بۆ ئەوەی لە کۆنگرە تێبگەن
2019-11-28 10:56:12
هادی حەمەرەشید
1⃣
لێرە کۆنگرە خاوەنی حیزب ڕێکیئەخات چونکە هەستئەکات ئینتیمای ئەندامەکانی پێویستی بە ئەپدەیت هەیە و دەروێش و موریدان ئەبێت بەیعەت نوێ بکەنەوە، بۆ ئەوەی کە بشزانیت کێ خاوەنی ڕاستەقینەی حیزبە سەیرێکی ماڵ، میوانخانە، باخ و بارەگاکانی کوڕانی بنەماڵە بکە بزانە چۆن جمەی دێت لەکادیر، بزانە چ حەشامەتێك لە بەرپرسی سمۆڵ و میدیەم و لارج و ئێكس و دەبڵ ئێکس و سێ ئێکس لارجیان لەگەڵە!
لێرە بنەماڵە گەڕ بە هەمووان ئەکات بۆ ئەوەی کۆنگرە نەبەستن کاتێك کە زانی هێشتا گومانی لەخاوەندارێتی حیزب هەیە، کاتێکیش هەستی کرد دۆخی باشە بەزوویی کۆنفرانسەکانی خوارەوە تێئەپەڕێنێت و خێرا دەرگای کۆنگرە واڵا ئەکات، هەموو کەلێن و کەموکورتییەکان چارە و پینەئەکەن و نەیاران پاکتاو ئەکەن و بە دەروونی ئارامەوە دێنە دەرەوە!
لێرە بنەماڵە ئەگەر نەیارەکانی دەرەوەیان تەمبێ کرد، ئیتر بەر ئەبنە خۆیان و کوڕی سەرۆك هۆشیاری توند ئاراستەی ئامۆزاکانیان ئەکەن، سنووریان بۆ دائەنێن و پێ بەپێ ئەیانخەنەوە چوارچێوەی ڕاستەقینەی خۆیانەوە!
لێرە بنەماڵە دوا قۆناغی هەژموونیان لەناو کۆنگرەدا نمایش ئەکەن، کاتێك ئەرخەیان بوون لە هەموو شتێك، ئیتر کۆنگرە ئەکەن بە کۆنسێرت و هەر ئێوارەیەك تەرخان ئەکەن بۆ گۆرانیبێژێك!
2⃣
یەکێتی دەمێکە تەماداری بەستنی کۆنگرەی چوارەمە، ئەمجارەیان پرۆسەکە قۆناغی مانۆڕ و عەرزی عەزەڵاتی تێپەڕاندووە و بواری پاشەکشێ نەماوە، کۆنفرانسی کۆمیتەکان تەواو بووە و هەینی بەردەممان حەشری مەڵبەندەکانیش کۆتاییان دێت و دەموچاوی براوەی کۆنگرە بەدەرئەکەوێت کە ڕەنگە بواری هیچ سوپڕایزێك نەمابێت و پێش ئەوەی شۆکی ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆمیتەکان بەریان بدات تاڵاوی مەڵبەندەکانیشی بەدوادا بێت!
کۆنگرەی چوارەم(تا ئێستا، ئەگەر ئیرادەیەك لەسەروی کوڕ و برازاکانی "مام"ـەوە بڕیارەکان نەگۆڕێت) کۆنگرەی پۆست مام جەلالە(بەخۆی و سروشتی کارییەوە) ئەمە واتە قۆناغی مام جەلال بۆ زۆر کەس کۆتایی دێت، ئەوانەی کە تەنیا خۆیان و بۆینباخەکەیانن و بە تەزکیە و پاکانەی ئەو ئەبوون بە ئەندامی سەرکردایەتی و میم سین!
قۆناغی ڕێککردنەوەی کارتەکانە لەلایەن خاوەنی ئێستای یەکێتییەوە، یان ڕاستتر بڵێین چنینەوە بەرهەمی چەند ساڵێکی هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی کارتەکانە لە غیابی مامدا.
زیاتر لەساڵێکە کوڕانی بنەماڵە بۆ ڕاستکردنەوەی باری گلاوی یەکێتی کۆمەڵێك هەنگاوی چاوەڕوان نەکراویان هەڵگرت، دیارترینیان هێنانەوەی د.بەرهەم بوو لە هاوپەیمانییەوە و پێدانی گرنگترین بەرکەوتەی حیزبەکەیان بەو کە سەرۆك کۆماری عێراق بوو، هەروەها گەڕانەوەی زیاتر لەهەزار کادیری ئەو هاوپەیمانییە و دانانیان بە واژۆی کۆسرەت ڕەسوڵ لە پلە و پێگەی ئەوتۆدا.
جگە لە دانانی بەرکەوتەی یەکێتی لە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکار و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لەوڵاتان...تاد موعانات و چەرمەسەری زۆریان بەدەست باڵی بەرامبەرەوە چەشت، ڕەنگە خاڵی کۆتاییان دانابێت!
دوای مام پاشاگەردانییەکی بێ پێشینە ڕووی لە یەکێتی کرد، بەگشتیی دوو ئاراستەی سەرەکی لەیەکێتیدا شێوەی گرت; دەوروبەری ماڵی مام جەلال(بە جیاوازیی سروشتیانەوە).
لەبەرامبەر ڕکابەرەکانیان(بە جیاوازیی خەون خولیای ئەوانیشەوە).
خاڵی هاوبەشی هەردوو باڵەکە بەکارهێنانی سەرمایەی نیشتیمانیی بوو بۆ بەهێزکردنی خۆیان و حیزبەکەیان، ئەمەش لەڕێگای کۆمەڵەیەك لە(گروپی کۆمپانیاکان)ـەوە کە هەردوو باڵەکە دەستیان خستووەتە قوڕگی زۆنەکەوە و هەموو بوارێکیان بە چرای سەوزی حیزبە چاولەبەرەکانیان قۆرخ کردووە!
بەڵام خاڵی جیاوازیان بریتی بوو لەوەی کە ماڵی مام بەشی خەڵکیتریان ئەدا و بە بەرنامە دوو ساڵ زیاترە کار بۆ ئەم مانگە ئەکەن و شاباش ئەبارێنن بەسەر کەسانی بە ئامانج گیراودا، لەبەرامبەردا ئەوانیتر هەرخۆم خۆمیانە و هەموو خەمێکیان هەوڵدانە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی مناڵ و زاواکانیان، تەنانەت با لەلای پارتی و ماڵی بارزانییش بێت!
3⃣
پرسیاری جدیی ئەمەیە; یەکێتی بنەمای دامەزراندن و یەکێك لە پاساوە سەرەکییەکانی شەقهەڵدان بوو لە تایپی بنەماڵەیی لە حیزبایەتیدا، ئێستا بۆچی کادیر و ئەندامەکانیان بەو جۆرە ئامێزیان بۆ واڵا کردووە؟!
بەگشتیی دوو هۆکاری سەرەکیی پاڵنەرن;
۱ـ قەڵەمڕەو و بنکەی سەرەکیی جەماوەرییان ئیدارەی کۆنی سلێمانییە کە زۆرینە یەکێتی و گۆڕان بوون لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم دەڤەرە لە سەرهەڵدانی گۆڕاندا جارێکیتر پەیامی دژ بە بنەماڵەییان دایەوە بە گوێی دەسەڵاتدا، بەڵام سەرئەنجام گۆڕان خۆی لە بنەماڵەییبوونی بزووتنەوەکەدا چەند فرسەخ هەموو حیزبەکانیان جێهێشت و ڕووی ئەوانیتریان سپی کردەوە، بەداخەوە جورئەتی زیاتریان دا بە پارتی و یەکێتی تا باشتر بیر لە بەخێزانیی کردنی هەموو شتێك بکەنەوە.
چەندین شێرەبەفرینە و پڵنگی باغە و هەڵۆی لە تەپەدۆر دروستکراو کڕنووشیان بۆ دوو مناڵی بێ بەهرە برد!
چەندین میرابۆی شۆڕشگێڕی دەم پڕ لە هاوار بێدەنگ بێدەنگ لە تەکیەکەی شێخ چیادا خزمەتکارن!
ڕەنگە باشترین بژاردە دوای باڵادەستی ماڵی تاڵەبانیی لە کۆنگرەدا، ئەوەبێت کە یەکەم کەس و لایەن سوپاسی(نما و چیا) بکەن کە بە دەستەمۆکردنی گۆڕان، ڕێگای دەستەمۆکردنی یەکێتییان بۆ ئەوان تەختتر کرد!
۲ـ بەڕاستیی ڕکابەرەکانیان توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانیان نیە، چونکە هەر بۆ خۆیان بنەماڵەن و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی پێگە و پۆستە هەستیارەکانن بۆ کوڕ و کاڵەکانیان!
ئەوەی ئەچێتە ناو وەها یارییەکەوە، وەك گۆڕینەوەی کشمیشە بە مێوژ!