشیانەوە.
عاقیبەت هەموو چەپەكان، بە ئایدۆلۆژیاكانیانەوە(دینی و عەلمانی)هاتنە سەر حوكم و بۆ پاراستنی خۆیان قۆزاخەیەكی كۆنزەرڤاتیفیی ئەوتۆیان درووست كرد كە هەمیشە میللەتی قەرزدار بە خەباتی ئەوان! حەسرەت بە رابردوو بخوازێت و بڵێ:"سەد رەحمەت لە كفندز"! چونكە پێشتریش لە شاخ ئەو بیدعانەی ئەوان دایانهێنا، ساختاری كۆمەڵایەتیی خەڵكی پاك و تەمیزی گوند و لادێكانیان پێ گۆڕی. ئەوجا کەوتنە گیانی خەڵکی ناو شاریش.
راستییەكەی تەجرووبەی هەموو چەپەكان لە دنیادا، بە تایبەتیش لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە ئەوە بووە كە بوونەتە(چەتە) و، بە دەرس وەرگرتن لە دەسەڵاتەكانی پێش خۆیان وەك قۆچ لە گوێچكە درێژتر بوونە. واتا مێتۆدی دۆشینی میللەت تا دوا دڵۆپیان كردۆتە سەرمەشق.
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق، ناوچەكە و بەشێكی دنیا روودەدات، وشیاربوونەوەی میللەتە بەرامبەر بە چەتەكانی شار. لە ئێرانی 40 ساڵ پێش ئێستا، مەلا و چەپەكان دەیانگووت، بەلوعەی نەوتتان بۆ دێنینە ماڵەوە! ئەو كاتە خەڵك بەلوعەی نەوتیان نەبوو، بەڵام سەرپەنایەكیان هەبوو، كەچی دوای چل ساڵ نەك بەلوعەی نەوتیان بۆ نەهات، بگرە ماڵیشیان لەدەست دا و، لە ژێر كارتۆنێك و لەناو قەبری بەتاڵی ناو قەبرستان دەنوون! دەسەڵاتی ئاكەپە لە توركیا كە بە حیسابی خۆیان وەك حزبێكی چەپ، دژی گەندەڵی، هەژاری و نادادپەروەری هاتنە سەر حوكم، ئەمڕۆ وایانكردووە، خەڵك لەناو حاویەی زبڵ بەدوای خواردندا بگەڕێت.
حزبەكان ئەوەن؛ كۆمەڵێك بەرژەوەندخواز كە دەسەڵات وەكو ئامرازێك بۆ خزمەتی خۆیان بەكاردێنن و، هەموو دروشم و بەڵێنێكیش لایان رەوایە. مرۆڤەكان هەمیشە بە تەنهایی بەدوای راستیدا دەگەڕێن، بەڵام بە گرووپ ئیش لەسەر شاردنەوەی راستییەكان دەكەن. دنیای ئێستا، سەردەمی كۆتایی هاتنی عەقڵی مێگەلە و جێگرەوەكەی قەناعەت پێهێنانی تاكەكانە و، بەشی زۆری تاكەكانیش لەوە تێگەیشتوون كە وەك جۆرج ئۆرویل گوتەنی، دەنگدانیان بە سیاسەتمەداری دز، بەرتیلخۆر و درۆزن، مانای قوربانی بوون نادات، بگرە شەراكەتە لەوەی ئەوان دەیكەن. بۆیە ئەمڕۆ ئەو تاكانە دەنگ دەدەن كە لە ژێرەوە چاویان لەوەیە وەلی نیعمەتە هەڵبژێردراوەكانیان پشكیان بدەن.
ئیتر سەردەمی ئایدۆلۆژیا هەڵخەڵەتێنەرەكان و خۆشاردنەوە لە ژێر دەستەواژەكانی عەدالەت، یەكسانی و ئەو شتانە كۆتایی هاتووە. سیاسەتمەدارەكان دەبێ چاوتێرترین و پاكترین مرۆڤەكان بن تا شایستەی ئەوە بن نوێنەرایەتیی خەڵك بكەن. ئەوانەی لە میدیا سینگ دەردەپەڕێنن و دەڵێن هیچیان نییە و بێمنەتن، ئەگەر پیاون با رێگە بدەن لێكۆڵینەوە لە موڵك و ماڵی كەسوكاری خۆیان و خێزانیان و، كەسە نزیك و باوەڕپێكراوزەكانیان بكرێ، ئەوجا دەردەكەوێ پاكن یان نا؟ ئەوجا دەردەكەوێ چەپن یان چەتە!
دوایین وتاری قادری حاجی عەلی زەنگێکی وشیارکەرەوە و ھەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە مییللەت لەوە زیاتر فریو نادرێت. مانیفێستی جوڵانەوەیەکی نوێییە کە پێش ئەوەی رووی لە خەڵک بێت، رووی لەوانەیە کە خەڵکیان بە دروشمی باقوبریقدار بەو دەردە بردووە. بۆیە ئیتر خەڵک نابێ ئینتیمای سیاسییەکەی وەکو کارمەندی کۆمپانیای لێ بێت. جوڵانەوەی سیاسی وەکو بۆڕسەی لێ بێت و حزبەکان دەنگی خەڵک وەکو پشک بە یەکتری بفرۆشن.