Draw Media

کاتێ درۆ جێی راستی دەگرێتەوە

کاتێ درۆ جێی راستی دەگرێتەوە

2019-11-23 16:56:49


سەڵاح رەشید 

سەرەڕای بەرەوپێشەوەچونی تەكنەلۆجیاو گەشەكردن لە هەموو بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوری‌و كلتوریدا، بەڵام بوارێكی زۆر گرنگ لە ژیاندا، پاشەكشەی كردوە، ئەویش بینینی راستیە.
لەزوربەی كۆمەڵگاكانداو بێگومانیش لای خۆمان، خەریكە راستی‌و چەواشەكاری جێگۆركێ دەكەن‌و وامان لێهاتوە كە قەناعەت بە درۆكان بكەین‌و دوربكەوینەوە لە راستیەكان.
كەس هەیە نەزانێت كە زوربەی ئەم هێزە سیاسییانەو  سەركردە باڵادەستەكانیان، وەك خێزانی مافیا دەستیان بەسەر هەمو جومگەكانی كۆمەڵگادا گرتوەو هیچ بوارێك نیە، نە حكومەت، نە پەرلەمان، نە دەسەڵاتی دادوەری‌و نە بازار بێ رەزامەندی‌و بەشداری ئەم گروپانە بەڕێوەبچێت.
كەس هەیە نەزانێت ئەم كەس‌و لایەنانە، چۆن بون بە خاوەنی ئەم هەمو موڵك‌و ماڵانە؟ هەندێكیان بە رەسمی تەنها یەك موچەیان هەیە، بەڵام خاوەنی ملیۆنەها دۆلارن! خۆیان‌و خاوخێزان‌و موریدەكانیان خاوەنی چەندەها كومپانیاو تەلارو زەوی‌و زارو كۆشك‌و هەتا فڕۆكەی تایبەتی خۆیانن.. ئەمە لەكاتێكدا بە رەسمی هیچ (كاسپیەك)یان نەكردو نایكەن.
ئەگەر  سبەینێ هەڵبژاردن بێت، زوربەمان بەیانی زو بەرەو سندوقی دەنگدان رادەكەین‌و هەر ئەو حیزب‌و كاكانە هەڵدەبژێرینەوە كە تاكو ئێستا لە دەسەڵاتدان‌و تا بیناقاقایان پڕبوە لە دزی‌و گەندەڵی.
هەر ئەو لێپرسراوانەن كە هاورێ‌و دوست‌و ناسیاوی ئێمەن‌و رۆژانە لە دەزگای راگەیاندنەكانەوە باسی بەگژاچونی گەندەڵی‌و سیستەمی حوكمی رەشید دەكەن، لەبەر ئەوە لە زۆر هاوڵاتی تێكچوە كە راستییەكان لای كێن‌و كێ راستی دەبێژێت. هەندێ  دەڵێن "ئەوەی باسی گەندەڵی دەكات راست نیە، ئەگەر راست بوایە دو كەڵە گەندەڵ لەم دیو یان لەودیو دێگەڵەوە ئەدران بە دادگا! ئەمە قسەی خەڵكانێكن ئەیانەوێت ئەزمونەكەمان لەكەدار بكەن".
كاتێ سەرۆك كۆماری ئەمەریكای جاران (بیل كلنتن) لە سەرەتای ١٩٩٨ توشی كێشەیەك بو لەگەڵ (مۆنیكا لیڤینسكی)، دەزگای دادوەری بڕیاری دا كە لیژنەیەكی شارەزا لە بواری ناسینی كەسایەتی‌و خوێندنەوەی جوڵاندنی دەموچاو دابنێن، بۆ ئەوەی لە كاتی لێپرسینەوە لە كلنتن، بزانن بەهۆی جوڵانی دەموچاویەوە، ئایە قسەو وەڵامەكانی راستن یان درۆ. ئێستا دوای ٢١ ساڵ بەسەر ئەو مێژوەدا، رۆژانە سەرۆك كۆماری ئێستای ئەمەریكا (دۆنالد ترامپ) رۆژانە چەندەهاجار درۆ دەكات‌و زۆر لە هاوڵاتیانی ئەمەریكا بڕوایان پێیەتی‌و زۆر دور نیە جارێكی تر وەك سەرۆك هەڵببژێرێتەوە، بۆیە ئاسان نیە بڕوا بە راستی بكرێت، لەبەرئەوە درۆ رێگایەكی ئاسان‌و (یاسایی)یە بۆ ئەوەی بگەیت بە ئامانجی خۆت.
هیچ كاتێ زەمینەی جێگۆركێی درۆ لەگەڵ راستیدا لای زوربەی زۆری كۆمەڵگای ئێمە وەك ئێستا لەبار نەبوە، ئەگەر وا بڕوات، ئاسان نابێت راستییەكان لەناو درۆكاندا بدۆزیتەوە، بە تایبەتیش كاتێ زوربەی هاوڵاتیان درۆیان لێ دەبێت بە راستی.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand