سیستەمی سیاسی لە عێراقدا سیستەمێکی تەواو پەڕلەمانی نیە !
2019-11-11 15:38:18
د. بایەزید حەسەن
ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
لە دەستووری ئێستای عێراقدا ، دەقی ماددەی (١) بەم جۆرە هاتووە ؛
ماددەی (١) : کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، رژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری نوێنەرایەتی ( پەرلەمانی) دیموکراسییە ، ئەم دەستوورە یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت.
ئەگەر لەم ماددەیە ووردببینەوە ، یەکسەر ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە کە سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا پەڕلەمانییە . بەڵام ئەگەر تەواوی دەستووری عێراق بخوێنیتەوە ، بۆت دەردەکەوێت کە سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا ، سیستەمێکی نزیک لە پەڕلەمانیە واتا سیستەمی پەرلەمانی تەواو نیە بەڵکو نزیکە لە سیستەمی پەرلەمانی تەواو .
لیژنەوەی نووسینەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ کە ئەم دەستوورەیان نووسیوەتەوە ، مەبەستیان ئەوە بووە کە سیستەمێکی حوکمڕانی تەواو پەڕلەمانی بۆ عێراق لە دەستوورەکەدا بچەسپێنن بەڵام لە نووسینەوەی ماددەی (٦٥) سەبارەت بە ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا ،سەرکەوتوو نەبوون و مەبەستیان نەپێکاوە و سیستەمە پەرڵەمانیەکەیان کاڵ کردۆتەوە .
پێش ئەوەی باسی هۆی ئەم کاڵبوونەوەیە بکەین ، باشتر وایە دەقی ماددەی ( ٦٥) دەستووری ئێستای عیراق بخەینەڕوو .دەقی ماددەی (٦٥ ) : ئەنجومەنێکی یاسا دانان پێکدەهێنرێت کە بە (ئەنجومەنی فیدڕاڵی ) ناودەبرێت ، نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆدەگرێت کە ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە، پێکهاتە و مەرجەکانی ئەندامێتی وبواری تایبەتیمەندی ئەم ئەنجومەنە و هەرچی پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا رێکدەخرێت بە زۆرینەی دوو لە سێی ٢\٣ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران .
سیستەمی پەڕلەمانی چەند خەسڵەتێکی هەیە ، یەکێک لەوانە ئەوەیە دەبێت دەسەڵاتی یاسا دانان لە لایەن دوو دەستە یان ئەنجومەن پێکبێت( یان پێیدەڵێن دوو ژوور ) ئەوانیش ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵین . ئەنجومەنی فیدراڵییەکە لە هەندێک وڵات ناوی جیاوازی هەیە ، وەکو لە بەریتانیا بە ئەنجومەنی لۆردەکان ، لە ئەمەریکا و فەڕەنسا بە ئەنجومەنی پیران و لە هەندێک دەوڵەتی عەرەبیش بە ئەنجومەنی ئەعیان ناودەبرێت . هەرچەندە سیستەمی حوکمڕانی لە ئەمەریکا سیستەمی سەرۆکایەتییە و لە فەرەنسا نیمچە سەرۆکایەتییە بەڵام دەسەڵاتی یاسادانەکەیان هەر لە دوو ئەنجومەن پێکدێت وەک لەسەرەوە ئاماژەیان پێکراوە .
لە ئێستادا لە عێراق دەسەڵاتی یاسادانان ، لە جیاتی ئەوەی وەک دەوڵەتانی جیهان لە دوو ئەنجومەن پێک بێت، لە یەک ئەنجومەن یان دەستە پێکدێت ، ئەویش ئەنجومەنی نوێنەرانە. راستە لە دەقی ماددەی ( ٦٥ )ی دەستووردا هاتووە کە دەبێت ئەنجومەنێکی یاسادانان بەناوی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دابمەزرێت و نوێنەرانی هەرێم و ئەو پارێزگایانەی تێدا بێت کە لە هەرێمدا رێکنەخراون، بەڵام ئەم ئەنجومەنە ئەگەر دروستیش بکرێت ئەنجومەنێکی یاسایی دەبێت نەک ئەنجومەنێکی دەستووری چونکە ئەم ئەنجومەنە بەپێی دەقێکی یاسایی پێکدەهێنرێت کە ئەنجومەنی نوێنەران دەریدەکات واتا ئەنجومەنەکە ئەنجومەنێکی یاسایی دەبێت نەک ئەنجومەنێکی دەستووری . لێرەدا کە دەڵێین ئەنجومەنە فیدڕاڵییەکە ئەنجومەنێکی یاسایی دەبێت، مەبەست ئەوەیە ئەنجومەنەکە هێز و شەرعیەتی لەو یاسایە وەردەگرێت کە ئەنجومەنی نوێنەران دەریکات و پێی پێکدەهێنرێت نەوەک لە دەستوور . بێگومان وەک لە برگەی یەکەمی ماددەی (١٣) دەستووردا هاتووە ، ئەم دەستوور بە یاسای هەرە بەرز دادەنرێت لە عیراقدا ، پێویستە لە هەموو شوێنێکی عێراقدا پابەندبن پێوەی بەبێ جیاوازی . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە دەستوور باڵادەستە بەسەر یاسادا.
کەواتە ئەگەر بەپێی ماددەی (٦٥) ی دەستوور ، یاسای پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەربکرێت و بەگوێرەی ئەم یاسایە ئەم ئەنجومەنی فیدڕاڵییە پێکبهێنرێت، ئەوا ئەم ئەنجومەنە وەک ئەنجومەنێکی نادەستووری دەمێنێتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجومەنی نوێنەران ، گۆڕانکاری بەسەر ئەم ئەنجومەنی فیدڕاڵییەدا بهێنێت یاخود هەڵیوەشێنێتەوە چونکە یاساکەی لەژێر رکێفی ئەنجومەنی نوێنەران دادەبێت ، ئەمانەش لاوازی ئەنجومەنی فیدڕاڵییەکە بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەران دەردەخەن.
لێرەدا نازانرێت کە ئایا لیژنەی نووسینەوە دەستووری ٢٠٠٥ بە مەبەست تەنیا ماددەی ( ٦٥) ی بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدڕاڵی تەرخانکردووە تاکو ئەم ئەنجومەنە فیدڕاڵییە هێزی دەستووری نەبێت و سیستەمە پەڕلەمانیەکەی عێراق لاواز بێت یاخود درکیان بەوە نەکردووە ، چونکە ئەگەر تەماشای ماددەکانی ئەم دەستوورە بکەین سەبارەت بە ئەنجومەنی نوێنەران دەبینین کە لە ماددەی (٤٩ ) ەوە تاکو ماددەی ( ٦٤ )، واتا ١٦ماددە ، بۆ ئەم ئەنجومەنە تەرخانکراوە بۆ چۆنییەتی پێکهێنان و ژمارەی ئەندامانی و مەرجەکانی ئەندامان و کارو چالاکی و دەسەڵات و ماوەی خولەکانی و پەیوەندییەکانی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەرییەوە .
تاکو ئێستا کە چواردە ساڵ بەسەر دەرچوونی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دا تێدەپەڕێت ، لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر دەرچواندنی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی رێکنەکەوتوون، دوور نیە یەکێک لەو هۆکارانەی تا ئیستا ئەنجومەنی نوینەران یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەرنەکردووە بۆ دروستکردنی ئەنجومەنە فیدڕاڵییەکە ، سروشتی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێت کە نەیانەوی ئەنجومەنیکی تر لە تەنیشت یان سەروی ئەنجومەنی نوینەرانەوە هەبێت کە خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانان بێت یان رێگری لەو یاسایانە بکات کە ئەنجومەنی نوێنەران دەیان دەکەن. ئەگەر لەم دەستوورەدا وەکو ئەنجومەنی نوێنەران چەند ماددەیەک بۆ ئەنجومەنی فیدڕاڵی تەرخان کرابایە کە چۆنییەتی پێکهێنان و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و پارێزگاکان و ژمارەی ئەندامان و مەرجەکانی ئەندامان و کارو چالاکی و دەسەڵاتەکانی تێیاندا بە ووردی دیاریکرابان ، ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو دەمێک بوو ئەم ئەنجومەنە بە گوێرەی ماددەکانی دەستوور پێکهێنرابایە چونکە ئەم لایەنە سیاسییانە نەیاندەتوانی ئەو داخوازییانەیان کە لەماددەکانی دەستووردا سەبارەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدڕاڵییەکەدا نەبن ، لە ناو چوارچێوەی ئەنجومەنەکەدا جێگایان بکەنەوە.
ئێستا لە عێراق ، لە نەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا ، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک بدات ئەوا یەکسەر دەنێردرێت بۆ سەرۆککۆمار بۆ پەسەندکردنی پاشان دەنێردرێت بۆ بڵاوکردنەوەی لە وەقایعی عێراقیدا و کە بڵاوبۆوە دەبێت بە یاسا و کاریپێدەکرێت ، ئەگەر سەرۆککۆمار لە ماوەی پانزە رۆژ لە بەدەستگەیشتنی پڕۆژە یاساکە واژۆ نەکات ئەوا بەگوێرەی دەستوور هەر بە پەسەندکراو دەژمێررێت . بەم پێودانگە هەموو پڕۆژە یاسایەک دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران ، هیچ دەزگایەک نیە جگە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی کە لایەنێک یان هەرێمێک یاخود پارێزگایەک پەنای بۆبەرێت بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەگەر نادادپەروەی یان ماف خورانی ئەو لایەنەی تێدابێت بۆ ئەوەی ئەم ناداپەروەرییە یان ماف خورانە لە پڕۆژە یاساکەدا لاببرێت. لێرەدا گرنگی هەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی رەتکردنەوەی پڕۆژە یاساکان و گەراندنەوەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەیە جگە لە زۆر دەسەڵاتی تر لەوانە پارێزگاریکردن لە مافەکانی هەرێم و پارێزگاکان . ئێستا تەنیا شوێنێک کە پەنای بۆبرێت بۆ تانەدان لە یاسایەک دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقە . بێگومان تانەدانەکەش دوای بڵابوونەوەی یاساکە لە وەقاییعی عێراقی و کارپیکردنی دەبێت .
ئێستا لە ئەنجومەرانی نوێنەرانی عێراقدا ، لیژنەیەک لە هەژدە ئەندامی ئەنجومەنەکە دروستکراوە بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق . دواتر ئەنجومەنی نوێنەران سێ ئەندامی کوردی تری بۆ لیژنەکە زیاد کرد و ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بوو بە بیست ویەک ئەندام . لە ئەگەری هەموارکردنەوەی دەستوورەکەدا ، پێموایە دەبێت لیژنەکە گرنگییەکی زۆر بە ئەنجومەنی فیدڕاڵییەکەدا بدات و چەند ماددەیەکی ناو دەستوورەکە بۆنوسینەوەی ئەنجومەنی فیدڕاڵی دابنێت، دەربارەی چونیەتی پێکهێنانی ئەنجومەنەکە و مەرج و کار و پسپۆڕی و دەسەلاتەکانی . ئەم خاڵانەی خوارەوە کە گرنگن لەناو ماددەکانی ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا جێگایان بکرێتەوە :
١- هەر پارێزگایەکی عێراق ، ئینجا ئەگەر ئەو پارێزگایە لەدەرەوەی سنووری هەرێمێکدا بێت یان لەناو سنووری هەرێمێکەدا بێت ، دوو نوێنەر یان سێ نوێنەری لە ئەنجومەنی فیدڕاڵیدا بێت ، لە ئەمەریکا هەر ویلایەتێک ژمارەی دانیشتوانی زۆر بیت یان کەم بێت هەر دوو نوێنەری لە ئەنجومەنی فیدڕالێدا هەیە .
٢- هەڵبژاردنی نوێنەرەکان لە پارێزگاکان لەلایەن دانیشتوانی پارێزگاکان بە دەنگدانی گشتی نهینی پارێزگاکە بێت . دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەکو سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆیان نەبێت نوێنەری زیاتر بۆ ئەنجومەنەکە زیاد بکەن .
٣- دەرکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کارو پسپۆڕی ئەنجومەنەکەوە ، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی چارەنوسسازن بۆ هەرێم یان پارێزگاکان ، بە زۆرینەی رەها بێت بەو مەرجەی نوێنەرانی سێ پارێزگا یان زیاتر رەتی نەکەوە .
ئەم دەستوورەی ئێستای عێراق کەموکورتی و کەلێنی زۆری تێدایە و هەندێک لە ماددەکانی وا نووسراونەوە کە هەر لایەنە و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندی خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات . لەبەرئەوە پێویستە دەستوورەکە هەمواربکرێتەوە بۆ نەهێشتنی ئەم کەموکورتی و کەلێن و ناڕوونییانەی لە ماددەکانیدا هەن بەڵام لە کەشێکی پڕ ئارامی و تەبایی و هەبوونی متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا و دوور لەوەی دەست بۆ مافە بنەڕەتییەکانی هەرێم ببرێت و بۆ کەمکرنەوەیان .
تەبایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و هەروەها ئەنجامدانی چاکسازییەکی بنەڕەتی لە هەموو جومگەکانی بەڕیوەبردنی هەرێمدا و هەبوونی شەفافیەت و دادی کۆمەڵایەتی و ئازادی بیروڕا دەبڕین و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهەدەرنەدانی سامانی گشتی ، هەموو ئەوانە یەکڕیزی لەناو هەرێمدا دروست دەکەن و هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر لایەنە عێراقیەکانی تر لە هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقدا بەهێز دەکەن .
هەروەکو لە وتاری پێشوم باسم کرد ، هەموارکردنەوەی دەستووری ئیستای عێراق کارێکی ئاسان نیە بەڵام دەبێت کورد ئەگەرەکانی هەمواردنەوەکەی بە هەند وەربگرێت و خۆی بۆ ئامادە بکات.