یەكێتیی و كۆنگرە.. دووڕیانێكی چارەنووس ساز
2019-11-30 14:59:54
لەتیف رەشید
لەبەر رۆشنانیی كۆنفرانسی كۆمیتەومەڵبەند ومەكتەبان "ی ن ك" بەپێویستم زانی چەند سەرنج وتێبینێك بخەمەڕوو.
یەكێتیی لەچەند ساڵی رابردوو وبەتایبەتی دوای نەخۆش كەوتن ودوور كەوتنەوی سەرۆك مام جلال لەگۆڕەپانی سیاسی بەبارودۆخێكی زۆر هەستیار ودژوار ونالەباردا تێئەپەڕی، ورووبەرووی چەندین كێشەی قوڵ ببوەوە كەزۆربەیان دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەو وبەرژەەندی خۆازانەی چەند كەسێك لەسەركردایەتی ومەكتەبی سیاسیدا بوو، كەبەداخەوە نەیان توانی لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتیەبن و پارێزگاری لەو ئەمانەتە بكەن كە مام جلال وشەهیدان وجەماوەری یەكێتیی وگەلی كورد پێی سپاردبوون.
تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی كەیەكێتیی لەحیزبی یەكەمەوە ببێتە حیزبی سێەم وجێگا وجاماوەری خۆی لەدەست بدات، ونەتوانێت پارێزگاری لە ڕۆڵ وشوێنی خۆی بكات، وبەرنامەو ستراتیجی روون ونادیار بن، لەئاست زۆرێك لەپرس و رووداوە گَرنگەكانی كوردستان وعیراق وناوچەكە.
كەبەدڵنیایەوە زۆریك لەكێشەو وقەیرانە دژوارەكانی كەرووبەرووی هەرێمی كوردستان ببوەوە ولەپێش هەمووشیانەوە تێكچوونی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق، وكەڵەكەبوونی كێشە هەڵپەسیراوەكان، دارایی وئابووری هاوڵاتیان وخەڵكی كوردستان بەگشتی وئەندامانی یەكێتیی بەتایبەتی زۆربەیان بەستراوەتەوە وئەگەڕێتەوە بۆ لاواز بوونی یەكێتیەوە.
بۆیە نەك تەنها كوردستان بگرە عیراق وناوچەكەش پێویستی بەپاراستنی هاوسەنگی هێزە لەهەرێمی كوردستان، كە بەهێزبونی یەكێتیی ودروست كردنەوەی لەسەر بنەماو بەرنامەی نوێ هاوچەرخ وگۆڕین وهێنانەپێشەوەی كادیر وسەركردایەتی لێهاتووی نوێ، بەشێكە لەپاراستنی ئەو هاوسەنگییە،كە ئەبێت كۆنگرەش ئامانجی سەرەكی بەدیی هێنانی ئەو گۆڕانكاریانە بێت.
ئەوەی كەتائێستا بەدی دەكرێت لەبەر رۆشنایی هەڵبژاردنی كۆمیتە ومەڵبەند ومەكتەبان، بەردەوام بوونی بەشێك لەسەركردایەتی ئێستا لەبەكارهێنانی بەرپرسیاریەتی ونفوز وئیمتیازاتی حیزبە بۆمانەوەو پاراستنی پۆست وبەرژەوەندیە داراییەكانیان، بێ گوێدانە یەكێتیی وجەماوەركەی وبەژەوەندی باڵای گەلی كوردستان.
كونگرە دەبێت زامنی دەربرێنی دیید وبۆچوون وڕای جیاواز كادیرو ئەندامەكان بیت، وبەشیوەیێكی دیموكراسیانە دەست بخاتە سەر هەڵەو كێشە بنەڕەتیەكان، وبەئازادانە و بیێ فشار وكڕین وفرۆشتنی دەنگ، سەركردایەتیێكی نوی هەڵبژێرێت، كەبە بەرنامەو پەیڕەوی نوێ تەعبیر لەخواست وئارەزووی وداواكاریە رەواكانی جەماوەری گەلی كوردستان بكات.
ئەوانەی كە ئێستا لافو وگەزافی پەیرەو كردنی وپابەند بوون وجێبەجێكردنی ڕێبازی سەرۆك مام جەلال لیێ دەدەن، وخۆیان بە میراتگری تاڵەبانی دەزانن، هەندێكیان لە هیچكام لە كۆبوونەوەو ودانشتی وچالاكی سیاسی مام جەلال ئامادە نەبوون، وئاشكرایە كەئەوانە نەشارەزای میژوی دروست بوونی یەكێتیین ونەلەكەسایەتی وفكر وریبازی مام تێگەیشتوون، كەبەشێوەیێكی براگماتی یەكێتیی بەهێز دەكرد بۆخزمەتی جەماوەر وگەلی كوردستان.
هەندێكی تریشیان لەدوای نەخۆش كەوتنی مام وپێش كۆچی دوایی بیێ شەرمانە هەوڵی بەدەست هێنان وپركردنەوەی جێگەكەیان دەدا، وزور جاریش هیرش كردنە سەر یەكێتیی بۆ بەدەست هێنانی دەستگەوتی سیاسی دژ بەیەكێتیی بەكار دەهێنا، وئێستاش بەڕووقایمیەوە هەوڵی بەدەست هێنانی پۆستی باڵا وسەرەكی لەناو یەكێتیی دەدەن.
هەر لەو رووەشەوە دەبێت ئەندام وبەشداربوانی كونگرە بەوپەڕی ووریایەوە دەنگ بدەن، وچاك بزانن كە یەكێك لەپرەنسیپ ورێبازە گرنگەكانی مام جلال، خۆی لەدوورخستنەوەی حیزب وئورگانەكانی یەكێتیی لە بنەماڵە وبەرەوبنەماڵەبردن وناوچەگەری بوو.
لەو پێناوەشدا كۆنگرە دەبێت پێداچوونەوەی جدی بكات لەهەڵوێست وكردار وسیاسەتی سەركردایەتی پێشوی یەكێتیی، ولێپرسینەوەی جدی لەمەكتەبی سیاسی وسەركردایەتی بكات، كەبێگۆمان لێپرسیاریەتی شكست هێنانی سیاسەتی یەكێتیی ولەدەستدانی جەماوەرەكەی لەئەستۆ دەگرن، وبەتایبەتی لەدوای دوور كەوتنەوەی سەرۆك مام جلال.
هەروەها كونگرە پێویستە سەرچاوەی داهاتەكانی یەكێتی شەفاف و ڕوون بكات، و بیان سپێرێت بە دەستێكی ئەمین، وخەرجیەكانیش بەپێی ڕێنمایی و یاساو وئیستحقاق دیاری بكرێت، وبەكار نەهێنرێت بۆ كرێنی وەلائات ودەمكوت كردنی ڕای جیاوزا، وتەخشان وپەخشان ودامەزراندی ناشەرعی.
لەئەركە گرنگەكانی كۆنگرە دەبێت گێڕانەوی یەكێتیی بیت بۆحیزبی موئەسەساتی دوور لە بنەماڵەیی و بازرگانانی سیاسی، دوور لە باڵباڵێن و تەكەتولاتی و دەستە و چەند گروپێكی قۆرغكار، كەپلە وپۆست و ئیمتیازاتەكانی حیزب و حكومەت بۆ خۆیان وبنەماڵە وخزم و كەسوكار و تەكەتولەكانیان تەرخان بكەن، بەومەرجەی كەبەرپرسیاریەتی لەناو یەكێتیدا بەهەڵبژاردن وبۆ كاتی نادیار نەبێت.
بۆیە ئەم كۆنگرەیە چەند گرنگە لەهامان كاتدا ئەوەندەش مەترسیدارە، بۆیە دەبێت كادیر وئەندامانی كەسانی بوێر و چاونەترس ولێهاتووبن، چونكە تەنها كۆنگرە نابێتە فریادڕەسی یەكێتیی، وبەكون فەیەكوونێك هەموو كێشە وجیاوازیەكان چارسەر بكات، وەئەگەر بەپێچەوانەوە بوو، ئەوا ئەوەی كە ماویشە لەدەستی دەدەین و بەرەو بچوكبوونەوەی زیاتر و لێكترازان وچارەنووسی نادیار دەڕۆین.