ستراتیجی کورد لە ئێراندا بە (10) خاڵ
2019-11-20 16:59:40
د. رێبوار فەتاح
کورد پێویستە بەجدی بەشداریی گۆڕانکاری لە ئێراندا بکات. ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ نەتەوەی کورد، بەهۆی ئەزمونی خەباتیەوە، دەسپێشخەری خۆی بکات بۆ ئێرانێك کە هەم لە خزمەتی گەلی ئێراندا بێ، هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هانبدات بۆ هاوکاری دامەزراندنی.
کورد دەتوانێ دەسپێشخەری جێگیرکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن لە دەستوری داهاتوی ئێراندا. دیارە ئەم خاڵانە سەرپێین و بیرکردنەوەی قوڵیان پێویستە، بەڵام من بە باشم زانی، تەنیا (10) خاڵ، گەر بەپەلەش بوە، بخەمەڕو کە سەرەتایەك بێ بۆ داڕشتنی دەستورێکی نوێی هاوچەرخ بۆ ئێران. هەروەك دەکرێت سەرەتایەك بێ بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە گرنگە.
1- یەکپارچەیی خاکی ئێران دەپارێزرێ و کار بۆ جیابونەوە لە ئێران ناکرێ، بەڵكو کار بۆ هاوکاری و یەکگرتنی هەمو هێز و نەتەوەکانی ئێران دەکرێ لەپێناو گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی گەلی ئێران و دامەزراندنی وڵاتێك لەسەر بنەمای "هاوڵاتبون".
2 - دەستوری ئێران دەگۆڕێ بە دەستورێکی هاوچەرخ، کە تێیدا مافی مرۆڤ و نەتەوەکان دەپارێزرێ.
3 - قانونەکانی ئێران دەگۆڕین بە قانونی هاوچەرخ و مافی مرۆڤ تیایاندا دەپارێزرێ.
4 - مودیلێکی حوکمڕانی دادەمەزرێ کە هاوکاری فرەنەتەوەی و ئاینی ئێران دەکات.
5 - ئاین و دەوڵەت جیا دەکرێنەوە و دەوڵەتێك دادەمەزرێ کە دەسەڵاتەکان تێیدا سەربەخۆ دەبن. مافی هەمو ئاین و ئاینزاکان بە قانون دەپارێزرێ.
.
6 - کۆمەڵێکی سیڤڵی دیموکرات دادەمەزێ، کە رێکخراوە مەدەنییەکان بەشێکی گرنگ دەبن لە پێکهاتەی کۆمەڵ، و کاریان بە قانون رێکدەخرێ.
7 - زمانی فارسی دەکرێ زمانی فەرمی هەمو ئێران بێ؛ لە پاڵێدا زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران زمانی فەرمین لە هەرێمەکانی خۆیاندا. نەتەوەکان بە زمانی زگماکی خۆیان دەخوێنن. دابینکردنی خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری خاکی ئێراندا تەبا دەبێ، بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان ناوچە و نەتەوەکاندا.
8 - مافی ژنان لە هەمو قانونەکاندا دەپارێزرێ؛ هەروەك مافی خێزان و منداڵ بە قانون دەپارێزرێ و ئاسانکاریان بۆ دەکرێ. بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ژنان بە قانون دەپارێزرێ.
9 - هیچ هێزێکی ئاسایش پارێز لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەڵبژێراو ڕاوەستاو نابێ. هێزی پاسداران، قودس و هەمو ئەوانی دیکە هەڵدەوشێنەوە. هەمو هێزی چەکدار و ئاسایش پارێز لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدا دەبن.
10- دەوڵەتی ئێران دەگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، دەستبەرداری پێشێلکردنی مافی گەلان و نەتەوەکانی دیکە دەبێ، و ئاسایش و ئاشتی جیهان و ناوچەکە دەپارێزێ. ئێران رێز لە هەمو قانون و نەریتە نێو دەوڵەتیەکان دەگرێ، ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێ و پەیوەندی ئاسای دەکاتەوە لەگەڵ گشت وڵاتانی ناوچەکەدا.