پرۆژەکەی بەرهەم ساڵح دوو ئیدارەیی لە کوردستان زیندوودەکاتەوە
2019-11-13 14:54:21
هێڤیدار ئەحمەد
پرۆژەیەکی ئامادەکراو، بەناوی سەرۆککۆماری عێراق، پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کراوە، خاڵی ئیجابی باشی تێیدایە وەک ئەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی لە 329 ئەندام کراوە بە 222 ئەندام. واتە 32.5%ی کورسییەکان کەمکراوە، بەڵام سەرۆککۆمار پێشئەوەی ئەو پۆستەی هەبێ، لەبەرئەوەی کوردە بۆیە لەوێیە، دەبێ چۆن شیعەکان شەڕ بۆ بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن، سوننە چۆن شەڕ دەکەن پێگەیان لە دەسەڵات بەهێزبێ، ئەم بەڕێزە کە پۆستی سەرۆککۆماری هەیە دەبێ شەڕ بۆ مافی کورد بکات و لەرێگەی ئەو پۆستەوە شەڕ بۆ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
11-11-2019 پرۆژە یاسای هەڵبژاردن لە عێراق بەناوی سەرۆککۆمار ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کراوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت کە گوایە خوپیشاندەرەکانی باشوور و بەغدا داوادەکەن ئەم دەسەڵاتە لەنێو ببرێ کە سەرۆککۆماریش دەگرێتەوە!
یەک ماددەی ئەو پرۆژە یاساییە، ئەگەر سەربگرێ بەسە بۆ دروستکردنی مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان ئەویش لەماددەی 11ـی پرۆژە یاساکەدا هاتووە کە بازنەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق کە پێشتر لەسەر ئاستی پارێزگا بووە، ئێستا پێشنیازی کردووە لەسەر ئاستی قەزاکان بکرێت، ئەو ماددەیە گورزێکی کوشندە لە ئەزموون و قەوارەی هەرێمی کوردستان - عێراق دەدات.
چۆن؟
ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی قەزاکان بێ، ئەوا هەرگیز هێزێکی وەکو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگایەکی وەکو دهۆک و موسڵ کە دەنگی کوردی تێیدایە ناتوانێ کورسی ببات، پارتیی دیموکراتی کوردستانیش هەرگیز لە پارێزگای سلێمانی کورسی نابات، چونکە ئەم دوو هێزە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەو سێ پاریزگایە لەسەر ئاستی پارێزگا دەنگ کۆبکەنەوە و بەربژێر سەربخەن، بەڵام لەسەر ئاستی قەزاکان، قەت ناتوانن. نە پارتی لەسەر ئاستی هیچ قەزایەکی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە ئەوەندە دەنگدەری هەیە بەربژێری سەربخات، نە یەکێتی لە قەزاکانی دهۆک و موسڵ دەتوانێ بەربژێرەکانی سەربخات.
ئەمەش وادەکات سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەکێتی و ئیسلامییەکان و گۆڕان بێت، سنووری دهۆک و موسڵ تەنیا بۆ پارتی دەبێ. هەولێریش جگە لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان بە هەردووکیان سێ کورسی زیاتر بەدەستناهێنن. بۆیە دەبێ هەموو هێزە کوردستانییەکان دژی ئەم هەنگاوەی بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق بن کە کوردە!
کەرکووکیش تەحسیل حاسلە پارتی دەتوانێ کورسی لەنێو دەنگی کوردەکان بەدەستبهێنێ، هەروەها یەکێتیش لە پارتی زیاتر دەنگی لە کەرکووک هەیە و کورسی زیاتر لە پارتی لەنێو دەنگی کورددا دەبات.
نابێ لەڕێگەی عێراقەوە و لەڕێگەی کوردێک لە عێراقەوە رێگەبدەین هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ببێ بە دوو ئیدارەیی. ئەمە لەکاتێکدا نوێنەرانی کورد لە بەغدا کاریان ئەوەیە لەوێوە هەرێمی کوردستان بەهێزبکەن، نەک پارچە بکەن...