یادی شەهیدی یەكێتی.. ئۆباڵە!
2019-11-21 11:34:56
مەلا بەختیار
21/11/2019 یادی شەهیدی یەكێتیە. كە لە یادی شەهیدان شیهاب شێخ نوری و مامۆستا جەعفەر و ئەنوەر زۆرابی سەركردەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە پەسەندكراوە.
لەسەردەمی ئەم شەهیدانە، دوای مشتوماڵێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و رێكخراوەیی، تەنها لەگەڵ سەرۆك مام جەلالدا، سەركردایەتیی كۆمەڵە بە رابەرایەتی شەهید شیهاب، دوای رەتكردنەوەی پێشنیاری تر، بۆ دروستكردنی رێكخراوێكی نوێ، پاش خیانەتنامەی جەزائیر، چوارچێوەی یەكێتیی نیشتیمانی وەكو نیمچە بەرەی كوردستان، پەسەندكرا.
كاتێك، سەركردایەتیی كۆمەڵە، پرۆژەی دامەزراندنی یەكێتی پەسەندكرد، نەیاندەزانی خۆیان دەبنە پێشەنگی كەژاوەی شەهیدانی شۆڕشی نوێی كوردستان، بەڵام دەیانزانی، دوای (1975) شكستهێنان بە شكست، ئۆباڵێكی شۆڕشگێڕانەی رەوشت بەرزی و فیداكاریە.
لەو دۆخەدا، كۆمەڵە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە، چوە ناو یەكێتی كە ببێتە داینەمۆی شۆڕش و لەپاشەڕۆشیدا، یەكێتی گەشەبكات بەرەو بەرەی كوردستانی و كۆمەڵەش پەرەبسەنێ بۆ پارتی پێشڕەو.
شەهید شیهاب و هاوڕێكانی، بەم گیانە پیرۆزەوە، مۆتەكەی سامناكی فاشیەكانیان بە كەم بژی و كەڵ بژی، شكاند. كۆمیتەی هەرێمەكانیش، سەرەڕای ناكۆكیەكان، درێژەیان بە خەباتی كۆمەڵە دا و لەناو وڵات، شۆڕشیان بەرپاكرد. دوای شۆڕش بەرپاكردن لەناو وڵاتدا و لەدوای پەرەسەندنی پارتیزانەكان و لێدانی پارێزگاری سلێمانی لە تۆڵەی شەهید شیهاب و هاوڕێكانی لە (21/12/1976) ئیتر باڵای یەكێتی لە سوریا و لەناو رێكخراوەكانی فەلەستین و رای گشتی كوردستاندا هەڵكشا.
ئێستا، كاتێك ئاوڕ لەو مێژووە دەدرێتەوەو ناشتنی كۆمەڵی كوردستانی، لەسەر سنوری دوو پارچەی كوردستان بیردەكەوێتەوەو بە دۆخی ئێستای یەكێتی بەراورد دەكرێ.. جیاوازی ئەو رۆژگارانەو ئێستا، ئاسمان و رێسمانە. رابوردومان ئاسمانێكی ساماڵی شۆڕشگێڕانە بوو. ئێستاشمان رێسمانێكی ناخ هەژێنە. لەم كاتەشدا، یەكێتی بەرەو چوارەمین كۆنگرە، گوڕی بەستوە. وێڕای ئەوەی بەهیواین كۆنگرە لەكاتی خۆیدا ببەسترێ و كە كۆنگرەش بەسترا، هەڤاڵانی یەكێتی، پێویستە دەست بە كێلی شیهاب و هاوڕێكانیانەوە بگرن و كێلی سەرۆك مام جەلالیش بكەنە دورنمای هەڵسانەوەی یەكێتی.. كە ئەمەش تەنها بە كۆنگرەی گۆڕانكاری دێتەدی.
كۆنگرەی گۆڕانكاری، ئۆباڵی هێشتنەوەی گیانی شیهاب و شەهیدە سەركردەكانی تری ئارام، عەلی عەسكەری، د. خالید، شێخ حسێن، رەئوف بەگ، سەعدی گچكە، ئازاد هەورامی، عەبدولرەزاق، تەواوی سەركردە و فەرماندە نەمرەكان، بە بەرزەفڕی لە سەنگەری خەبات بۆ ئازادی بەشەكانی تری كوردستان و دیموكراسی و دژایەتی راستەقینەی گەندەڵی لەپێناوی دادپەرورەیدا، بمێنێتەوە.
ئەم ئۆباڵە، لەم هەلومەرجەدا، هەرگیز لە ئۆباڵی دامەزراندنی یەكێتی و بەرپاكردنی شۆڕشی نوێ و بەرەو پیری كەم ژیان و كەڵ ژیان و دوا چركەساتی هەناسەی تەواوی شەهیدان، هەروا بەرگەگرتنی ئەشكەنجەدان لەزیندانەكاندا، كەمتر نیە.
هەڤاڵان:
یەكێـتی بە پارە رشتن و پیلان داڕشتن لەكۆنگرەدا هەڵناسێتەوە. بەڵكو، بە ویژدان، بەرنامەی نوێ، رەخنە لەخۆگرتن و تێگەیشتن لە ئەركەكانی سەردەمی جیهانگیری، یەكێتی دەخرێتەوە سەر رێچكەی ئومێدی ناوخۆیی و متمانەی جەماوەری.
چاوی ئومێد بڕاوەتە كۆنگرە.. ئومێدەوارین، لەیادی شەهیدی یەكێتیدا، یەكێتیەكان نائومێد نەكرێن. لەسەر كێل بە كێلی ئەم شەهیدانە، فرمێسك دەڕێژم.