Draw Media

دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ سلێمانی

دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ سلێمانی

2019-11-27 13:08:06


ئاسۆ حاجی
دلنیام بۆ زۆربەی كوردستانیان بە تایبەتی بۆ ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی و گۆڕان و تەنانەت پارتیەكانیش سەردانیەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەر گلكۆی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال جێگای تێڕامان و پرسیارە،یەكێتی و گۆڕانەكان رەنگە وێنەیەكی نوێ و مۆدێلێكی تازەیان لە سیاسیەكی كورد هەست پێ كردبێ كە جورئەت و توانای تەجاوزكردنی هەستیارترین قۆناغ و سارێژكردنی قوڵترین برینی هەبێت لە جستەی بزووتنەوەی كوردایەتی كە نەك تەنها باشور بەڵكو پارچەكانی دیكەی كوردستانیش باجەكەی دەدەن.

ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كردی و دەیكا دەبوایە نەوەی پێشوتر بیكەن لە تەجاوزكردنی عەقلیەتی یەكتر نەخوێندنەوە و دەربازكردنی قۆناغی عینادی سیاسی و بەرچاوتەنگی حیزبی كە زادەی ئەو ئینشیقاقە بوو كە لە سەرتای ساڵانی شۆڕشی ئەیلول روویدا و باڵی مەكتەبی سیاسی كە دواتر بە جەلالی ناسران لە دژی مستەفا بارزانی رابەری شۆڕشەكە ئەنجامیاندا.

لە ژیانی سیاسی نێچیرڤان بارزانی ئەوە كارێكی نوێ نیە و رەنگە كاریگەری كەسایەتی و دونیابینی ئیدریس بارزانی باوكی بێت كە لە زۆر رووەوە لە سیاسیەكانی دیكەی جیا بكاتەوە كە زیاتر وەك پیاوی چارەسەر بناسرێ نەك گرفت دروستكەر.

لە دوای كارەستای شازدەی ئۆكتۆبەر كە كورد لە شكەست بوو و عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێڕاقیش بە خۆشاوی داگیركردنەوەی كەركوك و هەولدانی بۆ لەناوبردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان سەرخۆش ببوو و وەك پاڵەوان لە وڵاتان دەگەڕا و رۆژ نەبوو هەڕەشەی نوێتر و زیاتر لە كوردستان و مافە دەستوریەكانی نەكات،نێچیرڤان بارزانی جیاواز لەو سیاسەتە تقلیدیەی سیاسیە شەڕقیەكانی پێ دەناسرێنەوە بە سیاسەتێكی نەرم و حەكیمانە و كاریگەر لە سەر ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی دونیا نەك هەر توانی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان بپارێزی بەڵكو عەبادی و حكومەتەكەشی ناچاری دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ كرد بەبێ ئەوەی گچكەترین سازیش لەسەر مافە دەستوریەكانی گەلی كوردستان بكات،ئەو كات ئەو هەڵوێست و جولە و سیاسەتانەی نێچیرڤان بارزانی بووە جێی سەرنجی زۆر لە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و زۆر نووسەر دەربارەیان نووسی و سیاسەتڤانی ئەوروپی قسەیان دەربارە كرد بەوەی كە ئەوان كەسایەتی و عەقڵیەتێكی نوێ دەبینن كە لە سیاسیەكانی شەڕقی جیاوازە.

بەهێزبوونەوەی سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كە چاوەڕوان دەكرێ لە رووی ئابوریشەوە بەهێز بؽتەوە بە پێچەوانەی بەشەكانی دیكەی عێراق بەرهەمی ئەو عەقلیەتە و دونیابینیەیە،ئەوەش هۆكارە كە جارێكی دیكە هەولێر وەك ناوەندێكی گوؽ لێگیراو و حیساب بۆكراو بگەڕێتەوە ناو هاوكێشەی داڕشتنەوەی سیاسەتەكانی ناوچەكە،ئەوەش بە تەواوی لە سەردانەكەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا مایك پێنس بۆ هەولێر دیار بوو بە تایبەتی كە بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند كە ئەوان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك مەرجەعیەتی كوردانی ناوچەكە تەماشا دەكەن و مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

بۆ ئەو قۆناغە قوڵكردنەوەی ئەو مۆدێلە لە سیاسەت كردن بۆ بە كلتور بوون خزمەتێكی گەورە بە هەرێمی كوردستان و دۆزی گەلی كوردستان لە پارچەكانی دیكە كوردستان دەكات بە تەجاوزكردنی عینادی سیاسی و بەرژەوەندی تەنگی حیزبایەتی و گۆڕینی ئەو چەمكانە بە چەمكی كرانەوە بەسەر یەكتردا و قوڵكردنەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی،كە بەرهەمی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و دونیابینی نێچیرڤان بارزانیە.

تەجاوزكردنی قۆناغی دووبەرەكی و دابەش بوون بەسەر بەرژەوەندی وڵاتان و لەبیركردنی بەرژەوەندیەكانی خۆمان.

ئەو پرسیارانەی لە دوای ئەو سەردانیە مێژوویەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شاری سلێمانی لە پێناو ئاشتكردنەوەی دوو هێزی سەرەكی و ركابەری ئەو شارە دروست بوون پێویستیان بە وەڵامی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هەیە چونكە ئەوانەی پرسیار و داوای خەڵكن،پرسیاری ئەوەی ئایا لایەنەكان شوێن پێی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەگرن یان لە سەر عینادی خۆیان بەردەوام دەبن،داوای خەلكیش لەوەتەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان هەیە ئەوەیە كە پێویستە هەموو یەكگرتووبن و بەرژەوەندی نیشتیمان لە سەرووی بەرژەوەندی حیزب دابنێن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand