Draw Media

باركەن بڕۆن

باركەن بڕۆن

2019-11-20 11:01:05


هیوا سەید سەلیم
  ئەم درووشمە خەریكە بەرەو رووی بەشێك لە دەسەڵات دارانی  ناوچەكە بەرز دەكرێتەوە، لەو مانگە بۆ جارێكی دیكە لە لوبنان دەستی پێكردەوە و گەیشتە عێراق و لە ئێستاشدا خەڵكی لە ئێران بە دەنگێكی بەرز بەو رژێمە دەڵێن باركەن بڕۆن، ئیدی خەڵكی بەرگەی رژێمێكی وەك ئێوە ناگرێت.
جاران دەوترا ئەوەی بە شۆرش هاتبێتە سەر دەسەڵات هەر دەبێت بە شۆرش بڕوات ، هەر بۆیەشە دەبینین كە لە ماوەی نیو سەدەی رابردوو ئەو ناوچەیە مێژووەكەی پڕاوپر بوو لە شۆرش و كودەتا و شەڕی ناوخۆ.
 ئەگەر لە مێژووی عێراق بروانین لە دامەزراندنیەوە تا رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، هیچ یەك لە دەسەڵاتەكانی بە شێوەیەكی ئاسایی دەسەڵاتیان ڕادەستی ئەوەی دوای خۆیان نەكردووە، بگرە یان كوژراون،  یان بە كودەتا دوورخراونەتەوە، ئەمەیان بۆ ئێران و وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش هەر ڕاستە.
لە ئێستا كە بەشێك لەو رژێمانە بە كودەتا و شۆرشیش نەهاتوون لە نموونەی عێراقی ئێستا،  بەڵام چونكە مێژووەكەیان مێژووی خوێناوەیە هەر دەبێت بە شۆرش بڕۆن، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە هێشتا دیموكراسیەتەكەیان ناكامل و دەسەڵاتەكەیان لە خزمەتی خەلكەكەدا نیە. 
لە عێراق  مانگێكە چین و توێژەكان دژ بە گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و پشك پشكێنەی حزبی و و تایفی لە دەسەڵات، لە بەغدا و شارەكانی دیكەی ناوەڕاست و خواروو لە خۆپشاندان دان، بە دەسەڵاتدارن دەڵێن بەس باركەن بڕۆن، لە لوبنان بە هەمان شێوە، دواجار لە ئێران خەڵكی گران بوونی نرخی بەنزین دەقۆزنەوە و ئەوانیش درووشمی باركەن بڕۆن بەرزدەكەنەوە.
لە بەرامبەر ئەو درووشمە لوولەی تفەنگ ئامادەیە، لە عێراق قەناس بەدەست وەڵامی كچ و كوڕی خێر لە خۆ نەدیوی بێ كار دەداتەوە، لەو چەند رۆژەش شارەكانی ئێران بە گشتی و شارە كوردیەكان بە تایبەتی خەڵتانی خوێن دەكرێن، لەگەڵ ئەو هەموو ئیرهابەشدا كە دەسەلاتداران پیادەی دەكەن، هێشتا ناڕەزایەكان درێژەیان هەیە.
رۆژهەلاتی ناوەڕاست بە گشتی و رژێمەكانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی بەو باگراوندە خوێناویەی كە هەیەتی، رژێمەكانی هەرگیز ئامادە نین دەرس لە ڕابردوو و لە رژێمەكانی لە شێوەی خۆیان وەرگرن، دوور نەچین هەشت ساڵە بەشار ئەسەد لە پێناو مانەوەی خۆی سوریای كردۆتە مەیدانی خوێن، پێش ئەویش سەدام حوسێن وایكرد، بەلام ئامادەنەبوون و نین كە بارگە و بنەی دەسەڵاتی تێك بنێت، بێ باك لەوەی وڵات وێران دەبێت یان گەلەكەیان ئاوارە و دەربەدەر دەبێت .
لە ئێستاشدا ناوچەكە رووبەڕووی شۆڕشێكی تازە دەبێتە، ئەو جارەین نە بەهاری عەڕەبیە نە شۆڕشی گەلانە، بگرە شۆرشێكی سپیە،  بە درووشمی ڕەوا لە پێناو ژیانێكی پر كەرامەت و دوور لە ناعەدالەت و لە پێناو دامەزراندنی حوكمێكی رەشید دایە.
ئیدی ئەو دەسەلاتدارانەی ناوچەكە یەك بژاردەیان لەبەردەم دایە،  كە خراب حوكمی گەلەكەیان كرد دەبێت بڕۆن، چونكە میللەتانی ناوچەكە بۆ لەمەودوا چاوكراوە دەبن، ناتوانن لە ئاست دەسەڵاتدارانی بێ باك لە بەرامبەر میللەت،  بێ دەنگ و دەستەوەستان دابنیشن، چیتر خەڵك بەرگەی برسیەتی و سەرەڕۆیی ئەو رژێم و دەسەڵادارانە ناگرێت، بۆیە یان دەبێت خۆیان چاك بكەن و بكەونە خزمەتی هاوڵاتیانیان یان دەبێت باركەن بڕۆن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand