Draw Media

هه‌رێمی کوردستان له‌ ناوه‌ندی گۆڕانكارییه‌كاندایه‌

هه‌رێمی کوردستان له‌ ناوه‌ندی گۆڕانكارییه‌كاندایه‌

2019-11-27 13:28:48


ھێمن کەریم


زیاتر له‌ هۆكارێك هه‌یه‌ بۆ راڤه‌كردنی چۆنێتی گۆڕانی ناوچه‌كه‌، هه‌م له‌ڕووی فۆڕمی سیاسی و هه‌م له‌ڕووی ده‌رهاویشته‌ی سیاسییه‌وه‌، به‌و هۆكاره‌ش هه‌رێمی كوردستان كه‌وتۆته‌ قووڵایی نێوان ده‌رهاویشته‌كانه‌وه‌، نه‌ك خواستی گۆڕانی سیاسی هه‌رێمی، ھەروەھا خواستی ئه‌م یان ئه‌و ده‌وڵه‌ت نییه‌ كه‌ باشووری كوردستان به‌ره‌و كوێ بڕوات، به‌ڵكو ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ قووڵی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌رهاویشته‌یه‌ك بهێنێته‌ كایه‌وه‌ هه‌م تائیفی بمێنێت و هه‌م یاساش رواڵه‌ته‌كه‌ی بێت.

ئیدی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو «عیراقێكی بێ سیاده‌دا» هه‌ر وێنه‌یه‌كی لێده‌رچێت، ئه‌مریكا سیاسه‌تی دیفاكتۆی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ته‌نها كێشه‌ی رواڵه‌تی ئه‌مریكا، ئێرانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌داو ته‌نها كێشه‌ی ئێرانیش، ئه‌مریكایه‌ ئه‌گه‌ر به‌قووڵیی بێته‌ پێشه‌وه‌.

یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتنی سیاسی ئه‌مریكا و ئێران له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌ گۆڕانی سیاسی رێخۆشكه‌ره‌ بۆ ته‌وژمێكی دووباره‌ی ململانێی تائیفی له‌ عیراقدا، چونكه‌ هه‌رچی ئه‌مریكایه‌ له‌رێگه‌ی هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی هێزێكی نیزامی راستڕه‌وی خۆیه‌تی له‌ عیراقدا به‌بیانووی كێشه‌ تائیفییه‌كان و رواڵه‌تی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شی وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ عیراق و مانه‌وه‌ی وه‌ك عیراقێكی فیدراڵ پیشان ده‌دات، ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی ئه‌و دیفاكتۆیه‌یه‌ كه‌ له‌منداڵدانی عیراقدا فۆرمه‌ڵه‌ی ده‌كات.

له‌دوای ململانێی ئایدۆلۆژیی سۆڤێت و ئه‌مریكا ده‌ره‌نجامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی و پێشكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مریكا ، ئه‌و جووڵه‌یه‌ بوو كه‌ بریتییه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ململانێی ئیتنیكییه‌كان و شه‌ڕه‌ تائیفییه‌كان، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی گۆڕانی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌ی هه‌ژاردا هاته‌ ئاراوه‌ و ئه‌مریكای بۆ ماوه‌یه‌ك هێشته‌وه‌ و كردییه‌ پاڵه‌ونی ده‌ره‌كیی هه‌میشه‌یی، رێك به‌ هه‌مان چه‌شنی عیراق ئێستا كه‌ گرووپی جوداخواز له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادان و چه‌ندین ساڵه‌ له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام و به‌هاری عه‌ره‌بی دروست بوون، ئه‌م گروپانه‌ وه‌ك ئیتنیكی –سیاسی كۆبوونه‌وه‌ و میلیشیایی ئه‌و ئیتنیكه‌ هاورده‌یه‌ تائێستا وجودی هه‌یه‌، به‌چه‌شنێك هه‌م حكومڕانه‌ هه‌م ئۆپۆزسێۆنه‌، هه‌م رازییه‌ هه‌م ناڕازی ، ئێستاش هیچ ئۆپۆزسێۆنێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادییه‌كان له‌ عیراق كۆشش ناكات، به‌ده‌ر له‌ كێشه‌ مه‌زهه‌بی و تائیفییه‌كان له‌ هه‌ركاتێك به‌ده‌ستێكی ده‌ره‌كی داده‌مركێته‌وه‌.

خواستی هاووڵاتیبوونی تاكی عیراقی به‌ده‌ست ئه‌و ده‌سته‌ ده‌ره‌كییانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، بۆیه‌ كه‌م تازۆر ناڕه‌زاییه‌كانیش له‌ده‌ست ده‌رده‌چن، به‌ڵام هه‌تا كێشه‌ مه‌زهه‌بی و تائیفییه‌كان جاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا كۆششكردنی چه‌مكی هاووڵاتیبوون له‌ژێر پرسیاردایه‌.بۆیە لە زۆرێک ‌‌‌ وڵاتانی به‌هاری عه‌ره‌بی ئه‌م فۆڕمه‌ له‌ حوكمڕانیی میلیشیا هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، هه‌م ئۆپۆزسێۆنه‌ كه‌ ده‌بینرێت. 

ئه‌م فۆڕمه‌ ده‌رهاویشته‌یه‌ كه‌ هاورده‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمییه‌، یان ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت یان ده‌بێت به‌گۆڕانی سیاسی خاوبكربێته‌وه‌، ئالێره‌وه‌ ململانێی نێوان دژه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌مریكا وه‌ك ده‌رهاویشته‌ی سیاسی هه‌وڵده‌دات، كه‌ ئه‌مه‌ش بێ كێشه‌ تێپه‌ڕ نابێت و هه‌رچی ئێرانیشه‌ ده‌یه‌وێت ناوچه‌كه‌ به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، كه‌ مانه‌وه‌یه‌تی له‌و تێكه‌ڵه‌ مه‌زهه‌بی و میلیشیاگه‌رییه‌دا.

ئه‌م گۆڕانه‌ سیاسییه‌، ئه‌گه‌ر به‌كرده‌یی ده‌ستی بۆ ببرێت، ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان له‌ قووڵایی گۆڕانكارییه‌كه‌دایه‌، ئیدی یان ده‌بێت ململانێی ناوخۆییه‌كانیان وه‌ڵابنێن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌رده‌می كۆششكردنی سیاسی نه‌ك كۆشكی سیاسی، وه‌ك له‌سه‌رده‌می «جه‌لال تاڵه‌بانی» سه‌ركرده‌ی كۆچكردووی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌ی سه‌رۆك كۆماربوو به‌دی ده‌كرا، كه‌ به‌خوانێك دژه‌كانی كۆده‌كرده‌وه‌ و هه‌ر به‌خوانێكیش په‌یامی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیی رێكده‌خست، ئێستا كه‌ كه‌سێكی وا نییه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ بێكه‌سترین كاریزمایی سیاسیدا ده‌ژی، ده‌بێت ھەرێم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عیراق تا هه‌رێم له‌و ده‌رهاویشته‌ سیاسییه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری كاولكاریی گه‌وره‌ی تێدا به‌دیده‌كرێت، بخرێته‌ بازنه‌ی عیراقه‌وه‌، تا له‌وێوه‌ هاوپه‌یمانه‌كان یان دژه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك ناوچه‌ نه‌كه‌ونه‌ ته‌واوی كێشه‌كانیانه‌وه‌.
ره‌نگه‌ تا ئه‌م كاته‌ گره‌نتیی مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ عیراقێكی بێ كێشه‌ و به‌هێزه‌وه‌ بێت وه‌ك هه‌رێمێك، چونكه‌ ته‌نیا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانرێت سه‌روه‌رییه‌كان و ترس و مه‌ترسییه‌كانی بشاردرێته‌وه‌ و ده‌ستی بۆ نه‌برێت، ئه‌گه‌رنا خواستی كۆششی سیاسی به‌م ده‌ستوبرده‌ ناكرێت و هێنده‌ ململانێی ناو حكومڕانانی هه‌رێم له‌ بڕیاردانی تاكلایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و هه‌م ململانێی ناو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ناو خۆیاندا، رێگرن له‌و كۆششه‌ سیاسییه‌.

زۆرێك له‌ شرۆڤه‌كارانی سیاسی ئه‌مریكاش، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مریكا به‌چاوی بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ هه‌رێمی كوردستان، ره‌نگه‌ هۆكاری نه‌بوونی كێشه‌ی تائیفی بێت، به‌ڵام به‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی سیاسی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت، سیاسه‌تی هاوسه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی له‌نێوان هێزه‌كانی هه‌رێمی باشووری كوردستان، راگرتنی ئه‌و باڵانسه‌یه‌ كه‌ تائێستا ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌م گۆڕانه‌ سیاسییه‌ له‌ ئیقلیمی و عیراقیدا به‌یه‌ك جووڵه‌ی هه‌ڵه‌ ده‌چێته‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا، واته‌ هه‌مان ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ به‌چاوی شه‌ڕی ناوخۆ له‌لایه‌نی ئیقلیمییه‌وه‌ ته‌ماشای هه‌رێمی كوردستان ده‌كرا، واته‌ دابه‌شكار، نه‌ك ناوچه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك كورد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand