مەرجەعی باڵاو فەسادی بەرەڵا
2019-11-30 19:35:24
پەیكار عوسمان
- لەدوای سەدامەوە، وەکئەوەی پارەیەکی گەورە وردکەیتەوە بۆ پارەی بچوك، ئاوا دیکتاتۆر وردبوویەوە بۆ وردە دیکتاتۆر. ئیتر فەسادیش هاتە خوارەوەو لە فەسادێکی ستونی سنوردارەوە، بووبە فەسادێکی ئاسۆیی بەرەڵا. خراپترین دۆخی وڵاتیش ئەوەیە کە فەساد بەرەڵا ئەبێ.
- جا ئەم وردبوونەوەیەی دیکتاتۆرو ئەم ئاسۆییبوونەوەیەی فەساد، ناونرا "پرۆسەی دیموکراسی" یان "دیموکراسی تەوافوقی"!
(فەسادی ئاسۆیی و فرەیی دیکتاتۆر) ناکاتە دیموکراسیی، ئەکاتە فەسادێکی گەورەتر لە فەسادی دیکتاتۆر، بۆیە زەمەنی سەدام و قەزافی لە حاڵی ئێستای عێراق و لیبیا باشترە!
کە ئەشڵیم باشترە، مەبەستم ئەوەنیە کە وەسفی دیکتاتۆر بکەم، مەبەستم ئەوەیە کە ئەوکات فەساد لەسەرەوەبوو، نەهاتبووە خوارەوەو بەرەڵا نەبووبوو! ئاخر فەساد خۆی کێشە نیەو لە باشترین سیستەمیشا بەڕێژەیەك هەر هەیە، فەساد بەرەڵابوونی کێشەیە.
- سیستەم لە مانایەکیدا، هەر ئەوەیە کە فەساد کۆنترۆڵ ئەکاو نایەڵێ بەرەڵابێ. یەعنی سیستەم و "فەسادی بەرەڵا" پێکەوە کۆنابنەوە مەگەر لە یەك حاڵەتدا، ئەوەی کە (فەساد خۆی ببێ بە سیستەم) وەکئەوەی ئێستای عێراق و هەرێم!
- کە فەساد بووبە سیستەم، ئیتر لەناو سیستەمەوە دژایەتی فەساد ناکرێ و ئەگەر بیکەیت وەکو وایە ئاو ببێژیتەوە!
بەڵکو ئەبێ بەرامبەر کۆی سیستەم و پرۆسەی سیاسی بوەستیتەوە، بە حکومەت و پەرلەمان و مەرجەعیەت و هەڵبژاردن و تەوافوق و داروبەردییەوە.
- جا ئەم پرۆسەی سیاسییە، کە دیموکراسی تەوافوقیشی پێئەوترێ و کە یەکسانیشە بە "سیستەمی فەسادی بەرەڵا". لە ژێر عەباکەی سیستانییەوە هاتۆتە دەرەوەو هەر عەباکەی ئەویشە ئەیپارێزێ. یەعنی ئەگەر خۆپیشاندەران ئەم عەبایە نەدڕێنن وەکو وایە هیچیان نەکردبێ!
- بەڵام دڕاندنی ئەو عەبایە ئاسانیش نیە، چونکە ڕاستە بەدیوێکا دڕاندنی ئەکاتە هەڵوەشانەوەی سیستەم. بەڵام بەدیوێکیشا دڕاندنی ئەکاتە ئینتیحاری شەقام!
ئاخر شەقامیش هەر لەژێر عەباکەی ئەوەوە، تا ڕادەیەك پارێزراوە، ئەو عەبایە نەبێت شەقام زۆر لە ئێستا سورتر ئەبوو..
یەعنی ئەم کابرایە ئەڵێ ی گونی قۆڕەو هەم خراپییەکان لەژێر عەباکەی ئەوەوە دەرچووە، هەم عەباکەی ئەویشە کە نایەڵی شتەکان خراپترببێ. یەعنی شەقام دارێکی بەدەستەوەیە هەردو سەری سیستانییە!
- تا ئێرا تەنیا باسی عەباکەی سیستانی بوو، عەبای سەدرو ئێران و ئەمریکاو سعودیەو زۆری تریش لەولاوە بوەستێ!
ئەمەوێ بڵێم: لەناو ئەو هەموو عەبای گورگەدا، شەقامی عێراق شتێکی زۆر جوان و بەهادارە هەر وەکو "حوسەین".
هەر وەکو ئەویشی لێدێ و لەڕاستیدا ئێستا عێراقییەکان و بەتایبەت شیعەکان، لە عاشورایەکی ڕاستی و زیندودان!
- ئەی کورد چیبکات؟
یەع لەو پرسیارەو لە وەڵامەکەشی.
ئەزانی بۆ؟
چونکە لە پرۆسەکەدا، کورد یەکسانە بە پارتی و یەکێتی، یەعنی ئەو پرسیارە لەڕاستیدا بەم جۆرەیە (ئەی پارتی و یەکێتی چیبکەن؟) ئێ پارتی ویەکێتیش هەر ئەوە ئەکەن کە کردویانە قابیلە چیئەکەن.
ئەگەریش "کورد چیبکا" مەبەست شەقام بێت، ئەوە شەقاممان نیەو لەڕاستیدا باشیشە کە نیمانە!
چونکە بوونی شەقام لەناو کەڵبەدا، ئەکاتە بوونی حوسەین، ئێمەش لە عاشورامان کەم نیەو حالییەن دوانمان هەیە یەکێ لە ڕۆژهەڵات و یەكێ لە ڕۆژئاوا.
- لەگەڵ ئەوانەشدا نائومێد نیم، چونکە ئومێدم بە عەقڵ و ئاشتی هەیە!
ئاخر کاتێ دەوڵەت و سیاسەت و ئایدۆلۆژیاو کۆمەڵگاو ئەخلاق و دەسەڵات و موعارەزەو تائیفەو هەموو شتە جەماعییەکان فەشەل دێنێ، هێشتا مرۆڤ عەقڵێکی ماوە بۆ بیرکردنەوە!
تۆ زۆر لات قورس و دژوارە کە ئەو شتانە کەوتوون، بەڵام لەڕاستیدا ئەوانە بەربەستەکانی بەردەم بیرکردنەوەی تۆن کە کەوتوون و ئیتر تۆ ئەتوانی بیربکەیتەوە!
بەڵێ سەدمەی کەوتنی کۆی فەزای دەرەوە، ئەشێ بتخاتە بەردەم خۆت و لەمسی عەقڵی خۆت بکەیت. ئا لەوێشەوە تاك دروست ئەبێتەوە ئەمجارە لەسەر بنەمای عەقڵ! عەقڵیش دەنگێکە هەمیشە پێت ئەڵێ ئاشتی! ئەوەش ساتی ژیان و هەستانەوەیە.