Draw Media

ئەگەر ئەردۆغان پەشیمان نەبێتەوە

ئەگەر ئەردۆغان پەشیمان نەبێتەوە

2019-11-12 08:10:37


هیوا سەید سەلیم
  دیداری لوتكەی نێوان (ترەمپ و ئەردۆغان)، كە بڕیارە رۆژی 13 /ی نۆڤێمبەر لە واشنتۆن ئەنجام بدرێت، بۆ كۆشكی سپی و ئەنقەڕە دیدارێكی هەستیارە، چونكە بریارە لەو دیدارەدا دوو پرس گفتوگۆ بكرێن كە هەردوو لایەن زۆر لەسەرەی ناكۆكن.
یەكەمیان بریتیە لە پرسی داگیركاری توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان، دووەمیشیان بابەتی S400 رووسی كە توركیا وەك وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ كڕیوەیەتی ووە ئەمەریكای نیگەران كردووە. 
هەوو لایەك دەزانێت كە سەرۆكی ئەمەریكا لە كاتێك دەرگای كۆشكی سپی بۆ ئەردۆغان دەكاتەوە،  كە هەمووی دوو هەفتەیە كۆنگرسی وڵاتەكەی بە دوو بڕیار سزای توركیای لەسەر دوو بابەتی مێژووی و هەنووكەی داوە، ئەویش بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان كە توركیا سەدەیەك پێش ئێستا ئەنجامی داوە،  وە داگیركاری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.
ئەم دوو بریارەی كۆنگرسی ئەمەریكا دژ بە هەر وڵاتێكی دیكە وەرگیرابا، دەبوو بۆ ماوەیەك وڵاتی ئیدانەكراو پەیوەندیە دبلۆماسیەكانی لەگەڵ بەرامبەرەكەی هەڵبواسێت، بەڵام لە ئێستادا توركیا و سەرۆكەكەی لەو بارودۆخە دانین پەنا ببەن بەو ئەو شێوازە دبلۆماسیە لە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر سزاكانی ئەمەریكا.
كاتێك ئەردۆغان نەیتوانی لەبەرامبەر نامە پر سوكایەتیەكەی ترەمپ هەفتەیەك خۆی ڕاگرێت، ناچاركرا رێكەوتنی نێوان خۆی و ئەمەریكا واژۆ بكات، لە ئێستاشدا نەك سەردانەكەی كەنسڵ ناكات بگرە وەك خۆی شەقامی توركی پێچەواشە كردووە ووتویەتی: (كە دەچێت لە نزیكەوە وەڵامی نامەكەی ترەمپ دەداتەوە)
ئاماژەكانی پێش دیدارەكە كە خۆی لە لێدوانی بەرپرسانی هەردوو لا دەبینێتەوە، ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەگەر دوواجار ئەو دیدارە هەڵنەوەشێتەوە،  پێناچێت بۆ هیچ لایەكیان دیدارێكی بەرهەم دار بێت، لایەنی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی باڵا و نزیك لە ترەمپ باس لە سزای تازە دژ بە توركیا دەكەن، كە ئەگەر ئەردۆغان لە پرسی كڕێنی S400 پەشیمان نەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا دەست و پێوەندی ئەردۆغان دەڵێن، تا سەربازێكی بیانی لە سوریا مابێت ئەوان لە سوریا ناكشێنەوە، وە لە وەڵامی بیانووی ئەمەریكا بۆ مانەوەیان لە سوریا وتوویانە ( ئەمەریكا بۆی نیە مامەڵە بە نەوتی سوریا بكات)
دەزانین كە ئەو لێدوانانەی بەرپرسە توركەكان تەنیا بۆ شەقامی توركیە، كە جگە لە ئاڵۆزی لە ناوچەكە هیچی دیكەی لێ شین نابێت، بەڵام ترەمپ مەگەر بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر ئیدارەكەشی بێت،  دەبێت كارێك لە دژی توركیا ئەنجام بدات،  ئەگینا وەك رۆبەرت ئۆبراین، ڕاویژكااری ئاسیشی نەتەوەی ئەمەریكا دەڵێت:
(دەبێت توركیا لە بەرامبەر كڕینی S400 خۆی بۆ سزایەكی تازە ئامادەبكات كە كۆنگرسی ئەمەریكا دەیخاتە سەری)
سزای پێشبینی كراو جیا لە سزاكانی پێشوتری كۆنگرس، بۆ توركیا كەمەر شكێن دەبێت،  چونكە ئەو سزایە بە پێی یاسای ( رووبەروبونەوەی دووژمانی ئەمەریكا لە یاسای سزادان) دەردەچێت، واتا ئەگەر كۆنگرس سەرپشك بكرێت، ئەوا بێ سێ و دوو توركیا ئەمجارەش زۆرینەی كۆنگرس لە دژی خۆی یەك دەخات، خۆیش دەخاتە خانەی دووژمنانی ئەمەریكا، بۆیە دەڵێین ئەم دیدارە هەستیار دەبێت.
لایەنێكی دیكەی هەستیاری دیدارەكە پەیوەستە بە خودی ئەردۆغان، ئەویش ئەو ئامادەكاریەیە كە كوردان بە گشتی و ڕای گشتی ئەمەریكی لە ئاستی چالاكوانان و رۆژنامەنووسان و ئەكتەری دیاری هۆڵیۆد كاری بۆ دەكەن، سەبارەت بە ئەنجامدانی خەباتی مەدەنیانە بۆ پرۆتستۆكردنی چوونی ئەردۆغان بۆ واشنتۆن.
بۆیە دەڵێین ئەگەر ئەردۆغان لە دیدارەكەی پەشیمان نەبێتەوە،  دەبێت هەر لە شەقامەكانی بەردەم كۆشكی سپیەوە،  تا هەڵسوكەوەتە سەیرەكانی ترەمپ لەبەرامبەر خۆی وەك كەسێكی( گەمژە)،  لە سەرووی هەموو ئەمانەش ناكۆكیەكانی كە لە پێشدا ئاماژەمان پێدان كە لە نێوان (واشنتۆن – ئەنقەڕە) هەن، خۆی بۆ شەرێكی سەختی سیاسی و دبلۆماسی ئامادە بكات.
هەروەها دەڵێین كە بۆ كوردان بە گشتی و رەوەندی كوردی لە ئەمەریكا بە تایبەتی،  زۆر گرینگە كە 13 مانگ هێزی خۆیان نیشانی ڕای گشتی بدەن،  بۆ ئیدانەكردنی ئەردۆغان و سیاسەتە داگیركاریەكەی دژی گەلی كوردستان لەبەردەم كۆشكی سپی بن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand