كاتێك ماڵى شیعە گڕدەگرێت
2019-12-01 07:27:13
هیوا سەید سەلیم
دوو مانگ بەسەر ناڕەزایەكانی شارە شیعەنیشینەكان لە عێراق تێدەپەڕێت، خۆپیشاندەران لە ماوەی ئەو دوو مانگە تەواوی رێگاچارەكانی حكومەتیان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ڕەتكردۆتەوە، لە درووشمی چاكسازی دەستیان پێكرد، گەیاندیانە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان، هەلبژاردنی پێشوەختە، تەنانەت وای لێهات خۆپیشاندەران ببنە جێگرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش، بۆ پێشكەشكردنی داخوازی هەمواری دەستوور و یاساكان لە عێراق پرۆژەیان هەیە، ئەمەیان بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە خۆپیشاندەران خەڵكی رەمەكی نین، بگرە لە پشتی پەردە زۆر شت دەگوزەرێت كە هێشتا بۆ زۆربەمان روون نیە.
لە عێراقدا ئاستی ناڕەزایەنی خەڵك گەیشتۆتە شوێنێك، خەریكە دەست بۆ پیرۆزیەكانی شیعە دەبردرێت، ، بۆ نموونە لە رەقی حزبەكانیان گۆڕی باقڕحەكیم سوتێنراوە، كە ئەو كەسێكی دیاری نێوە شیعەكانی عێراق بووە، وە لە ئێستاشدا ڕەوتێكی تایبەت بە خۆی هەیە بە ناوی ڕەوتی حیكمە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، درێژەدان بە شەری بە وەكالەت بە ستایلی تازە، هەر بۆیەشە دەبینین كە لە نەجەفی شاری سونبلی شیعەكان، كونسڵیەی ئێرانی دەسوتێنرێت.
لە دوایین پەرەسەندنی دۆخی عێراقداعادل عەبدولمەهدی، لەژێر فشاری جەماوەریدا لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی دەست لە كاركێشایەوە، لەو دۆخە ئاڵۆزەدا دانانی جێگرەوە بۆ مەهدی، لە لایەن ماڵی شیعە ئاسان نابێت، چونكە ئێستا ماڵی شیعە نەك یەكگرتووی جارانی نەماوە، بگرە ئەركی ئەوان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەهەموو كاتێك قورسترە.
لەم ساڵانەی دواییدا لە ئاستی جەماوەری، شەڕی بە وەكالەت خەڵكی عێراقی بێزاركردووە، هەر بۆیەشە خۆپیشاندەران بەشێكی درووشمەكانیان بریتییە لە دانانی سنورێكە بۆ دەستی دەرەكی لە كاروباری عێراقدا، ئەمەش زیاتر ئاماژەیە بۆ دەستوەردانی دەستی ئێرانی.
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، یەكەمین جارە ماڵی شیعە رووبەڕووی ئەو دۆخە ئاڵۆزە دەبێتە، جاران شیعە ناكۆكیەكانیان چەندە زۆر بووبن، بەڵام هەرگیز نەیانگەیاندۆتە شوێنێك كە مەترسی لەدەستدانی حوكمی زۆرینەیان بكەوێتە سەر.
لە سەرەتای پرۆسەی ئازادی عێراق پێكهاتەی سوونەی عێراق بە حوكمی زۆرینەی شیعە رازی نابێت، بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكات، بەڵام شیعە هەر ناچێتە ژێر باری فشاری بایكۆتی سوونە و ناكۆكیەكانی خۆیان وەلا دەنێنن و جلەوی حوكمڕانی عێراق توند بەدەستەوە دەگرن، تا ئەو كاتەی كێشەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تەقاندەوە، هەموو ئەو كێشانە بەرهەمەكەی سەرهەڵدانی داعشی بەدوای خۆی هێنا.
شەڕی داعش لە عێراقدا لەگەڵ ئەوەی ئەو وڵاتەی تووشی قەیرانی گەورەی ئابووری كرد، هۆكارێكیش بوو بۆ دامەزراندنی چەندین ملیشیایی سەربازی شیعە لە ژێر چەتری حەشدی شەعبی.
درووست بوونی ئەو هەموو جۆرە ملیشیایە لە عێراقدا، هۆكاردەبێت كە ئیدی قەیرانە سیاسیەكان بە گفتوگۆیی سیاسی و دبلۆماسی چارەسەر نەكرێن، بەڵگەش ئەو دۆخەی ئێستای عێراق.
لە ئێستادا كە ئاگرەی ناكۆكیەكان، شارە شیعە نیشینەكانی گرتۆتەوە، پارێزگاكانیان بە تایبەت بەغدا و زیقار و نەجەف خوێنیان لێدەچۆڕێت، مەترسی زۆر هەیە ئەو ئاگرە نەك هەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەك بخات، بگرە عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆیی ببات.
برینەكانی جەستەی عێراق بە شێوەیەك پیس بوونە، دەستی جۆراوجۆر یاری بەو جەستە زامدارە دەكەن، كورد كە لە ئێستادا یاركەرێكی سەرەكی ئەو یاریەیە دەبێت لەو دۆخە ئاڵۆزەی كە لە عێراق دەگوزەرێت ژیارانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكات، بە جۆرێك كە لە ناكۆكیەكان خۆی بەدوور بگرێت، ئەگینا پروشكی ئەو ئاگرەی بەردەكەوێت.