Draw Media

كەی كاك مەسعود تاپۆیەكە دەردێنێت؟

كەی كاك مەسعود تاپۆیەكە دەردێنێت؟

2019-11-30 11:35:35


رێبوار كەریم وەلی

ئەوەی ئێستا لە بەغدا روودەدات شتێكی چاوەڕواننەكراو نەبوو، تەنانەت زۆر پێشبینیی ترسناكتریش هەیە كە بەرەو شەڕی ناوخۆیی، کودتا و كاولكاریی زیاتریش هەنگاو بنێت. بە هەموو پێوەرێك، وڵاتی بەناو عێراق لە رووی سیاسی و سەقامگیرییەوە لە كائۆس دایە، دەرچوون لێشی نە بە رێگەی دەستوورەوە دەكرێت و نە بە فتوای مەرجەعییەتی سیاسیی شیعە و، دەستێوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش ناتوانێ جارێكی دیكە عێراق بكاتەوە بە دەوڵەت. هەموو چارەسەرەكان كاتین و فتواكان تەنها دەتوانن وەكو ئارامبەخشێكی كاتی بن.

لە راستیدا شیعە لە2012 ەوە خۆیان لێگۆڕا و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەریش وا غەرقی سەرمەستیی بە چۆكداهێنانی كورد بوون كە وەسف نەدەكرا. 16ی ئۆكتۆبەر هەر ناوێكی لێ بندرێت، خاڵی وەرچەرخانێكی گەورەبوو لە رێكخستنەوەیەكی ئیقلیمیی حیساب بۆ نەكراو لە نێوان(ئێران، عێراق و توركیا) و دژایەتیی كورد و بەتایبەتیش سەرۆك بارزانی، وا خستنییە پەلە پڕوزێوە كە كارتەكان تێكەڵ و پێكەڵ بوون؛ رۆژئاوا بۆ توركیا، كەركوك بۆ ئێران، ئابڵوقەدانی كوردستان بۆ بەغدا و ...هتد. هەموو تەنازولاتێكیان بۆ یەكتری كرد، بێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجام بكەنەوە.

ئێستا دوای دوو ساڵ لە 16ی ئۆكتۆبەر، هێزە سیاسییەكانی كوردستان، تا راددەیەك لەو شۆكە مێژووییە دەرباز بوونە. سەقامگیریی سیاسی تا راددەیەكی زۆر دەستەبەرە و، لە بەرامبەر بەغداش بە هەوڵی سەرۆكایەتیی حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم، نەخشە رێگایەك بۆ جۆری مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا هەیە، بەڵام راستییەكەی هەر ئەوەندە كافی نییە و دەبێ كۆرد كەمێك دوورتر لەبەر پێی خۆیان بڕوانن. نە غروور بیانگرێ كە دووبارە هەستاونەتەوە و، نە ئەوەندەش ساویلكە بێت كە رێگە بدات جارێكی دیكە لە سەرپشتی كورد بەغدا ببێتەوە ئەو هێزەی بتوانێ كورد وا دەورە بدات. شەڕی داعش پاداشتەكەی لە 16ی ئۆكتۆبەر قەت نابێ لە بیر كەس بچێتەوە.

تا دێت، پێداگریی سەرۆك بارزانی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ هەموو نەیارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەردەكەوێت و، بۆیان دەسەلمێ كە چ بڕیارێكی مێژوویی بووە. راستە هەموومان گلەییمان لە حیساباتی هەڵەی هەندێك لە نزیكەكانی بارزانی هەبووە و دەشبێ، بەڵام راستترین بڕیاری سیاسی بوو.

ئێستا كە سیستانی( لە سۆنگەی فەشەلی سیاسییە مەزهەبییەكانی شیعە) لە مەرجەعییەتی دینی و مەزهەبیەوە تەحویل بووە بۆ مەرجەعییەتی سیاسی، دەبێ رۆڵی مەرجەعییەتی كوردستانیش و ئەو تاپۆیەی لە باخەڵی دایە، زیاتر لە جاران ئیبراز بكرێت. رۆژی ئەوەیە هێزە سیاسییەكانی كوردستان(كە ئێستا كێشەیەكی ئەوتۆی سیاسییان لەنێواندا نییە) تا یەكلابوونەوەی ئەم قۆناغە مێژووییە زیاتر لە جاران لەسەرۆك بارزانی نزیك بنەوە و سەرۆك بارزانیش دەرگای كراوە بێت. دەبێ لە بەرامبەر مەرجەعیەتی سیاسیی شیعە مەرجەعییەتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان هەبێ و بتوانێ رۆژێك بە هاوكاریی هەموو هێزەكانی دیكە چۆن ریفراندۆمی سەرخست، ئاوهاش ئیش بەتاپۆیەكەی بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand