Draw Media

راستیەكی تاڵ دانبەخۆداگرتنی كورد لە رۆژهەڵات

راستیەكی تاڵ دانبەخۆداگرتنی كورد لە رۆژهەڵات

2019-11-23 10:29:36


عەبدولڕەزاق شەریف
ناونیشانی ئەم ستونە، دو دەستەواژەی هاوڕیمان  (رێبین هەردی) یە، تایبەت بە جۆش و خرۆشی كورد لە رۆژهەڵات‌و ئەو روداوە نەخوازراوانەی لە شەقامی شارە كوردستانییەكان كەوتەوە، لە وتاریكیدا، بەكاریهێناون.
بەندە، دەستوەردان لە كاروباری ئێران‌و وەعزو نەسیحەتی خەڵكەكەی بە ماف‌و كاری خۆم نازانم، هەربۆیە بە ناونیشان‌و ناوەڕۆك قسە لەسەر ئەو گوتارە ئەقلانیە تەندروستە ئەكەم كە لەخەیاڵی رێبیندایەو دەبوا پێش ئەو لە خەیاڵی حیزب‌و سەركردەو پشتیوان‌و خەمخۆرەكانی كوردستانی ئێراندا، بوایە.
كورد، لەم سەروەختەی گۆڕانكاری سیاسی ناوچەكەدا، جگە لە (كانتۆنەكانی رۆژاوا) لە هیچ شوێنێكیتر یاریزانی ناو گەمەكە نیە، بە ئاشكرا دیارە كە یاریپێكراویكی ماندوی قوربانیدەرەو هەندێ دەستەو تاقمی دەسەڵاتداریشی جینایەت‌و خیانەتكارن.
ئێستا رۆژهەڵات بۆ جوڵەیەكی هاوشێوەی راپەڕین‌و شۆڕش‌و پەلاماردانی چەكداری لە هەمو كاتێك زیاتر بێ پشت‌و پەناترو بێ سەركردەو نارێكخراوترە، ئەوێ كە قوڵایی ستراتیژی سەرخانی كۆمەڵی ئێمەیە، ئێستا زەمینەی بەرگری‌و بەرەنگاربونەوەی، پشتیوانی دەرەكی‌و ناوخۆیی لە هەموكات لاوازترە، ئەمە راستیە تاڵەكەیەو وێنە راستەقینەكەی خوشك‌و براكانمانە لە شارو شارۆچكە كوردستانیەكانی ئێران.
لەزۆر ویستگەی میژودا، قەدەرو شەقی زەمانە چارەنوسی كوردی بە باش یا خراپ گۆڕیوەو دیاریكردوە، چیتر وەك كورد توانای دوبارەبونەوەی تراژیدیای كارەساتەكانمان نەماوە، ئەزمونی حیزب‌و سەركردەكانی دوای هەلەبجەو ئەنفالەكان وانەیەكی هیندە ناشرینی پێ بەخشیوین تەنیا بە ئاوڕدانەوەیەك لە هاورێ شەهیدەكانمان‌و سەنگی قوربانیاكانمان بەبێ خواستی خۆمان تێدەگەین هەست‌و نەستی بە كۆمەڵی ئێمە چەند سڵ لە دوبارەبونەوەی دەكاتەوە. پشت لە مەرگ كردن‌و دانبەخۆداگرتن وانەو وێنەی دوەمی ئێمەیە كە دەبیت كورد لە كرمان‌و موكریانەوە بە بيرمان بهێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand