خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی خوارووی عێراق
2019-11-30 11:43:50
جەلال جەوهەر عەزیز
بەشی یەکەم :-
هۆکارە بابەتیەکانی خۆپیشاندانەکان :-
١/ باری سیاسی عێراق و کاریگەرییەکانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ز :
دوای ئەوەی عێراق لە ساڵی (١٩٩٠) ز کوێتی داگیر کرد، نەتەوە یەکگرتوەکان عێراقیان خستە ژێر بەندی حەوت لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پێی بەندی حەوت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشەڕ هێزەکانی عێراقیان دەرکرد لە کوێت، و لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق بەردەوام بوو لەسەر سەرپێچی لە بڕیارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە جارێکی تر، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەلاماری عێراقیان دا و داگیریان کرد لە(٢٠٠٣/٤/٩)، بەم جۆرە عێراق بە تەواوی سەروەری یاسایی و سیاسی خۆی لەدەستدا، و دەرگاکانی عێراق کرایەوە بە ڕوی دەوڵەتان و موخابەراتی دونیا و ناوچەکە، بەو شێوەیە عێراق بوو بە مەیدانی شەڕو ململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
سەرئەنجام عێراقیەکان ئیرادەو ویست و بڕیاری سیاسی، ئابوری و دارایی، ..... خۆشیان لەدەستدا، وبوون بە پاشکۆو ژێر دەستەی دەوڵەتان لە سایەی لەدەستدانی سەروەری یاسایی و سیاسی.
دیارە ئەم دۆخە چارەنوسی عێراقیشی وەک دەوڵەتێک خستە بەر هەڕەشەو مەترسی گەورەو زۆرەوە، بەهۆی ئەوەی عێراق خاوەنی ئیرادەو بڕیاری خۆی نیە، وخاکەکەی بوو بە مەیدانی شەڕو ململانێ زلهێزەکانی دونیاو ناوچەکە، و توانا مرۆیەکەی بوو بە سوتەمەنی شەڕەکە، وسەروەت و سامانەکەشی بوو بە زەخیرەی ئەو شەڕو ململانێیە.
٢/ کاریگەری شەڕی تیرۆر و داعش بە تایبەت،و لێکەوتەکانی لەسەر شیعەکانی عێراق :
ئازاد کردنی عێراق لە ٢٠٠٣/٤/٩ لە لایەن هاوپەیمانی نێودەولەتیەوە، و حوکمڕانی شیعە لە عێراق لە ماوەی ئەو شانزە ساڵدا، نەیتوانی کێشەی نەبونی و هەژاری و بێکاری چارەسەر بکات ، و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوە و خزمەتگوزاریەکان بۆ شیعەکان دەستەبەر بکات، بەڵکو توانیان ئازادی بۆ شیعەکانی عێراق مسۆگەر بکەن.
شیعەکانی عێراق سەرقاڵکران بە شەڕو ململانێی تایەفی، لە جیاتی ئەوەی قەرەبوو بکرێن، و سەرلەنوێ بینابکرێنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و ببوژێنرێتەوە، و خزمەتگوزارییەکانیان پێ بگات ، چونکە دانیشتوانی خواروی عێراق هەم پێویستیان بە ئامادەکردن و ئاساییکردنەوەی باری کۆمەڵایەتی و دەرونی ئەو دەیان هەزار خێزانە شیعەیە بوو، کە ڕۆڵەکانیان لەدەستدا بوو بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران (١٩٨٠- ١٩٨٨)ز وە شەڕی کەندای دوەم(١٩٩١ز)، و هەم بەشێکی زۆری ناوچەکانی شیعەنشین وێران بوو، بەهۆی شەڕ، وبەھۆی پشتگوێ خستنی ئەو ناوچانە لە لایەن رژێمی بەعسەوە.
پشکی شیعەکانی عێراق و زیانەکانی گیانی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و دارایی، دەرونیان زۆر بوو لەم شەڕو ململانێیە بەهۆی مەزهەبی، و بەهۆی ئەوەی شیعەکانی عێراق، گەر بە ڕووکەشیش بێت لە پێشەوەی دەسەڵات بوون لە عێراقی نوێ.
دوای ئەوەی شیعەکانی عێراق ماندوو و شەکەت و بێزار بوون لەشەڕ و ململانێی تایەفی و شەڕی تیرۆر، و زیانەکانی شەڕ، و تێربوون لە جێبەجێکردنی مەراسیمی مەزهەبی، ئەوسا ئاگادار بونەوە وتێگەیشتن، کە چەند زەرەرمەند بوون و کەوتوونەتە دواوە لەبەر ئەو هۆکارانە.
٣/ کاریگەری شەڕی سوریا و ناوچەکە، و قورسایی ئەو شەڕانە لەسەر شیعەکانی عێراق لە ڕووی مرۆیی و سیاسی،ئابوری و دارایی،و کۆمەڵایەتی و دەرونی :
مێژووی شەڕوململانێی مەزهەبی لە نێوان شیعە و سوننەدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتنی ئیسلام، ئەم شەڕو ململانێیە قۆناغی زۆر توند و جۆراوجۆر، و خاوبونەوەشی بە خۆیەوە بینیوە.
وەک هەموو شەڕەکانی تر، شوێنەواری تاڵ و ناخۆشی کۆمەڵایەتی، دەرونی، سیاسی، ئابوری، بە دوای خۆیدا هێناوە، لە نەبونی و هەژاری و بێکاری، توندو تیژی، قین و ڕق هەڵگرتن و تۆڵە سەندنەوە.
بۆیە حاڵەتێکی زۆر ئاساییە، بگرە وەک نەریتیشی لێهاتووە، هەرکاتێک شیعەکان وەک مەزهەب هەڕەشەو مەترسییان کەوتبێتە سەر لەلایەن سوننەکانەوە، یان لەهەر لایەکی ترەوە، شیعەکانی جیهان لەسەریان هاتونەتە دەنگ و هەڵوێست وەرگرتن و پشتگیری کردن، بێگومان پێچەوانەکەشی لەسەر سوننەکان هەر ڕاستە، بۆیە زەرەرو زیانی گیانی، سیاسی، ئابوری و دارایی، کۆمەڵایەتی شیعەکانی عێراق کەم نەبوە لە شەڕوململانێی شیعە لە سوریا ودەرەوەی عێراق.
هۆکارە خۆییەکانی خۆپیشاندانەکان :-
١/ بڵاوبونەوەو هەڵکشانی گەندەڵی هەمەلایەنە لەسەرجەم جومگە سەرەکیەکانی عێراق، لە سایەی
دەسەڵاتدارانی شیعە لە عێراق، لە (١٦) ساڵی ڕابردوودا :
دیاردەی گەندەڵی دیاردەیەکی نوێ نیە لە عێراق، لە دوای کودەتاکانی (١٩٦٣ز، ١٩٦٤ز، ١٩٦٨ز )بە زەقی و بە شێوازێکی بەرچاو گەندەڵی سیاسی، یاسایی، ئابوری ودارایی، کارگێڕی،.... بڵاوبوەتەوە لەسەرجەم جومگەکانی دەوڵەت لە عێراق، بێگومان کوردوشیعە لەم قۆناغەدا لە عێراق، گەورەترین زیانی گیانی، سیاسی، ئابوری و دارایی، کۆمەڵایەتی، دەرونیان بەرکەوت.
بەڵام لە سەردەمی عێراقی فیدڕال دا، گەندەڵی بوو بە کلتور و تەنانەت سنوری گەندەڵیشی تێپەڕاندوە و گەیشتۆتە ئاستی دزی و تاڵانی کردنی ئاشکرا، لە موڵک وسەروەت و سامانی گشتی، بەپێی پێوەرەکانی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق بووە بە یەکێک لە گەندەڵترین دەوڵەتانی دونیا.
بەهۆی ئەو گەندەڵیە هەمەلایەنەوە، پێکهاتەکانی عێراق بە گشتی تووشی زیانی زۆری ، ئابوری و دارایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەرونی بوون.
بێگومان زیادبوون و هەڵکشانی هەر گەندەڵیەک لە عێراق، لەسەر حیساب و پشکی خەڵکی عێراق دەبێت، دیارە هەژارانیش، بە هەژارانی شیعەشەوە زۆرترین ناپاکی و دزییان لێدەکرێت، وەک دەرکەوت هەژاری و بێکاری و نەبوونی لەناو شیعە، کێشە و بابەتێک نەبووە لەلای دەسەڵاتدارانی شیعە بە شێوەیەکی گشتی، بۆیە بەشێکی زۆر لە شیعەکان بە هەژاری و بێکاری مانەوە، لەگەڵ ئەوەی ناوچەکانی شیعەنشین لە عێراق دەوڵەمەندترین ناوچەکانی دونیایە، بەنەوت و غاز و سامانە سروشتیەکان.
٢/ شیعەکانی عێراق لە نێوان ئەرک و قوربانییەکی زۆر و بێبەشبونیان لە مافەکانی سروشتی و مرۆیدا :
دوای ئەو گۆڕانکاریەی ڕویدا لە عێراق لە بەهاری ساڵی ٢٠٠٣، شیعەکانی عێراق زیاد لە پێکهاتەکانی تر بوون بە ئامانجی تیرۆرستان، بەپێی ئەوەی هەموو هیزو لایەنەکانی شیعە لە عێراق، هەم پشتگیری ئەو گۆڕانکارییەیان کرد، و هەم پایە سەرەکیەکانی دەسەڵات لە عێراق بە ناوی ئەوانەوە بوو، بۆیە زیانەکانی گیانیان زۆر بوو، لەگەڵ ئەوەی شیعەکانی عێراق لە دەسەڵات بوون، بەلام بە شێوەیەکی گشتی ژیانیان گۆڕانکاری بەسەردا نەهات، و دانیشتوانی پارێزگاکانی خوارووی عێراق و ناوچەکانی تری شیعەنشین، هەر بە هەژاری و بێکاری و دواکەوتویی مانەوە، و بەرپرسان و دەستەودائرەکانیشیان بە شیوازێکی زۆر بەرچاو ژیانیان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هات.
هاوکات زۆربەی ئەرک و واجبات و قوربانی و فیداکاریش لەناو عێراق و دەرەوەی عێراق، کەوتە ئەستۆی هەژارانی شیعە لەبەرامبەر مافێکی زۆر کەم (ژیانی مەمرەو مەژی).
سەرئەنجام: قوربانیەکانی شەرو ململانێی مەزهەبی (١٦) ساڵ، و نەبوونی و هەژاری و بێکاری، بێبەشبون لە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە، بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە هەژارانی شیعە بڕوایان بەم دەسەڵاتە نەمێنێت، و لەم حکومەتە گەندەڵە هەڵبگەڕێنەوە و خۆپیشاندان بەرپا بکەن لە هەموو پاڕێزگاکانی خوارووی عێراق بە بەغدای پایتەختیشەوە، لە دژی دەسەڵاتدارانی شیعە لە عێراق.
لێرەدا، ئەو ڕاستیەمان بۆ ساغ دەبێتەوە، کە پرسی نەبونی و هەژاری و بێکاری و برسیەتی زۆر لە پێشەوەی پرسی مەزهەبیە.