یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چۆن كۆنگرەیەكی پێویستە ؟
2019-11-25 05:47:44
نەوزادی موهەندیس
لەبەردەم چوارەمین كۆنگرەی گشتیدا..
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چۆن كۆنگرەیەكی پێویستە ؟
• لەم ساتە وەختەوە تا 7/كانونی یەكەمی 2019 كەمتر لە 15 ڕۆژ ماوە بۆ وادەی ڕاگەیەنراوی بەستنی كۆنگرەی چوارهەمی گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، خۆشبەختانە كۆمەڵ گەلێك هەنگاو بەكردارەكی پیادەكراوە بە نیەتی بەستنی كۆنگرە لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆیدا،لەهەڵبژاردنی نوێنەری كۆمیتە و مەكتەبەكان و دواتریش بەستنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی كۆنگرە،كە وا بڕیارە 1000 نوێنەر ببنە ئەندامی كۆنگرە.هەموو ئەم هەنگاوانە مایەی دڵخۆشین چونكە بەسەركەوتویی و تاڕٍادەیەكی باشیش بێكێشە و كەموكوڕی و ئاژاوە و پشێوی بەڕێوەچوون لە 14 مەڵبەند و دوو بازنە و 207 كۆمیتەدا.لەماوەی تەنها نێوان 16 تا كۆتایی مانگی 11/2019دا،كە بەهەموو پێوانەیەك و بە بەراوورد بە گەورەیی و فراوانی و ئاڵۆزی پڕۆسەكە سەركەوتنی وەدیهێناوە.لەكاتێكدا كە ماوەی زیاد لە 10 ساڵە پڕۆسەیەكی ئاوها جێبەجێنەكراوە. كە بۆ خۆی ئەم كارە گەواهیدەری زیندویەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و ئۆرگانەكانێتی و پەرۆشی ئەندام و لایەنگران و ئاستەكانی خوارەوەی پێكهاتەكەیەتی، و ئەو ڕاستیەش دووپاتدەكاتە كە هەركاتێك سەركردایەتی یەكێتی ویستبێتی بە جدی كارێك یان پڕۆسەیەك چێ بكات چەندە گەورە و سەخت و ئاڵۆزیش بێت دەتوانێت بیكات و ڕێگەنادات هیچ بەربەستێك ڕێگەی بەرەو پێشچوون و نوێبونەوەی لێبگرێت،كەواتە كە 10 ساڵە كۆنگرە نەگیراوە بەمانای ئەوەدێت ئەوە سەركردایەتی یەكێتی بۆخۆی ویستی ڕاستەقینەی نەبوە بۆ ئەو كارە.
• بەڵام ئەوەی دەخوێنرێتەوە لەم پڕۆسەیە وگەرموگوڕەیەی ئەم قۆناغە سەرەتاییانە و كەمی ماوەی بەردەم خۆئامادەكردن بۆ بەستنی كۆنگرەە لەكاتی خۆیدا،گومان دەكرێت كە كۆنگرە لە 7/12دا سازبكرێت ،بەهۆی لەلایەك ئامادەسازیەكان لەماوەی تەنها 6 ڕۆژی سەرەتای مانگی 12/2019دا ناتوانرێت تەواوبكرێت نە لەڕووی لۆجستی و نەلەڕووی مادی لە جێگەی مانەوە و خواردن و و بانگهێشتنامەی میوانانی دەرەكی وپێداویستیەكانی تری هەڵبژاردن و لیست و نە لەڕووی ئەمنیشەوە،و تا ئێستاش لەناوەندی دەرەوەدا هیچ هەڵبژاردنێك نەكراوە،كەواتە گومان دەكرێت كە كۆنگرە لەو وادەیەدا ببەسرێت،بەڵام دەبێت هەر ئەنجامبدرێت و ڕەنگە بكەوێتە كۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020وە،چونكە ئیدی ئەم سەركردایەتیەی ئێستا ناتوانێت دوای بڕینی ئەو قۆناغانە و ئەو خەرجیە زۆرە كۆنگرە چیدیكە دوابخات بەپێچەوانەوە دەكەوێتە بەر فشار و ناڕەزایەتیەكی گەورەی بنكە و ئۆرگان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی كۆنگرەوە.
• پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە چۆن كۆنگرەیەك پێویستە بۆ یەكێتی لەم قۆناغەدا ؟ئەی كۆنگرەی چی پێدەكرێت؟ئایا كۆنگرەش دەبێتە فریادڕەسی هەموو كێشە كەڵەكەبوەكانی 10 ساڵی ڕابووردوو؟ئایا یەكێتی بەهێز و یەكگرتوو دەمێنێتەوە یان بە پێچەوانەوە بەرەوە لێكترازانی ڕیزەكان و دڕدۆنگی ناوخۆیی زیاتر دەڕوات؟ و دەیان پرسیار و گومان و ترس و دڵەڕاوكێی تر ..
سەرەتا دەبێت هەموان و بەهەموو ئاڕاستە و باڵ و تەكەتولەكانی ناو یەكێتیەوە كە بەداخەوە هەر لە ئێستاوە سەریان هەڵداوەتەوە و بەتوندیش دژایەتی یەكتر دەكەن و هەریەكەیان گەرەكێتی بەرامبەرەكەی بشكێنێت و بچوك و نابوتی بكات و خۆشی زاڵ و دەستەڕۆ بێت لەكۆنگرەدا،دەبێت هەموان سەرەڕای ئەو پێشبڕكێیە یان ململانێ ناڕەوایانەی نێوانیان دەبێت لە مەترسی و گەورەیی ئاڵنگاریەكانی دەوروبەری و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و عێراقیش لەبەرچاوبگرن،بۆئەوەی هەنگاو و بڕیارێك نەدەن لەكۆنگرەدا كە یەكێتی لە حیزبێكی گەورە و كاریگەر و خاوەن نفوزی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و جەماوەری و سەرتاسەری عێراق و كوردستانی گەورەشەوە بەرەو حیزبێكی بچوكی لۆكاڵی قەتیسكراو و بێ بایەخ و كاریگەر هەنگاو بنێت،بۆیە پێویستە هەرچیدەكرێت هەموان لەسەر:
• میكانیزمێكی تەواو دیموكراسی و موتوربەكراو بە نەرمی نواندن لەبەرامبەر یەكتر و دووركەوتنەوە لەگیانی تۆڵە و نەمان و دەرپەڕاندنی یەكتری بكەنەوە.
• پێویستە كۆنگرەیەكی تەواو ئامادەسازیكراو بۆی لەهەموو ڕوەكانەوە ئەنجامبدرێت كە لەگەڵ ئەوەی ببێتە هۆكاری نوێبونەوەی ڕوخسار و ڕەفتار و كردار و عەقڵی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی ،لەهەمانكاتیشدا نەبێتە هۆی لێكترازانی ڕیزەكانی و دووركەوتنەوە و وازهێنانی ژمارەیەكی گەورەی ئەندامانی.
• كۆنگرەیەك پێویستە كە بەسەر هەموو گوتار و كردار و هەڵوێست و ئایدیا و فكری یەكێتیدا بچێتەوە كە لە 10 ساڵی ڕابووردوودا تەواو بەرەو پاشەكشەچوون بۆتەوە نەك پێشكەوتن و گەشەكردن.
• كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی لەڕووی ئۆرگان و پەیكەرو پێكهاتەوە بكرێتەوە حیزبێكی ڕەشیق و چوست و چالاك كە بتوانێت سەختی و قورسایی قۆناغی ئایندە هەڵبگرێت و ڕووبەڕووی ببێتەوە.
• كۆنگرەیەك پێویستە كە بنەما حیزبی و مەركەزیەتی بڕیار و پڕەنسیپە حیزبیەكان لەخۆبگرێتەوە و تۆخیشیان بكاتەوە.
• كۆنگرەیەك پێویستە كە سەرچاوەی داهاتەكانی یەكێتی شەفاف و ڕوونبكرێت و لەدەستێكی ئەمیندا بێت و بەهەمان شێوەش خەرجیەكانیش بەپێی ڕێنمایی و یاساو لەدەسەڵاتی دیاریكراودا بێت.
• كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بكاتەوە بە حیزبی پلە یەكی كوردستان و ئەمەش بەنزیكبونەوەی لە جەماوەر و خاكیبوون و گەڕانەوە دەبێت بۆ سەرەتا شۆڕشگێڕیەكان و بەدەمەوە چوونی داواكاریە ڕەواكانی جەماوەری پانوپۆڕی گەلەكەمان دەبێت.
• كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بكاتە حیزبێك كە ڕابەرایەتی پڕۆسە و قۆناغی نوێی دژە گەندەڵی و بێكاری و ناعەداڵەتی بكات و هەوڵی دۆزینەوەی هەلی كار و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و ڕێزیش لەدیموكراسیەت و ئازادیەكان ویاسا و مافەكانی مرۆڤ و ڕاگەیاندن و میدیا و هاوڵاتیان بگرێت.
• كۆنگرەیەك پێویستە كە یەكێتی بدروشێنێتەوە و متمانەی جەماوەری بۆ بگەڕێنێتەوە و بیكاتەوە حیزبی داموودەزگایی و دووربكەوێتەوە لە حیزبێكی قەتیسی ناوچەگەری و بنەماڵەیی و دەوڵەمەندان و بازرگانانی سیاسی.
• گەرەكیشە كە ئەندامانی كۆنگرە كەسانی بوێر و چاونەترس و ڕۆشنبیر و بەتوانا و لێهاتوو بن بۆ ئەوەی گفتوگۆی گەرموگوڕ و جدی بكەن و پێشنیاز و ڕەخنەی جدی پێشكەشبكەن و تەنها وەك ژمارە و بۆ دەستبەرزكردنەوە و بەڵێ ی ناڕەوا جێگە نەگرن و گرنگیشە دەستەمۆی تەنها بەرژەوەندی و بەرنامە و ڕێبازی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و شاڕێگەكەی بن نەك تولە ڕێگە كورت و كوێرەكانی تەكەتولە ناڕەواكان.
بۆیە تەنها بە كۆنگرەیەكی ئاوها دەتوانرێت یەكێتیەكی بەهێز و پتەوی دوای مام بەهێزبكەینەوە.بەپێچەوانەوە ئەوا یەكێتی دەبێتە خەبەرێك لە زەمەنی ڕابووردوودا.
• ئاشكراشە ئەم كۆنگرەیەش ناتوانێت تەواوی خەوش و كێشە كەڵەكەبوەكانی چەندین ساڵە چارەسەربكات و ببێتە عەسایەكی ئەفسوناوی،بەڵام دەكرێت لانی كەمی ئەو كێشانە چارەسەر بكات وبە هەنگاوێكی ئەرینیش لە قەڵەم دەدرێت و یەكێتی تاڕادەیەكی باش دەگێڕێتەوە بۆ سەر شارێگەكەی یەكێتی دوور لە باڵباڵێن و تەكەتولاتی ناڕەوای بەرژەوەندچێتی گروپ و دەستە و چەند سەركردەیەكی پاوانخواز و قۆرخكاری پلەو پۆست و ئیمتیازاتەكانی حیزب و حكومەت بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵ و خزم و كەسوكار و عەشرەت و تەكەتولەكانیان. هەروەها دەشبێتە هۆی ئەوەی كە هەر لایەك و سەركردەیەك قورسایی ڕاستەقینەی خۆشی بۆ دەربكەوێت ،كەهەر ئەم كارانە بونەتە هۆی ڕاز و گەلەیی زۆرینەی ئۆرگان و ئەندامەكانی یەكێتی خۆی و جەماوەری گەلەكەشمان.كەناكرێت چیدی درێژەیان پێبدرێت بەبیانوی جیاوازەوە.هەربۆیە كۆنگرە نابێتە فریادڕەسی هەموو كێشەكان.
جاهەركات كۆنگرەیەك كە هەموان بەخەمخۆری و دڵسۆزی و ئەمانەتەوە كاریان بۆ سەرخستنی كرد و دروشم و ناوەڕۆكیان پێكەوەگرێداو ئامانجی ڕوونیان هەبوو بۆ ئایندە و هەموان پەرۆشی پاراستنی یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانی بوون و بەرژەوەندی و بازرگانی و دەسكەوتە كەسیەكانیان خستە ژێر بەرژەوەندی باڵای یەكێتی و گەل و نەتەوەوە، ئەوا بەدڵنیایی ئەم كۆنگرەیە دەبێتە مایەی زیاتر پتەوكردن و بەهێزبوونی یەكێتی و هەستانەوە و بوژانەوە و گەشەكردنیشی بۆ قۆناغی ئایندە،بەڵام گەر بەپێچەوانەوە كاریان كرد ئەوا ئەوەی كە لە یەكێتیش ماوەتەوە لەدەستدەچێت و بەرەو پوكانەوەی زیاتر و بچوكبونەوە و لێكترازان و دڕدۆنگی زیاتر هەنگاو دەنێت.وئەوكاتیش هەموان دەڵێین خۆزیا كۆنگرەیەكی ئاوهامان نەبەستایە و ئەو زیانە گەورەیەشمان بە یەكێتیەكەمان و تەواوی مەسەلەی كوردایەتیش نەگەیاندایە،چونكە یەكێتی بەهەموو هەڵە و كەموكوڕیەكانیشیەوە تائێستا هەر بەو تروسكایە ئۆمێدبەخشە ماوەتەوە بۆ تەواوی كوردایەتی لەهەرچوار پارچەكەی كوردستاندا كە هەموان چاوەڕوانی كاری گەورەتری لێدەكەن،بۆیە ئەم كۆنگرەیە هەم چارەنووساز و گرنگ و هەمیش مەترسیدارە،جا سەركردەی ژیر و حەكیم و دووربین لە ڕۆژە تەنگانەكاندا دەردەكەوێت نەك لەكاتی ئاشتی و ئارامیدا.
بەهیوای ئەوەی كە كۆنگرەی چوارهەمی گشتی ببێتە وێسگەیەكی ڕۆشن بۆ نوێبونەوە و بەخۆداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان و پەندوەرگرتنیش لە ڕابووردوو و خۆسازدانەوەش بۆ ئایندە و بوژاندنەوە و گەشەكردنی زیاتر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.