پەرلەمانێکی بێهەڵوێست و روقایم
2019-11-27 12:50:37
مەلا فرمان
رۆژئاوا، ئەو بەشەی کوردستانە کە بەر شاڵاوی لەشکری تورک کەوتوە. سیاسەتی پشت و پێشی ئەم شاڵاوە دیارە، کە:
1- پەیامێکە بۆ کوردستانیان " لە هەرکوێی دونیا کوردێک هەبێت نابێت خاوەن ناسنامەی خۆی بێت".
2- نەک کیان و دەوڵەتی کوردی بەڵکە بونیشیان خەون و خەیاڵە.
3- پاکتاوی نەژادی کوردی لە سەرێکانی و گوندەکانیەوە دەستی پێکردوە.
سوکایەتی:
1- سوکایەتی ئەردۆگان بە گەلی کوردستان لە سەرۆکی پارتیەوە دەستی پێکرد، کاتێ گوتی " تۆ سەرۆکی خێڵ و عەشیرەتی نەک پیاوی دەوڵەت داری". بۆ منی کورد کارم بەوە نیە مەسعود بارزانی سەرۆکی حیزبە یان هەرچیەکە، خۆی لێی بێدەنگە یان نا، لای من ئەمە سوکایەتیە بە من.
2- بەدەرکردن و زیندانیکردنی نوێنەرانی کوردی باکور لە شارەوانیەکان، ئەوانەی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی باکورن.
پەرلەمانی کوردستان
راستە وتویانە " هەرچی لەسەر ساختەکاری بونیاد بنرێت فشۆڵە". هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان راستودروستی ئەو گوتە کۆنە دەسەلمێنێ. دەیانەوێ لەم تەمەڵە فشۆڵەوە بناغەی باڵەخانەی بەرز دابنێن و هەڵوێست و بریارەکان تێدا بدەن، مومکن نیە! بە نمونە:
1- ژمارەی ئەو گەندەڵیانەی پەرلەمانتارانی کوردستان باسی دەکەن و کەوتۆتە سەر میدیا لە ژمارە نایەن. دوایینیان گەندەڵیەکانی ئەنجومەنی خانمانە. بەڵام بە کردار یەک هەنگاویان نەناوە. لە قاموسی سیاسیدا بەم جۆرە کەسانە دوترێ " هەڵەوەڕی سیاسی". لە بواری ئایینیشدا " مەلای بێ عەمەل"
2- لە ١٥/١٠/٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان ١٢ راسپاردەی دەرکرد. لە کاتی خۆی زۆرێک لە نوسەران توانجیان لێدا، بە شەرمنۆکانە وەسفیان کرد.
3- جێبەجێنەکردنی بریاری پەرلەمان بە دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێم.
هەڵمەتی نیشتمانی بۆ رۆژئاوا
ئەم پەرلەمانە بەم بانگەشەیە دەیەوێ خەڵک بگەوجێنی و چاوبەستەکێی لەگەڵ بکات، وەک ئەوەی جەماوەر نەزانێت رۆژئاوا چ پشتیوانیەکی دەوێت، ئەو پشتیوانیەی کە جەماوەر زۆر لە مێژدایە پێشکەشی کردوە:
1- پشتیوانی سیاسی. بە داخەوە دوای سەردانی خاتو ئیلهام ئەحمەد بۆ ئەمریکا و بەدەستهینانی پشتیوانی باش بۆ دۆزی کورد لە سوریا، هەندێ لە بەرپرسە باڵاکانی ئەم هەرێمە سەردانی دەرەوەیان کرد و زۆر نابەرپرسانە دژ بە رۆژئاوا قسەیان کرد. لەوانە سەقین دزەیی توتی ئاسا لاسایی گەورەکانی کردەوە. کەچی ئەم پەرلەمانە ورتەی لێوە نەهات.
2- دەبو بەراشکاوی ئیدانەی هێرشی تورکیا بکرایا، کەچی ئەم پەرلەمانە لە ١٢ راسپاردەدا بە وشەیەکیش بوێری ئەوەی نەبو باس لە تورکیا بکات.
3- لەم هەرێمە بۆ دژایەتی رۆژئاوا و نانەوەی دوبەرەکی هاوشێوەی باشور هەوڵی کەم نەدراوە لە دروستکردنی گروپی چەکداری جیاجیا و دابەستا ئاسا دەیەوێ بەریداتە گیان رۆژئاوا.
بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان پێی هەڵدەستێ ناکرێت ناوی هەڵمەتی نیشتمانی لێبنرێت، بە تایبەتی کاتێ زۆر راشکاوانە هەڵمەتەکەی بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوایە لە هەرێمی کوردستان نەک لە رۆژئاوا خۆی.، ئەمەش زیاتر کاری رێکخراوێکی خێرخوازە نەک پەرلەمان. ئەم هەنگاوە بە ناڕاستەوخۆ بە قازانجی بەرنامەکەی تورکیایە، چونکە بەم هەنگاوە هانی کوردانی رۆژئاوا دەدرێت زیاتر کۆچبکەن و وڵات چۆڵ بکەن. دەبو پەرلەمان لەجیاتی ئەم هەڵمەتە بیری لەوە بکردایاتەوە هاوکاریەکان بنێرێت بۆ رۆژئاوا و لەوێ خزمەتیان بکات. لەم هەڵمەتەوە واپپێدەچێت ئەم پەرلەمانە لە پرسی کەرکوکەوە هیچ فێرنەبوبێت و ئەزمونی وەرنەگرتبێ، کە چۆن کۆجی کورد لە ژێر ئیمتیازاتی حیزبی کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کورد کردوە لە کەرکوک. بۆیە ئەم هەنگاوەی پەرلەمان جگە لە هەوڵێک بۆ دەرخستنی خۆی وەک روسپیەکی ساختە لای هاوڵاتیان هیچیتر نیە، هەوڵێکیشە بۆ شاردنەوەی دیوە راستەقینەکەی: بێدەسەڵاتی، وابەستەیی، بێکردار، بێهەڵوێست...هتد.
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لاوازی پەرلەمان و تەواوی دامەزراوەکانی هەرێم وەک رەنگدانەوەی حیزب و سەرکردەکانیان دەبینن، لە هەرێمیش لەبەر نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی بە هێز بریارەکان کەوتۆتە دەست یەک حیزب و چەند کەسێک، حیزب و کەسەکانی تر تەنها رۆڵی گوێگر و تەماشەکەر دەبینن و ژیانی رۆژانە بەڕێ دەکەن. گەر ئەم هەرێمە بەم شێوەیە بەردەوامبێت لە بەڕێوەبردن. بەدڵنیاییەوە چاوەڕوان دەکرێت هەڵە کوشندەکانی رابردو دوبارە ببنەوە، نەک هەر لە کاروانی گۆڕانکاریەکان بەجێدەمێنێت بەڵکە توشی شکستی گەورەتر لە شکستەکانی رابردو دەبێت.