كەركوك لەنێوان مورافەعە و سازشەكانی دوو سەركۆماردا
2019-11-13 10:29:54
د.سەروەر عەبدولڕەحمان
بەپێی سەرجەم بەڵگەو دۆكیۆمێنتە مێژوویی و جوگرافیەكان، بە دانپیانانی نوسەرە دیارە خۆماڵی و بێگانەكان، بەپێی ئامارەكانی خودی دەوڵەتەكانی عوسمانی كۆن و عیراق و كۆمەڵەی گەلان، كەركوك شارێكی كوردستانی بووەو كوردستانییە، لەمێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانیشدا لەهیچ قۆناغێكدا سەركردایەتی سیاسیی كوردی، ئەگەر كەموكوڕیشی هەبووبێت و كەمتەرخەمیش بووبێت، بەلام سازشی لەسەر ئەو شارە نەكردووە، هەر لەسەرەتای لكاندنی باشوری كوردستان بە عیراقی عەرەبیەوە، كاتێك لەسالانی بیستەكاندا خوالێخۆشبوو حەمە سەعید جاف وەك نوێنەری شارەكە روو بەرووی مەلیك فەیسەل بەرگری لەكوردستانیەتی كەركوك كرد و لەبەرامبەر مەلیك فەیسەڵی یەكەمدا بەدەنگێكی زولال كوردستانیەتی كەركوكی دووپات كردەوەو دەری بڕی كە كورد دەست لە كەركوك هەڵناگرێت. لەشۆڕشی ئەیلولدا پارتی بارزانی ئامادەنەبوون دەست لەكەركوك هەڵبگرن، كێشەی كەركوك یەك لەهۆكارە سەرەكییەكانی تێكچوونی گفتوگۆ بوو لەو سەردەمەدا، لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا هۆكاری سەرەكی تێكچوونی گفتوگۆی یەكێتی و عیراق لەسەر كەركوك بوو و یەكێتی دەستبەرداری نەبوو، مورافەعە مێژووییەكەی مام جەلال دوای پرۆسەی ئازادی داكۆكیكردنێكی سەرسەخت بوو لە كوردستانیەتی شارەكە، تا لەتەمەنیشدابوو چ لە كوردستانەوەو چ لەبەغداش جەنابی مام جەلال ئامادەی سازش نەبوو لەسەر ئەو شارە. تەنانەت ساڵی 1995 كاتێك یەكێتی و حزبە هاوپەیمانەكانی لەگەل ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا پەلامارە سەربازییەكانیان بۆ سەر هێزەكانی سوپای عیراق دەست پێكرد، سەدام حوسێن نامەیەكی دەستخەتی بۆ مام جەلال ناردبوو كە تیایدا داوای لێكردبوو دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنن لەهەرسێ پارێزگا جگە لە كەركوك و عیراق یەكەم دەولەت دەبێت دانی پێدا بنێت، بەلام مام جەلال لەنامەیەكدا وەلامی دەداتەوە كە دەوڵەتی كوردستان ئەو رۆژە پێكدێت كە كەركوك پایتەختەكەی بێت!
بەلام ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت و پێشبینی دەكرێت مەترسییەكی گەورە لەسەر كەركوك هەیە كە هەوڵی گۆڕینی ناسنامەكەی دەدرێت. ئەگەر لەدوای دەرەنجامەكانی ریفراندۆم و رووداوەكەی شانزەی ئۆكتۆبەردا ئەم شارە لەدەست كورد دەرهێنرا، سەرباری دەیان وادەو بەڵێنی زەردوسور كە بەدانیشتوانەكەی درا، بەهۆی ململانێی ناپەسەندی هەردوو پارتی دەسەلاتدارەوە كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاشیان بەدەستەوەبوو، كەچی نەیانتوانی پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دەستنیشان بكەن. نەك هەر ئەمە بەڵكو یەكێتی و بەناو سەركۆمارە كوردەكەی بەغداش نەیانتوانی بەوەكالەتیش بێت پارێزگارێك لەشوێن ئەو پارێزگارە بەوەكالەتە دابنێن، تا هیچنا ئەو لێشاوی تەعریبەی لەسەر شارەكەیە رایبگرن، بەتایبەت ئێستا كە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشاوەتەوەو دەسەلاتی دانانی پارێزگار لە بەغدایە، بەهەموو پێوەرەكان پارێزگاری كەركوك پشكی كوردەو لەو نێوەشدا پشكی یەكێتییە، بەلام سەركۆمارە كوردەكە نەك هەر خۆی لەوە بواررد، پرۆژەی مەترسیدارتریشی خستۆتە روو، ئەوەتا ئەو پرۆژە یاسایەی لەسەر هەڵبژاردن سەرۆكی كۆمار بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ناردووە (من قسەم لەسەر بڕگەو مادەكانی تری نیە، تەنها ئەوەی تایبەتە بە كەركوك) بەشێكە لەو ئەجێندایەی ناسنامەی راستەقینەی شارەكە دەگۆڕێت، هەر بۆیە پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كوردی و هێزە سیاسیەكان بەزوترین كات رێگریی لێ بكەن.
ئەگەر چی مێژوو پێمان دەڵێت، لەسەردەمی شێخ مەحمودەوە، دواتر نوێنەرانی كەركوك لە بەغدا و دواتریش بارزانی داكۆكیان لەسەر كوردستانیەتی ئەم شارە كردووەو سازشیان لەسەر نەكردووە، ئەگەرچی دوێنێ مام جەلال وەك سەركۆمار لەناو جەرگەی بەغداو لەنێو هەموو سەركردە عەرەبەكاندا مورافەعە مێژووییەكەی ئەنجامدا، كەچی ئەمڕۆ بەناو سەركۆمارە كوردەكە لەپێناو مانەوەی كورسیەكەیدا، لەبەرامبەر ئەو هەموو ناهەقیەی بەرامبەر كەركوكییەكان دەكرێت و لەنێو ئەو هەموو مەترسیەی لەسەر ناسنامەی شارەكە هەیە، نەك هەر بێدەنگی هەڵبژاردووە بەڵكو بۆ موجامەلەی عەرەبی عیراقی و دەوڵەتی توركیا، ئامادەی هەموو سازشێكەو لەهیچ بەهایەكی نیشتمانی و نەتەوایەتی ناسڵەمێتەوە! پرسیار ئەوەیە ئەی سەركردەكانی تر لە كوێن!؟ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكوێیە!؟ حزبە سیاسیەكانی تر خەریكی چین!؟ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و نوسەران و رۆشنبیران و ئەكادیمیانی كورد بۆچی بێدەنگن!؟ لەكاتێكدا كەركوكی بەناو دڵ و قودسی كوردستان هەڕاج دەكرێت، لەهەمبەر ئەو هەموو بێحورمەتیەی بە كەركوك و دانیشتوانەكەی و روبارێك لە خوێنی شەهیدەكانی دەكرێت كەس نیە پێی بڵێت ئیتر بەسسە و ستۆپ!؟ كەس نیە پێی بڵێت چی دەیكەی بۆ دەوڵەمەند بوون و ناو و ناوبانگت بیكە، هەروەكو كردوویەتی، بەلام بۆت نیە هێڵە سورەكانی پیرۆزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی ببەزێنی و بەحورمەتەوە دابنیشە!؟
پێشنیار دەكەم پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەركردایەتی سیاسی كوردستان بەهەموو حزبەكانیەوە، مەكتەبی هەڵبژاردنەكانیان، چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، ئەكادیمیان و پسپۆرانی بوارەكە، بێنەدەنگ و بەزوترین كات لیژنەی تایبەت بە تەتەڵەكردنی ئەو پرۆژە یاسایە پێكبێنن و لایەنە مەترسیدارەكانی لەسەر كەركوك بخەنە روو و رێگریی لێ بكەن.