Draw Media

پەیوەندی نێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان

پەیوەندی نێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان

2019-11-11 08:54:18


سەرتیپ جەوهەر
دۆزینەوەی چارەسەرێك سەبارەت بە ئایندەی ئەو ناوچانەی ئێستای ژێر هەژموونی كورد لەسوریا زەحمەت بووە، بەتایبەت بەرچاو روونیەك نییە لەبارەی مانەوەو هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكاو روسیا! هەر رۆژەو دۆخەكە بەجۆرێك گۆڕانی بەسەردا دێت ناتوانرێت بەشێوەیەكی ورد داهاتووت لێ دیار بێت.
لەماوەی نزیكەی یەك مانگی رابردووی پەلاماری توركیا، ئەو سنورەی لەژێر هەژموون و كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بوو، بەشێكی لەلایەن توركیا داگیركراو بەشێكیشی (بەتایبەت مەنبەج و كۆبانێ‌) بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ روسەكان، هێزەكانی سوریای دیموكراتی لێ كشایەوەو تەنها ئیدارەی خۆسەری و ئاسایشی رۆژئاوای لێ ماوەتەوە. لەرووبەری 53 هەزار كیلۆمەتری ژێر كۆنترۆڵی سوریای دیموكرات، نزیكەی 4820 كم2 كەوتۆتە دەست توركیاو ئەو تیرۆرستانەی توركیا پشتیوانیان دەكات، 23641 كم2 لەچوارچێوەی رێككەوتن لەگەڵ روسیاو رژێمی سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكراتی لێ‌ كشایەوە. واتە ئەو روبەرەی پێشتر كە نزیكەی لە 29% خاكی سوریا بوو لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بوو، بۆ لە نزیكەی لە 18% كەمبویەوە.
بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆخە دژوارو ناڕۆشنەی لەسوریا هەیە، رەنگە كورد هەوڵبدات بەسود وەرگرتن لەململانێكان دەست بەگفتوگۆ لەگەڵ رژێمی سوریادا بكات، بەڵام بەرچاو روونیەك یان پرۆژەیەك لەلایەن پەیەدەوە رانەگەیەنراوە تاوەكو بتوانرێت قسەیەكی لەسەربكرێت! لەبەرامبەردا رژێمی سوریا-ش پرۆژەیەك یان تێگەیشتنێكی بۆ چاسەری پرسی كورد نەخستۆتەروو تا لایەنە پەیوەندیدارەكان هەڵوێستی خۆیان لەبارەیەوە دەرببڕن.
داواو خواستی كورد هەرچی بێت و هەر رێككەوتنێكی لەسەر بكرێت، دەبێ‌ لەدەستوری نوێی سوریادا بەڕوونی جێبكرێتەوەو بچەسپێنرێت، بەڵام پێناچێت بۆ رێككەوتنی كورد و سوریا نە روسەكان بیانەوێ‌ بگەنە رێككەوتن و نە ئەمریكییەكانیش خۆشحاڵن بەگفتوگۆو رێككەوتنی نێوان كورد و رژێمی سوریا. روسەكان دەیانەوێ‌ كورد لەبارودۆخێكدا بهێلنەوە هەمیشە وەك كارتێك بەدەستیانەوە بێت و لەگوشار خستنەسەر سوریاو وڵاتانی ناوچەكە بەكاریبێنن، ئەمریكییەكانیش دەیانەوێ‌ تا رێككەوتن لەگەڵ روسیا دەكەن سەبارەت بەئایندەی سوریاو ئایندەی رژێمی ئەسەد، كورد گفتوگۆ لەگەڵ رژێمدا نەكات و وەك كارتێكی بەهێز لەدەست ئەواندا بمێنێتەوە.
لەو نێوانەدا كورد لەژێر گوشارێكی زۆردایە. لەماوەی چەند رۆژی رابردوو مەزلوم عەبدی هاتە باشورو هەردوو لایەنی سەرەكی كوردستانی بینی. لەوە دەچێت دوو پرسی سەرەكی لەگەڵ باشور گفتوگۆ كردبێت. یەكەمیان پرسی ئاشتبونەوەی نیشتیمانیی لەنێوان پەیەدەو لایەنەكانی دیكە، ئەویدیكە پێشخستنی پەیوەندی نێوان هەرێم و رۆژئاوا، لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و بازرگانیی.
لەناوخۆی هەرێم مەبەستم حكومەت و حوكمڕانییە، تێگەیشتنی جیاواز لەنێوان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتدا هەیە. سەرۆكی هەرێم پێی باشە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەگەڵ رۆژئاوادا هەبێت و هەوڵبدرێت كە پەیەدە یان ئیدارەی رۆژئاوا لەو تێگەیشتنە دوربخرێتەوە كە پەیوەندیان بە پەكەكەوە هەیە، هەروەك ئەنەكەسە لەپەیوەندی نێوان باشورو رۆژئاوا دوربخرێتەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت تێگەیشتنێكی تاڕاددەیەك ئەمنی هەیەو دەیەوێت لەڕێی ئەنەكەسەوە مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوادا بكات.
هاتنی مەزلوم لەڕێی ئەمریكییەكانەوە بۆ باشور، پەیامێك بوو بۆ توركیا كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لەپشتیوانی رۆژئاوا بەڵام ئەمجارە لەرووی سیاسییەوە، هەروەك ئەگەر پێشتر هەوڵێك هەبوو بێت بۆ ئاشتبونەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا، بەنێوانگیریی یان لەژێر كاریگەری توركیادا بووە، بەڵام ئەمجارە توركیا ئەو كاریگەرییەی جارانی نابێت و دوردەخرێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand