سیاسەت و وونبونی خەونەكان
2019-11-12 16:39:54
سەردار قادر
هەموان خەریكی سیاسەتین بە چاك یان خراپ بەشێكین لە پرۆسەكە ، زۆربەمان شانازی ئەكەین بە رابووردومان ، پیشە سیاسەت لە ناو كۆمەڵگەدا توێژێكی فراوانە .
مێژوو مێژووی سیاسیەكانە ، هەموان خۆمان بە خاوەنی سەركەوتنەكان ئەزانین ، شكست ئەبرین بە باڵای بەرامبەرەكانمان .
كەمترین كەس لە گێرانەوەی یادوەریدا خۆی بەلای شكستدا ئەبات ، خودی كەسەكان تانوپۆی سەركەوتنەكانن ؟؟
كەسێك نەهات و بڵێت من بەشێك بووم لە شكست و داوایەكی راستگۆیانە ی لێ بووردن بكات .
هەموو هەر قارەمانن و ئەوانی تر شكستیان دروست كردووە.
سیاسەت كردن گەر پێش راپەرین بەشێك بووە لە ئەرك بینین بەرامبەر خاك و ووڵات و خەڵك ئەوا لە دوای راپەرینەوە سیاسەت كردن بۆ زۆرینەیەك بۆتە بژێوی ژیان .
لەو كاتەوەی پۆست دروست ئەبێت ئیتر سیاسەت كردن ئەبێتە ئامانج بۆ بژێوی ؟؟
سێ وەچە دێنە نێو دونیای سیاسەتەو ە:
* وەچەی تێكۆشەری دێرین كە تەمەنیان باڵای كردووە و هیلاكی خەبات و تێ كۆشانن ، زۆرینەیەك لەم تێ كۆ شەرانە هەوڵ ئەدەن بەرەكەتی خەباتیان بگوێزنەوە بۆ وەچەكانیان ، هەوڵیانە كە مناڵ و كەسو كاری نزیكیان لە ترۆپكی دەسەڵات ببینرێن و لە پۆستی جیاوازدا بەشیان هەبێت ، هەوڵیانە كە بنەمای دەسكەوتی ئابووری و دارایی بۆ وەچەی دووەم فەراهەم بكەن .
*وەچەی دوومی سیاسیەكان كە تەمەنیان بە بەریەوە ماوە بۆ بەشداری سیاسەت ، زۆرینەیەك لەمان وەك ئەووترێت هاتوون و بۆ ئەوەی نەرۆن ، بەردەوامن لە پۆستەكانیان لە هەمان كاتیشدا هەوڵیانە بۆ دەستەبەر كردنی پلەو پایە بۆ نەوەكانیان و بنەماڵەو كەسوكاریان ، كار ئەكەن لەسەر بە دیهێنانی پۆست و لەولاشەوە میدیای حیزبی ئەگرنە دەست و چەند میدیاكی سێبەریش ئەكەنە وابەستەی خۆیان .
ئەم وەچەیە بە ئاشكرا یان نهێنی وابەستەی شەراكەتی كاری بازرگانی ئەبن و لەگەڵ ئەم كۆمپانیای حیزبی و یان كەرتی تایبەت .
ئەم وەچەیە رایەڵەی جیاواز دروست ئەكەن لە گەڵ دەنگە جیاوازەكان ، هەندێ كەسێتی ناو شەقام وابەستەی خۆیان ئەكەن و ئاساییە لایان وەك قسەی ناو شەقامیش بكەن .
ئەم وەچەیە بارگرانی گەورەن بەسەر حیزبەوە هەمیشە هەن بۆ دەستكەوت ، لیستی پەرلەمان ئەبێت خۆیان یان كەسی بنەماڵەی تێدا بێت ، خۆ پۆستە حكومیەكان ناكرێت و نا بێت ئەمانی لێ بێ بەری بكرێت ، ئەمە بۆ وەچەی نێو حیزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆنیش هەمان شێوەیە .
ئەم وەچەیە لای ئاساییە سەنگەر گواستنەوە هەر نەبێت لەم تەكەتوولەوە بۆ ئەوەی تریان ، لە كوێ پەرژەوەندی هەبێت ئەمان لەوێ هەن .
ئەم وەچەیە كاری بازرگانی و میدیایەك و هەندێ هێز و عەشرەتێك و ئەكەنە بەرنامەی كاری سیاسیان .
*وەچەی نەوەی دوای راپەرین :
زۆرینەیەكە زۆری ئەم وەچەیە سیاسەت لای بۆتە پژێوی ژیان ، كەمتر بە ها ئەبینرێت ، پەیوەندیان زۆرە لەكەڵ وەچەی دووەم ، هەمیشە هەن و قسەكەری باشن لەسەر كەیسی جیاواز ، میدیا رووبەرێكی گەورەی كاریانە ، دروست بوونی ئەستێرە بۆ خودی خۆیان كاری سەرەكیانە .
تەكەتوول لایان رەوگەیە بۆ فەراهەم كردنی داهاتوویان ، باڵ باڵێن ئیشی گەورەیانە .
سیاسەت و خەونی راستی بەرەو كوێ؟
ئیتر سیاسەت مەدارەكان زۆرینەیان بەو جۆرە بن ئەكرێت خەونی بەهای جوان لە كوێدا جێ ی بێتەوە ، سیاسەسیەكان لای تاكی كوردی دەموچاوی بێزراون ، بوونەتە مۆتەكەو لە خەونیشدا وازناهێنن .
ماف و ئەرك دوو مانای تێكەڵ بوون ، دوو حاڵەتن كە جیا ناكرێنەوە ، مافی ئاسایی هاووڵاتی بە سەدەقە ئەفرۆشێتەوە بە هاووڵاتی .
لە قەیراندا ئەركی هاووڵاتی گەورە ئەكرێت ، پاشەكەوتی موچە بە زۆر ئەسەپەنرێت ، بەسەر مووچە خۆرانی ووڵاتدا بەس بۆت نیە باس لە داهاتی ووڵات بكەی .
خەزێنەی سەركردەكان پرترن لە
خەزێنەی حیزب ، هی حیزبیش پرترە لە خەزێنەی حكوومەت ، تاكە بەتاڵی گیرفانی هاووڵاتیە .