شكانی قەڵەمەكان
2019-11-27 11:55:39
سەردار قادر
بڕۆن ئیتر قەڵەم بەدەستان لە حزوری سیاسەتمەداری ووڵاتدا بەشەرمەوە خۆتان حەشاربدەن !!
بڕۆن ساحێب قەڵەمەكان ئیتر لە سەر چی ئەنوسن، ئاخر لەم مەملەكەتەدا چی ماوە قسەی لەسەر بكەن ؟؟
بڕۆن خۆتان حەشاردەن لەبەردەم پێكەنینی سەركردەكان ؟؟ نوسینەكانی ئێوە چ برسیەكی ووڵاتی تێر كرد، نوسینەكانتان گەر خزمەتی دەربار نەكا، ئێوە شار بەدەر ئەكرێن.
ئێوە لای بەپرسی ووڵات لە بوونەوەرێكی ئیزعاج زیاتر هیچی تر نین ؟؟ چیتان نوسی لە سەر خەمی ووڵات كێ گوێ ی لێ گرتن ؟
چیتان باس كرد لەسەر خەمی تاك، كێ باكی بە تاكی كوردی هەیە، ئەوان هەموو تاكی شكاو پێ ئەگەیەنن.
لە ئێوارەخوانی ئەواندا نوسینەكانی ئێوە تەنها سفرەی بەردەستیانە لەگەڵ پاشماوەی خۆراكدا فڕێ ئەدرێت.
ئەوان، ئێوە تەنها بۆ كاتی ململانێ ئەبینن دواتر وەڵامی تەلەفونیشتان نادرێتەوە.
ئێوە تەنها بۆ كۆكردنەوەی دەنگ ئەبینن.
كام سەركردە، كام بەرپرسی حیزبی یان حكومی جارێك لە جاران نوسینێكی ئێوە، پرۆژەیەكی ئێوەی بە جدی وەرگرتو دەیەها كۆبوونەوەی لەگەڵ كردن.
سەركردەكان، كوڕەكانی دوای باوك، بنەماڵە، ئێوە بە بەشێك لە بەرژەوەندی ئەبینن. تەلەفزێۆنەكان، سایتەكان، رۆژنامەكان تەنها بۆ خزمەتی خۆیان ئەبینن نەك بەشێك لە خەمی خەڵك، لێتان تێك نەچێت كە باوەش ئەگرنەوە بۆتان وا تێ بگەن ئەوە رێز لە نوسینەكانتان ئەگرن.
ئەوەی لەم ووڵاتە ئەبینرێت
گەنجی تێك شكاو بەرهەم ئەێنن
لەشكرێك لە خاوەن قەڵەم كە خزمەتی دەربار بكات جا دەرباری كوڕان بێت یان كۆشكی حیزب بێت.
ئەوان كەی كاتیان ئەدەن بە خوێندنەوەی نوسینەكانتان، زۆرینەیان شەوان بە بادەنۆشینو كۆنكەن كردنەوە خەریكن.
بە رۆژیش خەریكی بەهێز كردنی تەكەتولو باڵ باڵێنی خۆیانن.
قەڵەم بەدەستان، خەمی ووڵات ئێوە خەمبار تر ئەكاتو بۆ ئەوانیش مانەوەی ئەبەدیە لە پۆستو سیاستدا.