پرۆسەی بەکاندیدکردن لەلای پارتە سیاسییەکان
2018-04-24 12:26:16
لاوك سەڵاح
تا دێت هەڵمەتی هەڵبژاردن توند دەبێت بەتایبەتی لە ناوەراست و باشووری عێراقدا، کاندیدەکان کەوتوونەتە بەردەم هەردوو بەرداشی خەڵک وپارتە نەیارەکان خۆیان. بێگومان، بە بەراورد لەگەڵ هەموو رووداو و کارەساتەکانی رابردوودا، دەنگەر مافی خۆیەتی تا ئەوپەری سنوور شارەزای پرۆگرامی پارتەکان وتوانای کاندیدەکان بێت و لە پاشخانیان بکۆڵێتەوە.
ئەوەی تائێستا سەرنجی راکێشاوم، کەسانیکی زۆرهەن شایانی نوێنەرایەتیکردنی دەنگەر نیین بەڵام پارتەکان سووربوون لەسەر ئەوەی ئەمانە نوێنەرایەتی خۆیان وهاوڵاتی بکەن. خەڵکانێک هەن بە بێ ئەوەی توانایان هەبێت دووبارە هەڵدەبژێرێنەوە، هەندێکیان ئەم لاو ئەولایان کردووە، هەندێکیان لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەشداربوون و دەرنەچوون بەڵام ئەمجارەش هەر کاندیدن، هەندێکیان بۆ چەند شوێنێکی جیاواز کاندید بوون وەک ئەوەی هەر ئەوان هەبن. هەندێکیان شەرمە ببنە نوێنەرانی خەڵک، رەنگە بڵێن ئەمە کۆمەڵگەکەتە وهەر ئەمەی لە باردا هەیە.
بەداخەوە، من گومانم لە پرۆسەی هەڵبژاردنی کاندیدەکان هەیە. ئەم کاندیدانە ئەوەندەی گوزارشت لە پاشکۆیی بۆ کەسی یەکەمی لیستەکە دەکەن ئەوەندە گوزارشت لە توانای خۆیان ناکەن بۆ سەرخستنی پرۆگرامی پارتە سیاسییەکە خۆی. هەر ئەم خاڵە، سەرتاپا پرۆگرامی پارتەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دەبوایە ئەو کەسانە کاندیدبن کە لەناو خەڵک و کۆمەڵگەدان، لەبەرئەوەی ئەوان دەتوانن پارتەکان وهاوڵاتی ئاشبکەنەوە بەیەک ومتمانە بە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بگەرێننەوە. پرۆسەی بەکاندیدکردن، پرۆسەیەکی هەر وا ئاسان نییە پڕ لە ریسکە، هەر خۆی دەبێتە شوناسێک بۆ پارتە سیاسییەکان کە ئەگەر وریا نەبن لە رۆژی دەنگدانێکی تەندروستدا زیانی زۆریان لێدەکەوێت. بەهەرحاڵ ئەمە پانتاییەکی گشتی سیاسییە و هەرکەسێک بە ئاستی تێگەیشتن وتوانای سیاسی وکۆمەڵایەتی وکەلتووری و تەنانەت ئابووری، خۆی نمایشت دەکات.