Draw Media

کێشەی خاشاک و تەحەددیەکەی شاسوار عەبدولواحید

کێشەی خاشاک و تەحەددیەکەی شاسوار عەبدولواحید

2019-11-12 10:57:44


یەعقوب کاکل

 

بەو پێیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەگەڵ هاورێیەکمدا توێژینەوەیەکمان لەبارەی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی و چۆنێتی جارەسەرکردنی ئەنجامدا رێگا بە خۆم دەدەم لەو بارەوە هەندێک سەرنج  باس بکەین لەبارەی خاشاک و پڕۆسەی دوبارەبەکارهێنانەوە ( إعادە التدویر- recycling ) .
سەرەتا لە هەموو وڵاتانی دونیادا دوبارەبەکاهێنانەوەی پاشماوەکان گرنگی زۆری پێدەدرێت و یەکێکە لە بابەت و پرۆژە نوێ و راقیەکانی سەردەم ، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی بەردەوام لە زیادبوونیکی بێ وێنەدایە ئەم زیادبوونەیش داواکاری لەسەر سەرچاوە سروشتی و دەرامەتەکان زۆر  زیاتر دەکات و گرفتی کەمبوونەوەی ئەو سەرچاوانە ساڵ لە دوای ساڵ دەردەکەوێت ، وهەروەها بەرزی رێژەی خۆشگوزەرانی و زۆر بوونی کارگە و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان ، جۆراوجۆری بەرهەم ،هەموو ئەوانەیش  وای کردوە زۆربەی وڵاتان بەناچاری پەنایان بۆ دووبارە سودلێبینەوەی زۆرێک لە کەرەسەو کەلوپەلە بەکارهاتووەکان بردوە، جگە لەوەی دوبارەبەکاهێنانەوەی پاشماوەکان قەبارەی زبڵگاو شوێنەکانی فڕێدانی پاشماوەکان کەم دەکاتەوەو بێگومان مەترسیەکانیش لەسەر خاک و هەواو و ئاوی ژێر زەوی و سەر زەویش دیسان کەمتر دەکاتەوە ، لەهەموووی گرنگتریش پاراستنی ژینگەی سروشتی و کەمبوونەوەی زیانە تەندروستیەکانە کە بەهۆی کەڵەکەبوونی خاشاک و پاشماوەکانەوە کیوێک لە زبڵ دروست دەکات .

 شێوازی دوبارەبەکارهێنانەوەی کەرەسە و کەلوپەلەکان زۆرن و بە پێی شێواز و جۆری خودی پێکهاتەی کەرەسەکان دیاری دەکرێت .
بۆنمونە لە هەندێک وڵات زۆرینەی خاشاک دەسوتێنن و وزەی کارەبای شارەکەی لێ بەرهەم دێنن ، لە هەندێکی تر لە بەشێکی خاشاک پەینی کیمیایی بۆ کشتوکاڵ بەرهەم دێنن ، یان لە زۆر وڵات و شاری تر جۆرەکانی نایلۆن و پلاستیکەمەنیەکان شوشە و کاغەز و کانزاکایی لەوانی تر جیادەکرێتەوە و دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە.

    هەر بۆ نمونە لە سوید لەبەر ئەوە لە سەدا ٩٥ی زبڵ دەسوتێنن و کارەبای پێ بەرهەم دێنن  ناچارن ڕێژەیەک خاشاک هاوردە بکەن! ، لە هەندێک وڵاتی تریش هەر خێزانێک خاشاکەکەی بە تەرتیبی و رێک و پێک لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا جیا بکاتەوە حکومەت لە بەشێکی باجەکانی سەری دەبوورێت ، یان بە پێچەوانەوە لە هەندێک لە وڵاتان تەنانەت لەبەرگرنگی دوبارەبەکاهینانەوەکە حکومەت هەڵدەستێ بە دانانی بڕێک غرامە لە هەر خێزانێک کە خاشاک و پاشماوەکانیان بە پێی جۆرەکانی لەبەردەم ماڵەکانیاندا بە جیا نەکەنە کیس و بۆکسی تایبەتەوە .

پڕۆژەی دروستکردنی کارگەی ریسایکلین لە تانجەرۆ لە سلێمانی کە لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٤ەوە بەردی بناغەی دانراوە و دەست کراوە بە دروستکردنی لە لایەن یەکێک لەسەرمایەدارەکانی نزیک لە دەسەڵات ، بەڵام هەر وەک پرۆژە تەواونەکراوەکانی ئەم دەسەڵاتە ئەویش بە هەمان دەرد چووە !، کە ئەوە نزیکەی بۆ شەش ساڵ دەچێت چەند جارێک پارەی بۆ دەرچووە بەڵام تەواو نەکراوە ، هەر لەسەرەتای گرێبەستەکەشەوە کە بڕیاریش بوە بۆ هەر یەک تەن خاشاکێک حکومەت بری نزیکەی ١٨ بۆ ٢٠  دۆلار بداتە کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی پرۆسەی ریسایکلینەکە ئەنجام بدات ، جا تەسەوور بکە بەو پێیەی کە بڕیارە ئەو بڕە پارەی مانگانە لە ماڵەکان وەربگیرێت بۆ کۆکردنەوەی خاشاک ، وە دواتر بدرێتەوە بە کۆمپانیاکەی خۆیان کە عەلا ئەساس ریسایکلینمان بۆ ئەنجام دەدات! ، واتە لە جەند جیگەیەکەوە وەک کورد دەلیت لێمان دەخۆن!.
جێگای سەرسوڕمانە هەندێک لە نوخبەی ڕۆژنامەنوس و سیاسی و ڕۆشنبیر لەبری ڕەخنە لەو گەندەڵگیانە بگرن کە حکومەت لە بواری نەپاراستی ژینگە و جارەسەر نەکردنی مەیدان و شوێنی فڕێدانی خاشاک وخۆڵ (کە بۆ نمونە لە سلێمانی لە ناوچەی تانجەرۆ کە چەند کیلۆمەترێکی کەم لە سەنتەری شارەکەوە دوورە رۆژانە دەیان هەزار  خۆڵ و خاشاک فڕێ دەدرێت کە زیانی زۆر گەورە بە ژینگە و تەندروستی و سروشتی خاک و ئاوی سەر زەویی و ژێر زەوی ناوچەکە دەگەیەنێت) ، ئەوانە هاتوون ڕەخنە لە شاسوار عبدالواحد دەگرن کاتێک دەڵیت رێگامان پێ بدەن چارەسەری خۆڵ و خاشاک بکەین، ئەبوایە ئەوان رەخنەیان لەوە بگریایە کە دەسەڵات باکی نیە بە سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیان ، یان پرۆژەیەک بۆ ریسایکلین شەش ساڵە پارەی لەسەر دەخورێت و تەواو ناکرێت بۆ نایەن بیخەنە بەر باس و فشاری لەسەر دروست بکەن؟، ئەمە لە کاتێکدا بە داتا و رەقەم چەندین جۆری نەخۆشی بڵاوبۆتەوە بەهۆی خاشاکی تانجەرۆوە ، بۆ نایەن بڵێن ئەو کێوە خاشاکە چیە کە لە تانجەرۆ کۆبۆتەوە و پاشماوەکەی بەردەوام دەڕژێتە ڕوباری تانجەرۆ وە و لەوێشەوە دەڕواتە بەنداوی دەربەندیخان و خەڵکی ئەو ئاوە پیسکراوە بە ماددە زیانبەخشەکان بەکاردێنن !؟.
هەرچەندە لە ئیستادا جەندین گارگەی محەلی و بچوک هەیە کە خاشاک و مەوادە بەکارهاتووەکان وەردەگرن و یان دەیکڕنەوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمیشدا هەن ، بەڵام  بچوکن و لەئاست پێداویستی گشتی و ئەو هەموو خاشاکانەدا نیە .
لەکۆتاییدا ناکرێت ئەم حکومەتە لە نەوتە تا زبڵ داهات و دەرامەتی خەڵک ببات و لەبەرامبەریشدا ئامادە نەبێت مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان بدات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand