Draw Media

کێ لەبری تاڵەبانی بڕیار دەدات؟

کێ لەبری تاڵەبانی بڕیار دەدات؟

2019-12-01 12:55:13


فەرید دڵشاد

 

پێشهاتەکان ئەو راستییەمان بۆ دەردەخەن کە کۆنگرە لەڕووی هەیکەلییەت و رێکخستن و ئایدۆلۆژیاوە گۆڕانکاری زۆر بەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەهێنیت، لەگەڵ ئەوەی چەندین پڕۆژە و فۆرم و پرۆگرامی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی پێشنیار کراون، بەڵام بەڕەسمی هیچ رەشنوسێک یەکلایی نەبۆتەوە و کۆنگرەش دیاری دەکات داهاتووی یەکێتی لەلایەن کێ وە بەرێوەدەبرێت.
 +ناو و ئەدەبیات و دروشمەکانی یەکێتی 
وەک دەبینرێت تەواوی سەرکردەکانی یەکێتی کۆکن لەسەر پەسەندکردنی پەیرەوێکی ناوخۆ بۆ بەرێوەبردنی حزبەکە کە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی ئێستای جیهاندا بگونجێت و وەڵام دەرەوەی داخوازییەکانی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی بێت،  جگە لەوەش گۆرانکاری بنەرەتی لە بەرێوەبردنی یەکێتی لەسەرجەم ناوچەکان ئەنجام دەدرێت و تەنها ناوی یەکێتی و ئەدەبیات و دروشمەکانی  وەک خۆی دەمێنێتەوە. 
+سکرتێر و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی 
بەدەنگی ئەندامانی کۆنگرە ئەو کەسانە هەڵدەبژێردرێن کە یەکێتی بەڕێوە دەبەن، وەک لە پڕۆژەکەی ئەنجومەنی ناوەندی ئاماژەی بۆکراوە، سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و نامێنێت،   لەناو کۆنگرەدا ناوی نوێ بۆ ئەو کەس و دەستەیە دیاری دەکرێت یەکێتی بەرێوەدەبەن لەوانە ئەنجومەنی گشتی و سکرتێر و جێگری سکرتێر و بڕیاردەری ئەنجومەنی گشتی و دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی یەکێتی.
ئالییەتەکانی بەڕێوەبردنی یەکێتی
+سکرتێری گشتی
لەناو یەکێتی تەنها "مام جەلال"پۆستی سکرتێری گشتی هەبووە، دوای کۆچی دوایی ئەو هیچ کەس نەچۆتە شوێنەکەی، مام جەلال بەهۆی کاریزمایی و خۆشەویستییەکەی کە چۆتە ناو ناخ  و دەرونی ئەندامان و لایەنگران، بۆیە یەکێتییەکان دەیانەوێت ئەو پۆستە وەک وەفایەک تەنها بۆ مام جەلال بمێنێتەوە و پارێزراو بێت،  لەبەر ئەوە چاوەڕوان ناکرێت لە کۆنگرەدا پۆستی سکرتێری گشتی بمێنێت، پێشیان وایە کەس لەگۆرەپانەکەدا ناتوانێت جارێکی تر شوێنی مام جەلال بۆ یەکێتییەکان پڕبکاتەوە.
+سەرۆک
بەدرێژایی مێژووی یەکێتی پۆستێک نەبووە بەناوی "سەرۆک"ەوە سەرکردەکانی یەکێتی هەمیشە ووشەی سەرۆکیان رەتکردۆتەوە، لەئەدەبیاتی یەکێتی ئەو ووشەیە خوازراو نییە، کە ناوی سەرۆک دەهێنرێت جۆرێک لە پاوانخوازی دێتەوە بیر یەکێتییەکان لەبەرئەوە ئەم جۆرە مۆدێلە بۆ یەکێتی نابێت و لەکۆنگرەدا و رەتدەکرێتەوە بەتایبەت یەکێتییەکان نایانەوێت مۆدێلی رکابەرە سەر سەختەکەیان دووبارە بکەنەوە کە پارتییەو  وشەی سەرۆک بۆ کەسی یەکەم بەکار دەهێنن.
+هاوسەرۆکی
سیستمی هاوسەرۆکی واتە ژنێک و پیاوێک حزب بەڕێوەدەبەن، ئامانجیش لێی هێنانە پێشەوەی ژنانە بۆ ناو کایەی سیاسی،  یەکێتی بۆ کۆنگرە رێژەی 20% بۆ ژنان داناوە، ئەگەریش چاو بەمێژووی یەکێتیدا بخشێنینەوە  دنیا بینیی یەکێتی بۆ ژنان لەچاو حزبەکانی تری باشوری کوردستان فراوانترە، بەڵام وەک دیدێکی فەلسەفی قوڵ ئەو تێڕوانینە نەچەسپیوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ژنێک لەساحەکەدا ئەو پێگە بەهێزەی نییە بۆیە پەسەند کردنی مۆدێلی هاوسەرۆکی  بۆ یەکێتی لەم قۆناغەدا ئەستەمە.
دەستەی بەرێوەبردن یان ناوەندی بەڕێوەبردن
ئەم جۆرە مۆدێلێکە لە نێوان هاوسەرۆکی و کۆنسەی سەرۆکایەتی، ئەندامانی کۆنگرە لەنێوان سێ تا حەوت کەس هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی یەکێتی بەڕێوەببەن، هەر یەکەشیان ئەرکێکی جیاوازی پێ دەسپێرێت، وەک  کاروباری سیاسی و رێکخراوەیی و دارایی و مەکتەبەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوە، جێبەجێکردنی ئەم جۆرە مۆدێلە لەناو کۆنگرە ئەگەرێکی دوور نییە بەتایبەت بۆ رازیکردنی دڵی ئەو باڵانەی کە هەست دەکەن لە کۆنگرە دەنگی کەم دەهێنن.
+دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی لای کەسێک بێت یان دەستەیەک؟
بەهەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ناوخۆی ئێستای یەکێتی و ئەو ناکۆکیانەی لەناو باڵەکانی حزبەکەدا هەن، لەکۆنگرەی داهاتووی کە بڕیارە مانگی 12ی ساڵی 2019 بەرێوەبچێت، یان کەسێک لە لوتکەی دەسەڵاتدا دەبێت و لەجێگەی تاڵەبانی  بڕیار بەدەست دەبێت،  یان ناوەندی بەڕێوەبردن بۆ حزبەکە دیاری دەکرێت و ئەو دەستەیە پێکەوە لەجێگەی تاڵەبانی بڕیار دەدەن.
+دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی لای کەسێک بێت؟
دەسەڵات پێویستی بەهەڕەمێک  هەیە کە لەکۆتاییدا یەک کەس بێت تاوەکو بڕیارەکان پەرتەوازە نەبن و بەئاسانی و خێرایی دەربکرێن، ئەوەی خاڵی ئەرێنی بێت ئەوەیە کەسێک بەتەنها دەتوانێت بەزۆری کێشەکان چارەسەر بکات، بۆ دۆخی ئێستای یەکێتیش باشترە دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی بدرێن بەتاکە کەسێک  بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دابەشبوون و ئەو باڵانە بهێنرێت کە  لەدوای کۆچی دوای تاڵەبانی بەئاشکرا زەق بوونەوە و کێشەی بڕیاردانی لەحزبەکە دروستکرد و بووە هۆی دروستبوونی ناوەندی بریار، ئەگەر دەسەڵاتەکان لای تاکە کەسێک بێت ئەو باڵانەی ناو یەکێتی بەرەو پووکانەوە دەچن و تەنها دەنوکێک دەمێنێتەوە کە دەتوانێت رێگری بکات لە بەهێزبوونی جەمسەرەکان و یەکێتی دەکاتەوە بەحزێک کە بڕیاردان تیادا ئاسان بێت و دابەشبوون و جیابوونەوە لە حزبەکەدا ئەستەم بێت
+دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی لای دەستەیەک بێت؟
ئەم جۆرە مۆدێلە کە دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی بەسەر چەند کەسێکدا دابەش بکرێت، بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی رەنگە  ببێتە  هۆی کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان و باڵە جیاوازەکان و  نزیککردنەوەی  تێڕوانینە جۆراوجۆرەکان ، بەڵام کێشەی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە دەبێتەهۆی خاوی لە بڕیاردان و  پەرتەوازە بوونی بڕیارەکان و جگە لەوەش، بەهۆی فرە جەمسەرییەوە جارێکی ترلەناو یەکێتی باڵی نوێ سەر هەڵدەدات و ئەگەری دابەشوون و جیابوونەوە لەناو یەکێتی زۆر ئاسانتر دەکات.

* توێژەری سیاسی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand