گۆڕەپان لەوێیە فەرموو تیرەکە بهاوێژە
2019-12-03 09:08:14
عەدنان عوسمان
لەکاتی دەرکردنی بەیاننامە حەوت خاڵیەکەدا، من لێرە نەبووم، کە گەڕامەوەو سەری کاک نەوشیروانم دا، بەحەماسەتێکی گەورەوە باسی لەو بەیانەو هەنگاوەکانی دوای ئەوە کرد. ئەو پێی وابوو وەرچەرخانێک لەناوچەکە بەڕێوەیەو دەرفەتێکیشە بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە هەرێمیشدا. دواتر ١٧ی شوبات رووی دا. پاش چەند رۆژێک سەرم لێدا، بینیم زۆر بێزارو بێتاقەتەو ئەو حەماسەی جارانی پێوە دیار نیە. من ئەمەم لا سەیر بوو چونکە وام هەست ئەکرد کە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە، رەنگدانەوەی بەیانەکەی گۆڕانو ئەو حەملە گەورەیەیە کە گۆڕان و راگەیاندنەکەی دەستیان پێ کردووە. هۆکاری ئەوەم لێ پرسی، وتی تازە هیچ نابێت و ئەم دەرفەتەشمان لەدەست دەرچوو بۆ گۆڕانکاری گەورە، وتم چۆن؟ وتی تازە مادام خۆپیشاندانەکان سەرەتا لە هەولێر دەستی پێ نەکردو لێرە لە سلێمانی دەستیان پێکرد، کەواتە زۆر ئەستەمە بگوازرێتەوە بۆ ئەو دەڤەرە، هەر لێرە قەتیس ئەمێنێتەوەو هیچ ئاکامێکی گەورەی نابێت، چونکە لێرەوە ناتوانین سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستاندا بگۆڕین.
ماوەیەکە باس و خواسی ئەم دەڤەرەی سلێمانی، تەجاوزکردنی حزبەکانو دروستکردنی هێزو گروپی تازەیە. راستە هێشتا بیرۆکەکان تەواو نەخەمڵیون و بەشێکیان باڵۆنی تاقیکردنەوەن و هەوڵدانن بۆ زانینی ترپەکان و ئاراستەکان، بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا، تەیفێک هەن کە دەیانەوێت سەهمێکی تازەیان لە پرۆسەی سیاسیدا هەبێت و شانسی خۆیان لە رابەرایەتیکردنی جوڵانەوەی نوێدا تاقیبکەنەوە.
ئەم ویستە رەوایەو مرۆڤەکان ئازادن لە هەر بڕیارو هەنگاوێکدا، ناشبێ ئەم پرسە بە حەساسیەتەوە تەماشا بکرێت، بەڵکو پێویستە بە هێمنی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە گۆڕانکاری فعلی لە هەرێمدا دەبێ لە پایتەختەوە دەستپێبکات. لە دوو سێ ساڵی رابردوودا، سەرجەم هەوڵە سیاسیە نوێکان لە سلێمانیەوە دەستیان پێکردووەو هەر لێرەش قەتیس ماونەتەوەو بوونەتە هەوڵێک بۆ پەرتەوازەکردنی زیاتری تواناکانی سلێمانی و کەرتکردنی زیاتری هێزەکان. پێشتریش بە تەزویراتی یەکێتی و هێنانە پێشەوەی گروپی تازەو کەمپینی بایکۆت و...هتد، جۆرێک لاوازی سیاسی و غیابی مەرجەعیەتی لێرە دروستکردو بەتەواوەتی هاوسەنگی هێزەکانی لە هەرێم تێکدا. بەدیوێکی تردا، لە دوای هەوڵەکانی نەوشیروان مستەفادا، بە تواناو کاریزمایی تایبەتی خۆی، ئیتر ئەستەمە کەسانێک کە سەر بەهەمان کاستی قەدیمە بن، لەژێر دروشمی ترو شەپۆل و ئاوازی شەقامدا، بتوانن ئاراستەیەکی راستەقینە دروست بکەن کە خەمی گۆڕانکاری فعلی بێت. لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە، کە واقعی حزبایەتی لە هەرێمدا بەجۆرێک ئیحتکار کراوە، کە بەبێ ئیمکانیاتێکی دارایی گەورەو کۆمپانیا، بتوانرێت هێزی سیاسی نوێ سپۆنسەر بکرێت، تێکەڵبوونی بازرگان و سیاسەت دواجار هەر بە قازانجی بازرگان و پرۆسەی شەراکەت لە کارو پرۆژە ئابوریەکاندا دەشکێتەوە. کاری بازرگانیش لە بناغەدا کارێکی خێزانیە، هەر بۆیە کە بەو روح و عەقڵیەتەوە کار لە کایەی سیاسیدا بکەی، لەژێر هەر ناو و دروشمێکی نوێ و مۆدێرندا بێت، دواتر هەر دەکاتەوە برەودان بە خێزان و دەسەڵاتی بنەماڵەی تر، هەر لەوێشەوە بەناوی دژایەتی دەسەڵاتی بنەماڵەوە، بنەماڵەی تر دێنە پێشەوە.
ئەم تاقیکردنەوە نوێیەی عێراق پێمان ئەڵێت کە خەڵکی تەواو بێزار بوون لە دەم و چاوی قەدیمە، بە باش و خراپیانەوە، بە نیەت خراپ و باشەکانیانەوە، هەر بۆیەش ئامادە نین هیچ مەرجەعیەتێکی کۆن قەبوڵ بکەن. کوردستانیش زەحمەتە لەو هاوکێشەیە بەدەر بێت.