Draw Media

هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراتی 

هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراتی 

2018-04-23 14:45:11


ماردین ئیبراهیم 
هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی دیموکراتی ئه‌گه‌ر هێواش و درێژخایه‌نیش بێت هێشتا سه‌دانجار له کرده‌ی دراماتیکی و 'شۆڕشگێڕانه' باشتره. ئاکتی سیاسی توند و شۆڕشگێڕانه جگه له ئاڵۆزکردنی بارودۆخ و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بارودۆخێکی خراپتر له‌وه‌ی پێشوو شتێکی تری لێ سه‌وز نابێت. ئه‌لته‌رناتیڤی هه‌لبژاردنێکی خراپ و پڕ که‌موکوڕی ته‌نیا هه‌ڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌یه.هه‌ڵبژاردن ئه‌مڕۆ شتێکی بچووک ده‌گۆڕێت، سبه‌ی شتێکی تر، سالانێکی دیکه‌ش زۆر شتی تر. ئه‌وانه‌ی هاوڵاتیانی ئێمه نائومێد ده‌که‌ن به‌وه‌ی نه‌چن بۆ ده‌نگدان، ئه‌وانه‌ی هانیان ده‌ده‌ن و نائومێدیان ده‌که‌ن و وایان لێده‌که‌ن هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی سیاسی وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی بێنرخ سه‌یر بکه‌ن، ئاگایانه بێت یاخود نا ئاگایانه به‌شداری ده‌که‌ن له تۆکمه‌کردنی پایه‌کانی 'سیستمی' سیاسی کوردستان که له‌سه‌ر نادادپه‌روه‌ری و ملهوڕی دامه‌زراوه. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموکراسی ڕێگه‌یه‌کی هێواش و دورودرێژ و پڕ هه‌وراز و نشێوه، له تورکیای ئه‌ردۆگاندا به‌شی زۆری فیگه‌ره سیاسیه دیاره‌کان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی سه‌ر به هه‌ده‌په ئێستا له زینداندان، ژماره‌یه‌کی زۆری شار و گوندی کوردستان وێران بوون به‌ڵام هه‌ده‌په و نوسه‌ر و ڕۆشنبیرانی نزیک له هه‌ده‌په و هیچ ئینسانێکی خاوه‌ن عه‌قڵی سه‌لیم ناڵێن با هاوڵاتیان به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌که‌ن، هه‌ر له‌و سۆنگه عه‌قلانیه‌شه‌وه‌یه هه‌ده‌په له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی تورکیا به‌شداری ده‌کات. شتێکی ڕه‌وا نییه ئومێدی ساخته دروست بکرێت به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له شه‌و و ڕۆژێکدا دنیا ده‌گۆڕێت، به‌ڵام له‌وه‌ش ناڕه‌واتر نائومێدکردنی هاوڵاتیانه به‌وه‌ی ئه‌وان کرده‌ی سیاسی بنوێنن یاخود نا بارودۆخه‌که هه‌ر وه‌ک خۆی ده‌بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand