Draw Media

نوخبەی چەواشەکەر

نوخبەی چەواشەکەر

2019-11-25 20:49:06


چیا عەباس

لە گەڵ ئاگربەستی شەری ناوخۆ، دیقەتتر دوای روخاندنی سەدام، دابەشکردنی دەسەڵات و دەسکەوت و خێر و بەرەکەتی نەوت و بەخشیشی دەرەوە  نێوان هێزەکانی دەسەڵات سەرهەڵدانی گەندەڵیەکی زەقی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوکات  ستەمکاری دەسەڵات بەرامبەر دەنگی نارازی و خۆپیشاندەران گەیشتە ئاستێک چاوەروانی زۆر روداو و کاردانەوەی توند و تیژی لێدەکرا.  
بزوتنەوەی گۆڕان توانی ئەو هەڵچون و تورەبونە  تا رادەیەکی باش کۆنترۆڵ و هێوریان بکاتەوە. ئەم کارەی گۆڕان دیدگایەکی ستراتیژی قوڵی کاک نەوشیروانی لە پشتەوە بو. چۆن و بۆچی؟
خوالێخۆشبو لەو باوەرەدا بو دیموکراسی پەرلەمانی دیاردەیەکی تازە و نەگەییوە و هەژمونی کەسایەتی و حزبی بەسەریدا زاڵە، پەرلەمان تا ماوەیەکی درێژ کاریگەری ئەوتۆی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا نابێت، بونی سودمەندە و دەبێت کار لە سەر گەشەکردنی بکرێت. لەو سەردەمەدا گۆڕان، وەک هێزی سەرەکی ئۆپزسیۆن، بەرەنگاربونەوەکانی لە گەڵ دەسەڵات بە بارۆمێتری بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکان ئاراستە دەکرد. 
گۆڕان بە رێگای ئۆپزسیۆنبونی پەرڵەمانیەوە ئومێد و چاوەروانیەکی زۆری لای هاوڵاتیان وروژاند، راستە کار و چالاکیەکانی یەکەم فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان چەندین چەمکی هەستیاریان وروژاند، وەک پرسەکانی گەندەڵی و بودجە و شەفافیەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتتی و داهاتی نەوت و بەنیشتیمانیکردنی پرسە گرنگەکان، بەڵام نەتوانرا ئەو چەمکانە لە پاکێجێکی گشتگیری یەگرتو جەماوەر بۆ گۆرانکاری ریشەیی ببزوێنێ و ئاراستەی بکات.  
زیادە بۆ بێباکی دەسەڵات غیابی دیدگایەکی رونی یەکلاکەرەوە لای گۆڕان و هەروەها توندرەوی و خۆپەرستی و بەرژەوەندخوازی جەمسەرەکانی یەکێتی ئەو هۆکارانە بون لە پشت کاڵبونەوەی دەنگی شەقام و ئۆپزسێونی دەرەوەی پەرلەمان.  پەرلەمانەکەش وەک حوجرەی مزگەوت بو کە وەعزە حزبیەکانیان تێدا دەچریەوە، ناشێت قسەکانی ئەرسەلان بایز کە لە مەنەسەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە گوێی کەمال کەرکوکیدا چرپاندی: فرسەتە، لە یاد بکرێت.
لە گەڵ نەخۆشکەوتنی خوالێخۆشبو مام جلال و دوای ئەویش نەخۆشکەوتن و دورکەوتنەوەی خوالێخۆشبو کاک نەوشیروان ئیتر رادعە گرنگەکانی بەردەم بەرپرس و کادر و نوێنەرانی ئەو دو هێزە زۆر کاڵبونەوە. کاک نەوشیروان هەوڵی زۆری دا ئەو بۆشاییە بە رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی پر بکاتەوە بەڵام چەند تاقمێکی بەرژەوەندخوازی یەکێتی رێگربون کار بۆ ئەو ئامانجە بکرێت.
لەو سەردەمەدا کاتێک سێ هێزەکەی تری پشت یاسای هەموارکردنەوە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم  پاشگەزبونەوە و دوفاقەییان  پێرەوکرد، تایبەت دوای دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت، پێکهاتە و پەیامەکانی ئۆپزسیۆن تێکەڵ و پێکەڵ بون، قاچێکی یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ لە ناو دەسەڵات و ئەوی تریشیان لە دەرەوەی بو، چەند باڵادەستێکی گۆڕانیش لە دوری کاک نەوشیروان کەوتبونە چاوبازی لە گەڵ هێزەکانی دەسەڵات، کۆی گشتی ئەم روداوانە رۆحی ئۆپزسیۆن و پەیامەکەی شێواند و کەمتر بەهای کرد. 
هێزە دەسەڵاتدارەکان زۆر سودیان لەو روداوانە کرد، ئەمجارە هاتن لەشکرێک لە گەنج و روخساری تازەیان لە حوکمرانی و پەرلەمان و دەزگا و رێکخراوەکان لە کوردستان و بەغدا هێنایە پێشەوە، مەبەستیان بو بە خەڵک بڵێن گۆرانکاری و چاکسازیمان کردوە و روخسارە دێرینە ناسراوەکان رۆڵیان کەمبۆتەوە. لە واقیعدا بەرپرس و سەرانی جەمسەرەکان بریاردەری پشت پەردە مانەوە و تەغزیە و ئاراستەی تازەکانیان دەکرد. ئەم دیاردەیە زۆرجار بەرچاو کەوتوە، تایبەت کاتی دابەشکردنی پۆست و پلەی حکومی و پەرلەمانی، لە ناو پارتیدا کەمتر رویداوە، چونکە دەسەڵاتی ناو پارتی بە شێوەیەکی هەرەمی دارێژراوە و پێرەو دەکرێت. 
هەرچۆنێک بێت ئێستا ئەم گروپانەی سێبەر، بێگومان تێیاندایە بە دڵسۆزی و نەفەسی پاکەوە کاریان کردوە و دەیکەن، بونەتە واجهە و نوخبەیەکی چەواشەکەر بۆ گەندەڵکار و لادەر و پێشێلکارەکانی یاسا، خۆیان بادەدەن و چاوەروانی موزەیەف بۆ چارەی دۆخی ئاڵۆز و دژواری هەرێم لای هاوڵاتیان دەچێنن.
بەشێکی بەرچاوی ئەم روخسارە تازانە پەروەردەکراو و گۆشەکراوی  دەزگا حزبی و تایبەتەکانن، زمان لوسن و فێرکراون بە زمانی رکابەرەکان قسە بکەن، ئینتباعێک دەچێنن کە ئەوان بە پرۆژە و یاسا و رێساکانی پەرلەمان و حکومەت کەلاوەکەی  عێراق و دۆخە تێکچوەکەی کوردستان دەکەن بە شامی شەریف، ئەمانە بونەتە تابوری پێنجەم بۆ پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی ئاغاکانیان و خۆیان. 
ئەم تاقمانە بە زمانێک قسەدەکەن گەر کەسێک نەیان ناسێت چاوەروانی لا دروست دەبێت کە ئەمانە فریادرەسی نەتەوە و نیشتمانن، لە کاتێکدا لەو ژیانەی بۆ ئەوان رەخسێنراوە هەست بە برسیەتی و ئازاری ساوا و منداڵ و بە تەمەنچویەکی کورد ناکەن، خۆیان بە قەتماغە بژاردەکراوەکەی ( النخبە المختارە) میللەت دەناسێنن لە کاتێکدا خۆیان لە دەریای نیعمەتی گەندەڵی و بێسەروبەری یاسادا غەرق بون.    
بۆ زیاتر لە دە ساڵ دەچێت هەزاران وتار و دیمانە و مێزگرد و لێکۆڵینەوە و راپۆرت و پرۆژە و ژوری ئەلکترۆنی و کۆر و سیمینار و ماڵپەر و ....تاد، کەوتونەتە گەر بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ، بەڵام لە دوا مەتافدا ئێستا هەمو لە بازنەیەکی داخراودا دەسورێنەوە، بازنەیەک بێ ئومێدیەکی کوشندەی بەرهەم هێناوە کە مەترسی لێکترازانی نەتەوەیی و نیشتمانی لێدەکرێت.    
گەندەڵچیەکانی کوردستان وەستای عەیارە ٢٤ ن، باشترین دەرفەرتیش بۆیان پەنابردنە بەر ئەوەی بە گەشەکردنی ئابوری و چاکسازی ناوزەدی دەکەن. تەنمیەی ئابوری ئەو چەمکە جادوگەریەیە کە گەندەڵچیەکان لە سایەیدا گەندەڵی و کارە نایاسییەکانی خۆیان دەشارنەوە و پەردەپۆشیان دەکەن. دەبینین ئەوەی ئەوان بە تەنمیە ناوی دەبەن لە بورای هۆرێکا( هۆتێل و رێستۆرانت و گەشتیاری و تەرفیهی هەمە چەشن و میدیای چەواشەکار و هەرزان بەها) لە هەرێم بە زەقی بەرچاو دەکەون.
زۆربەی ئەم دیاردانە لە سایەی کەسایەتی دەسەڵاتدار و حزبیدا جێبەجێ کراون و بەرێوەدەبرێن، سنوربەزاندنێکی زەقی یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانیشە. جەنابی حەزرەتی پارێزگاری سلێمانی، کە ساتێک لە ساتەکان دەیگوت گۆڕانم و چەند سەعاتێک بە پایسکل بانگەشەی هەڵبژاردنی دەکرد ( لێرەدا هەقم بەسەر ئەوانی ترەوە نیە، چونکە لە یەکەم دیداری ئەو لە گەڵ کاک نەوشیروان بۆ پۆستەکەی بەندەش ئامادە بو) با بفەرموێت و ئامارێکی فەرمی راستگۆیانەی ئەو دیاردە شەرمنانەی سنوری پارێزگاکەیمان بۆ ئاشکرا بکات، ئەوسات قسەیەکیشمان دەبێت.  
تابوری پێنجی دەسەڵاتدارە گەندەڵ و لادەرەکان لە ناو دەزگاکانی حکومەت و لە پارێزگاکان بونەتە جێبەجێکەری پلان و کارنامەکانیان و شەرعیەت دانیش پێیان. 
ئەرکی بەرەی نارازیە دەنگی خۆی لە دەرەوەی پەرلەمان بەرزکاتەوە، چونکە هێزەکانی ئۆپزسیۆن، تایبەت گۆڕانەکەی گردەکە، لە پاشکۆیەکی لاوازی دەسەڵات زیاتر تڵپی تەریان تێدا نەماوە، زیادەش بۆ ئەمە بەشێکیان تا بیناقاقایان لە گەندەڵی و دیاردەی قێزەوەن  تێوەگلاون، بۆیە هیچ دەرفەتێک نەماوە بێجگە لە ئۆپزسیۆنێکی رێکخراوەیی دەرەوەی پەرلەمان کە بۆتە پێویستیەکی ژیان و نەمان بۆ ئێستا و ئایندەی نەتەوە و نیشتمان.

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٢٥ نۆڤەمبەر ٢٠١٩ 
  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand