Draw Media

دواڕۆژی کورد لە عێراقی سیستانیدا

دواڕۆژی کورد لە عێراقی سیستانیدا

2019-11-29 18:48:23


د. جەبار قادر
دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق بەرەو سیستەمێکی مەزهەبی تەواو هەنگاو دەنێت. لابردنی عادل عەبدولمەهدی بە فیکەیەکی سیستانی جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتەی بۆ هەموو لایەک دەرخست. ئێستا هەموو کەسێک دەزانێ نە دەستور و نە ئەنجومەنی نوێنەران و نە هەموو دامەزراوەکانی تری دەوڵەتی عێراق بەرگەی یەک قسەی سیستانی ناگرن.
گروپە سیاسییەکانی شیعەی عێراق لە یەکەم ڕۆژەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن خەونیان بەم ڕۆژەوە دەبینی، بەڵام دەیانزانی ئامادەیی سوپای ئەمریکا لە عێراق و هەڵوێستی سوننە و کورد کۆسپن لە بەردەم ئەم خەونەیان. ئەمریکا خوا خوای بوو بکشێتەوە و لە کۆتاییدا سوپاکەی کشانەوە، سوننەش بە هۆی ناواقیعییەتی سیاسی و توندڕەوی ناسیۆنالیستی و مەزهەبییەناوە شارەکانیان وێران کران و پێگەیان بە تەواوەتی لاواز بووەو ئەمڕۆ کۆمەڵێ هەلپەرست و خۆفرۆش نوێنەراتییان دەکەن. هەرچی کوردە خۆی بە هاوپەیمانی شیعەی ستەملێکراو دادەنا، تا کارەساتەکانی ١٦ ئوکتۆبەری ٢٠١٧ قەومان و حەسەن پلایس و ئەبو عزرائیل و هەموو هاوپیشە دڕندەکانیان هاوپەیمانەکەی دوێنیان هەتک کرد. لە ٢٠٠٣ەوە زۆر جار ئەمەم وتووە، کە گەورەترین هەڵەی سیاسی بەرپرسانی کورد هاوپەیمانیان بوو لە گەڵ ئیسلامی سیاسیدا. هەمیشە وەڵامیان ئەوە بووە، کە کەس لە گۆڕەپانەکە نەبوو لەوان زیاتر. ئەمە دیوێکی ڕاستییەکانە، دیوەکەی تری ئەوەیە کە ئەوان لە هەڵپەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەپەلە و کاتیدا لە بەر پێی خۆیان زیاتر هیچیان نەدەبینی. گەلێ جار لە شیعەکان زیاتر بە سیستانی و پیاوانی مەزەبیدا هەڵیاندەدا، تا وای لێهات کەس نەوێرێ ناسکترین ڕەخنە لەوەی لە مەرجەعییەتی شیعەوە کردیان بە مەرجەعییەتی ئاینی. تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی "عێراقی فیدیراڵ و پاڕلەمانی" دروشمی "مرجعییەتی نیشتمان"ی لە سەر شاشەکەی داناوە.
ئەوەی کاربەدەستانی ئاخوندی ئێران لە دەستوردا جێگیریان کردووە و بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاندوویانە، سیستانی و لایەنگرانی دەیانەوێ لە سێبەری دەستورێکی دیموکراتیدا بەسەر گەلانی عێراقدا بیسەپێنن. ڕێژەی شیعە لە عێراق لە بەرامبەر مەزەب و ئاینەکانی تر بەو جۆرەی ئێران نیە، بۆیە ئەمان دەیانەوێ لەدەرەوەی ڕێکاری دەستوری ئەو کارە ئەنجام بدەن.
جێبەجێ کردنی خواستەکانی سیستانی بێ بەرگری کورد و سوننە وا دەکات دەسەڵاتی مەزەبی ببێتە دێوەزمەیەک کەس نەتوانێ لە بەرامبەریدا خۆی پێ بگیرێت. چەوسانەوەی نەتەوەیی و مەزەبی کورد ئەوەندەی تر پەرە دەستێنێ. عەرەبی شیعە لە دژی کورد هەمیشە زمانی هاوبەشیان لە گەڵ حعەرەبی سوننەدا هەیە و دەبێ. هەستی توندڕەویی ناسیۆنالیستی بەرامبەر کورد لە لای عەرەبی شیعە هیچی لە عەرەبی سوننە کەمتر نیە، ئەگەر زیاتر نەبێت.
بە کورتی و کوردی ڕۆژانێکی ڕەش چاوەڕوانی کورد دەکات لە باشووری کوردستان، ئەوەی لە ١٦ ئوکتۆبەر بینیمان شتێکی ئەوتۆ نابێت لە چاویان. دەبێ کورد بەرگری لە داهاتووی خۆی بکات و شیعەکان لەوە تێبگەیەنێت کە ناکرێت مەرجەعییەتی بەشێک لە دانیشتوان بڕیار لە سەر چارەنووسی هەموو خەڵک بدات و بۆ ئەمەش داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا بکات کە ڕێگری لەم ڕەوتە ترسناکە بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand