عەدنان عوسمان....؟!
2019-11-26 10:00:58
د.محەمەد عەلی
زیاتر لە دوو مانگە کاک عەدنان بوە بە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان و لەم ماوەیەدا، زۆرترین چاوپێکەوتن و نوسین و لێدوانی ھەبوە (گومانم نیە ئەگەر دەرنەچوایە بەپێچەوانەوە قسەی دەکرد!). عەدنان عوسمان بوەتە ڕەمزی ئینکاریکردن لە واقیع و نماییشكردنی ساختانهی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی گۆڕان ناکۆک بەوەی ھەیە و دەگوزەرێت. لەم ڕوەشەوە دهركهوتن و گوتارهكانی بەتەواوەتی لە سیاسهتی میدیایی محمد سەعید سەحافی کاتی شەڕی عێراقی 2003 دەچێت: زۆرترین لێدوان و کەمترین کردار، بهخشینهوهی زۆرترین مژده و چنینهوهی كهمترین دهستكهوت. بۆ سەلماندنی ئەم ڕایەشمان:
١.کاک عەدنان وتویەتی: “ئەگەر پاش شەش مانگ چاکسازیی نەکرێت، دەکشێینەوە!”. بەڵام شەش مانگەکە چوار و نیوی تەواوبوە! ئایا لەم ماوەیەدا چاکسازییەکان کامانەن و با یهك نموونهمان بۆ بهێنێتهوه؟ ئەی ئەگەر پاش شەش مانگەکە چاکسازیی نەکرا، دەکشێنەوە؟ یاخود ئەم قسەیەشت وەکو ئەوەی سەرۆکی فراسیۆنەکەتانه كه گوتی: “لەماوەی دومانگدا پرۆژەی چاکسازیی تێنەپەڕێت، ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی درۆیەکی گەورەیە“. پڕۆژهكه تێنەپەڕی و ڕێکەوتنەکەش نەبوە درۆیەکی گەورە!. ئێوە نەک ههر ناکشێنەوە، بەڵکو داوای پۆستی زیاتریشتان کردوە و حاڵی حازر خاڵی ناکۆکی نێوان ئێوە و پارتی چاکسازیی نیە، بەڵکو وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازاتی حیزبیی زیاترە. شەش مانگەکە مانگ و نیوێکی ماوەو ئێوە ھەفتەی پێشوتر پۆستی وەکیل وەزیرەکانتان یەکلاکردەوە. ھەمان قسەش بۆ نیگەرانییەکانت لە یەکێتی ڕاستە و دڵنیابە خیلافتان لەگەڵ یەکێتییدا مەسەلەی دواکەوتنی پرۆژەی سەدمەتری و دارایی ئەم زۆنە و کەمیی پرۆژە و خراپیی خزمەتگوزارییەکان نیە.
٢.عەدنان عوسمان دهڵێت: “لیژنە دروستدەکەین لەسەرئەوانەی بەھۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەوڵەمەندبون“. دەمێکە وتراوە: ھەرشتێک ویستت شکست بهێنێت، لیژنەی بۆ دروستبکە. پێویست بە لیژنە ناکات: بە نامەیەک داوای دۆسییەی وەزیری پێشوی کۆچ و کۆچبەران (دەرباز محمد) بکە لە سەرۆکایەتی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و عالیە نوسێفی.
٣.ئەرێ بەڕاست ئەم “لیژنەیە!“ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاش دەگرێتەوە کە گۆڕان بە عەمەلی بوەتە بارمتە و کرێچی موڵک و ماڵ و دارایی و میدیای کۆمپانیاکەیان (وشە)؟ یاخود وەکو پارتی و یەکێتی نەوەکانی کەسی یەکەمی حیزب لە سەرو یاسا و دامەزراوەکانەوەن؟!
٤.لەیەکەم ھەفتەی بوون بەسکرتێری جڤات، عەدنان عوسمان وتی: “ھیچ دامەزراوەیەکی گۆڕان کێشەی شەرعی و یاسایی نیە“. بەڵام: یهكهم، دوساڵ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر وادەی ئەنجامداندانی ھەڵبژاردنی باژێروان و مەکۆکان . دووههم، دوساڵ لەمەوپێشیش دەبوایە کۆنفرانسی گشتیی ببەسترایە. سێههم، نزیکی پێنج مەکۆ باژێروانیان نیە. چوارهم، لەکۆی یانزە ژور، چوار ژور ڕێکخەریان نیە و لەساتی ئەو لێدوانەشدا (٢٠١٩/٩/١٤) حەوت ژور بێڕێکخەربون!.
٥.لە مەسەلەی شەفافیەت و بەگژاچونەوەی گەندەڵیدا، ھێنانی پرۆژەی یاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان گرنگترین و سەرەکیترین مەسەلەیە. بەڵام بۆئەوەی (براگەورە!) عاجزنەبێت، کاک عەدنان و ھیچکام لە وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان، بەیەک وشەش باسی بودجە ناکەن؟!