فهرمانێكی بهجێ
2019-11-27 07:14:37
سەلام عەبدوڵا
یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی دواكەوتنی دامەزراندنی سوپایەكی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا، لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵانەی دراون، دەگەڕێتەوە بۆ هەیمەنەتی حزبی لەنێو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا كە لەمپەری جەوهەریی بووە لە پڕۆسەی یەكگرتنەوەدا و دروستكردنی سوپایەكی نیشتمانی كە بڕیار و فەرمان تەنیا لەو حكوومەتەوە وەربگرێ، نەك لەلایەن حزبەوە، هەروەك فاكتەرێكی كاریگەریش بووە لە ململانێی حزبیدا كە زۆرجار گۆڕاوە بۆ شەڕی یەكدی یان بەواتایەكی دروستتر، شەڕی خۆكوژی كە هەم پڕۆسەی بەدەوڵەت بوونی ئیفلیج دەكرد و هەم ئابڕووی نەتەوەكەشمانی لە بەرامبەر جیهان لەكەدار دەكرد، چونكە زۆر سەخت بوو بۆ جیهانی دەرەوە لەو شەڕە بێ مانایە بگات، بەتایبەتی لە گەلێك، كە دووچاری قڕكردن و ئەنفال و كیمیاباران كرابوو.
بۆیە ئەو بڕیارەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كە ڕۆژی 2009/11/5 بۆ ئەمینداری گشتی (ئەلف/7/ 18112) سەبارەت بە قەدەغەكردنی كاری سیاسی لەنێو هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان نێردرابوو، كە بریتی بوو لە چوار خاڵ زۆر لەجێی خۆی و مایەی دەستخۆشییە، چونكە ئەمە درزی ئەو كەلێنە پڕ دەكاتەوە كە هەمیشەو بە ئاسانی دەبووە هۆی لێكترازانی هێزی پێشمەرگە و ناسەقامگیری وەزعی سیاسی و دڵەڕاوكێی هاووڵاتیانی كوردستان و خۆشحاڵی نەیاران و دوژمنانی گەلەكەمان لەهەرێمی كوردستاندا.
گەر ئەم خاڵانەی دەستنیشان كراون لەو فەرمانەدا وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەنگاوێكی گەلێك ئەرێنی دەبێت لە پڕۆسەی یەكگرتنەوەی یەكجارەكی هێزی پێشمەرگەدا- بەكردار-دەگیرێت و سەرەتای دامەزراندنی سوپایەكی نیشتمانیش بۆ هەرێم دەستەبەردەكات، ئیدی ئەوسا خەڵكانی تریش نەك تەنیا كەسانی حزبی، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن لەو سوپا نیشتمانیەدا بەشداربن و توانا و وزەیان بخەنەگەڕ، چونكە مەرج نییە هەموو ئەوانەی لەلایەن حزبەكانەوە دەستنیشان دەكران خەڵكانی لێوەشاوە و بەتوانابن، بەڵكو پێوەر تەنیا حزبی بوونیان بوو كە ئەویش بەتەنیا بڕیارێكی دروست نەبوو.
ئێستا ئیدی دوای ئەم فەرمانە كە پێویستە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێم پشتیوانییەكی زۆر بەهێزی بكەن كە دڵنیاین دەیكەن، دەبێ حزبەكانیش، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی بەهەموو توانایەكیانەوە پشتگیری لەو فەرمانە بكەن و هەوڵی جێبەجێكردنی بدەن.
گەر سوپا و هێزی پێشمەرگە لەسەر ئەو بنەمایە دروستبێت كە ئینتیمای بۆ نیشتمان پێش حزب دەبێت ئەوە بەدڵنیاییەوە دەڵێین كە دەرگای ئاسۆیەكی گەش بەڕووی داهاتووی ئەم هەرێمە كۆڵنەدەرە واڵا دەكات، كە مایەی دەستخۆشی هەموو دڵسۆزانی گەلەكەمان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەبێت.