كابینەی نۆ بە حكومەتی خاوەن كێشە دەمێنێتەوە؟
2019-11-12 20:05:21
هێمن كەریم
كاتێك دوو حیزبی سەرەكی هەرێمی كوردستان (یەكێتی و پارتی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم رێككەوتن هەریەكەو بەرنامەی خۆیان خستەروو، دواجار لە بۆتەی یەك خێزاندا كۆی بەژداربوانی كابینەی نۆیەم كۆبونەوەو بریاری پێكهێنانی حكومەتیاندا، كە پلان و بۆچوونی تێكڕای بەشداربووانیش لەخۆبگرێت وەجێبەجێ كردنی بەرنامەكەشی دەكەوێتە ئەستۆی تێكراو بە بەرپرسیارێتی سەرجەم بەژداربوانی ناو كابینەكە دەسپێردرێت بەتایبەتی یەكێتی و پارتی.
كارنامەی كابینەی نۆیەم لە 52 خاڵی هێڵەگشتیەكان پێكهاتوەو بەسەر حەوت ئاستی سەرەكی دابەش كراوە كەئاستە سەرەكیەكانیش بریتین لە: ئاستی چاكسازی، ئاستی خزمەتگوزارییەكان، ئاستی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، ئازادی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان، پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ، ئاستی ئابوری دارایی و ئاستی كارگێری.
كەواتە كابینەی نۆیەم بەجێبەجێ كردنی پلانی و ئەجندای هەموو لایەنەكان لەسەر ئەو كارنامەیە پێكهاتوون ئەوكات توانیانە ئەوحكومەتە پێكبهێنن كەئێستا هەیە، ئەو كارنامەیەش كە لەحەوت ئاستی هێڵی گشتیدایە، دووئاستە سەرەكیەكەی بریتین لە(چاكسازی و خزمەت گوزارییەكان) كەئەم دووئاستە لە (28 )خاڵی هێڵەگشتیەكان پێكدێن، كۆی ئەم خاڵانەش جەخت لەسەر ئەوەدەكەنەوە كەدەبێت كاری هاوڵاتیان لەم كابینەیەدا ئاسان و بروات بەرێدا بەپووختی "كابینەی نۆیەم خۆی بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان تەرخان دەكات" ئەم خاڵەش كەزۆر تەئكیدی لەسەركراوەتەوە، پێویستی بەدابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری و كارگێری هەیە بۆ جومگەكانی خوارەوەی حكومەت، بەلایەنی كەمەوە بەبچوكترین بەشی لامەركەزی ئەو هەنگاوە دەنرێت، وەلێ تائێستا ئەم هەنگاوە نەنراوەو نەبینراوە كە هاوڵاتیان پێویستە سود لەحكومەت وەرگرن لەهەر ناوچەو شوێنێكدابن بەكەمكترین كات، نەك تەنها پایتەخت پیادەی خزمەتگوزارییەكانی تیادا بكرێت.
جەدەلی سیاسی لەنێوان یەكێتی و پارتی كەوەك حیزبی حكومڕان لەكوردستان، دانیشتنی بەردەوامی لەسەركراوە، كەم تازۆر لەلایەن یەكێتی و گۆرانیشەوە نەشاردراوەتەوە كەبۆئەوەی خزمەتی هاوڵاتیان بكرێت لامەركەزی گرنگە، یەكێك لەپایە سەرەكیەكانی خزمەتكردنی هاوڵاتیانیش لەلامەركەزییەوە سەرچاوەدەگرێت، كەوایە كابینەی نۆیەم نەیتوانیوە پراكتیزەی خاڵی سەرەكی بكات، بەدەرلەوگومانانەی كەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئاماژەی پێدەكات، كە "پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت كۆی رێككەوتنەكە و كارنامەكە جێ بەجێ بكات " ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە، "رێككەوتنی یەكێتی پشتگوێ خراوە و پارتی نایەوێت دەسەڵاتەكانی كابینەی نۆیەم بەكارنامەكەدا بروات" لەكاتێكدا یەكێتی پارسەنگی هێزەو خۆی بە بەشێكی سەرەكی دەزانێت لە حكومرانی كابینەی نۆیەم.
كابینەی نۆیەم تائێستا ، خۆی لە بەرنامەیەی یەك حیزبی سیاسیی بەرجەستەكراوە دەبینرێتەوە، ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە كە ئامادەنیە بگەرێتەوە بۆ رێككەوتنەكانی پێكهێنانی ئەم حكومەتە، بۆیە بەردەوام لەخولگەی حیزبایەتی ئەجندای پارتیدا ماوەتەوە، هەر ئەمەشە وایكردوە بیر لە ئەلتەرناتیڤێكی نوێ بكرێتەوە لەلایەن یەكێتیەوە گەر رێككەوتن جێ بەجێ نەكرێت، ئەوا دەست لەكاركێشانەوەی نوێنەرەكانی لەم كابینەیەدا ئەگەرێكی بەهێزە، وەبەهاتنە دەرەوەی یەكێتیش تەمەنی كابینەی نۆیەم كورتەو هەڵوەشاندنەوەی بەدوادادێت، هۆكارەكەشی (خواستی مەرجەعی بوونی سەرۆكی حكومەت)ە لەم كابینەیەدا، كە بەتەواوەتی خزمەتگوزاریی پەكیكەوتوە و بۆتە سەرچاوەی حكومەتێكی پركێشە بۆ هاوڵاتیان، ئەمەش ئەو رەخنەیەیە كەئەم یان ئەو حیزب لە ئێستادا لە پارتی دەگرن و ئەو بەسەرچاوەی كێشەكانی ئەم كابینەیە دادەنێن، خودی ئەم مەرجەع بوونە كە لەنێو پارتیدا بۆتە باو، خەریكە ئاقاری سیاسی و حوكمرانی لەكوردستاندا دەخاتە كەناری نائومێد و سەرهەڵدانی كێشەو قەیران و پێشهاتی نوێ.
نەبردنەسەری بەڵێنەكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەدابەش كردنی پۆستەكاندا و لادان لەكارنامەدا ، تەنها كێشەنیە بۆ لایەنی حكومرانی لەهەرێمدا، بەڵكو ئەمە ناكۆكیەكە كاردەكاتە سەر رەوشی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق، كەئەمەش بەرەو ئاڵۆزیمان دەبات، چونكە تائێستا دیارنیە چارەنوسی عێراقی نوێ بەرەو چ پێشهاتێكی تر دەروا، هەموو ئەم پێشهاتانەش ئەگەرێكی كراوەیەو پارتی دیموكراتی كوردستان سەرچاوەكەشیەتی لەهەرێم.
بەردەوامی ئایندەی كابینەی نۆ لەسەر ئەوە وەستاوە، كەئایە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەرێتەوە بۆ دانوستانەكان و لە لێكتێگەیشتنەكانی سەرەتای؟ تا ئەم كابینەیە لەكابینەكانی دوای خۆی نەچێت و سەرجەم داواكارییەكان كە لەسەری ریككەوتن جێبەجێ بكرێت؟ ئەگەر بەم گومانەوە بروات و نەگەرێتەوە، ئەوا ئەم كابینەیە هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نابێت و بگرە بەحكومەتی خاوەن كێشە لەقەڵەم دەدرێت !! ئۆباڵی سەرەكی لێكەوتەكان و ئەگەرەكانیش لە هەڵوەشاندنەوەی بۆ پارتی دەگەرێتەوە.