Draw Media

كەس نیە لێپرسینەوە بكات 

كەس نیە لێپرسینەوە بكات 

2019-11-30 07:52:46


 لەتیف فاتیح فەرەج 
1
خەڵك بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵی و نادادی چاوی لە چەند شوێنێكە ، واتە چاوەڕێی چەند شوێنێكە ئەو كارە بكات 
ئۆپۆزسیۆنێكی ئاكاری و كارا 
دیوانی چاودێریەكی نەترس و بوێر 
داواكاری گشتی 
دادگاكان 
یان لانی كەم ئەو حكومەتەی كە دوای حكومەتی پێشوو دێت بۆ ئەوەی دۆسیەكان هەڵداتەوەو گەندەڵی و نادادی داگای بكات .
2
هیچ حكومەتێك نیە لە دنیادا كۆمەڵێك خەڵك نەیپارێزن 
حكومەتی دیكتاتۆری بەشی خۆی هەیە بۆ پاراستنی 
حكومەتی گەندەڵ و نادادیش هەندێك نەهەنگ و عەزیا دروست دەكات بۆ مانەوە 
 حكومەتی دیموكراتیش  خەڵكانی خۆی هەیە 
پرسەكە گرێدراوی ئاكارە ئەوەی ئەو دەزگاو ناوەندانەی خاڵی یەكەم پێی هەڵنەسن ، دەبێت و خەڵك و رای گشتی پێی هەستن ، ئایە خەڵك ئامادەی گۆڕانكاری و هەڵوەستەی راستە یان هەر غەڵبەغەڵب .
غەڵبەغەڵب هیچی لێ‌ سەوز نابێت .
3
هەواڵێكم بینی بە لامەوە سەیر بوو 
گوایە نێچیرڤان بارزانی لە سەر ئەركی خۆی سێ‌ پارك لە هەولێر دروست دەكات ، ئاخر ناكرێت پرسیاری ئەوە بكرێت ئەو پیاوە لە سەر كام ئەرك .
كەس هەیە لەوە بپرسێت ئایە نێچیرڤان پێش چوونە سەركورسی حكومەت چی هەبوو ئێستا نەك خۆی كوڕ ، برا ، كەس و كار ، دەروێشەكانی چیان هەیە ، خۆ ئەگەر بەیانی بابایەكی وەكو من موچەیەكی مەمرەو بژیم هەبێت لێم دەكەن بە هەڵڵا ، بۆ ئەو تەنانەت دادگاو دادوەرو داواكاری گشتی و ئۆپۆزسیۆن و دیوانی چاودێریش هیچ ناڵێن ، شتێك هەیە بەرژەوەندی هەموو لایەك بە یەكەوە دەبەستێت یان من هەڵەم ، شەرمە دادوەرێك لەسەر ئەوەی مناڵێك كۆترێكی دزیوە دۆسیە بكاتەوە ، لێ‌ چاو لە دزین و نەمانی ملیاران دۆلار بخەوێنێ‌ .
4
هەق نیە لە بری سەركردەكان و سەرۆكەكان و سەرۆكی حكومەت و وەزیرو گزیر لۆمپەن و پانكەرەوەو ماستاو چی وەڵام بدەنەوە ، شەڕ شەڕی ئەوان نیە ، ئەگەر مەسەلەكە سڕو سوقانەكەیە ، شەرمە مرۆڤ جگە لە ورگی خۆی ورگی كەسی تر نەبینێ‌ ، چیرۆكەكەی مستەفا لوتفی مەنفەلوتی بۆ ئەو كوێر بیانەیە .
ئاخۆ سەرۆكی حكومەتی ئێستا دەتوانێ‌ لێپرسینەوە لە گەندەڵیەكانی رابردوو بكات ، گەرچی ناتوانم بڵێم ئومێدم هەیە ، بەڵام بێئومێدیش نیم .
5
ئۆپۆزسیۆن ئەركی نیشاندانی عەیب و عارەكانە ، نەك لەبلەبانی و كڕوزانەوە ، ئۆپۆزسیۆن یان نەبوونی باشتر ، یان دەبێت نوێنەرایەتی رای گشتی بكات ، ئەوانەی لە رێی درۆوە دەگەنە دەسەڵات كە دەمامكەكەیان كەوت ، جگە لە شەرمەزاری هیچیان بۆ نامێنێتەوە .
6
كەسێك لە سەردەمی حوكمڕانیەكەیدا ، رۆژنامەنووس بكوژرێت ، پارێزەر بكوژرێت ، خەڵك لاقە بكرێت ، پێشمەرگە لە برسا خۆی بكوژێت ، هەزاران كەس لە سایەی ئەودا پشت بكەنە نیشتمان و لە وڵاتان ببنە پەناهەندە ، شورەییە خەڵك داكۆكی لێبكات و ببێتە پارێزەری.
بۆ ئەوەی لە سەركردەكانی باشور بگەیت ئەم رستەیە شیكەرەوە " دژی بوونی پەكەكەین و سەربازە توركەكانی ئێرە  برامانن " !!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand