راوێژکار!
2019-11-09 10:46:30
دڵشاد ئەنوەر
هیچ وڵاتێک توشی گرفتی گەورە نابێ، لە ئەزمە و قەیران دەربازی دەبێت، گرفت و کەلێنەکان چارەسەر دەکات و ناهێڵێت کاریگەری لەسەر دۆخی وڵات هەبێت، ئەگەر خاوەنی راوێژکاری شارەزا و باش بێت.
راوێژکار، نەک وەکـو ئەوانەی لەسەرۆکایەتیەکانی هەرێمدا هەن، هەموو ئیش و کارێکیان لە قات و بۆینباخ و پۆز لێداندا کورت کردبێتەوە.
پۆستی راوێژکاری لەهەرێم وەکو ئیمتیاز دەبەخشرێتەوە، راوێژکار لەهەرێم بۆ ڕازیکردنی کادیران و پێدانی ئیمتیازە پێ یان، ئەگینا زۆرێک لەوانەی کراونەتە راوێژکار، رەنگە بەمانا قوڵەکەی خوێندەواریان نەبێت، جا چ جای ئەوەی توانای دیاریکردنی کەلێنەکان و خستنەڕووی پێشنیاریان بۆ عیلاج کردنیان هەبێ.
راوێژکار یانی توێژەر، یانی گەڕان و وردبوونەوە لە کێشەکان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان، نەک لەبەر کردنی بۆینباخ و فرە وتن و شەڕە دەم.
هەرێمی کوردستان، گەر راوێژکاری سەربازی سەرکەوتوی هەبایە، بەسەر سەنگەر بە سەنگەری پێشمەرگەدا دەگەڕا، دەیزانی دۆخی سەنگەرەکانی پێشمەرگە چەند وێرانە، نوقتە زوعفەکانی دەستنیشان دەکرد.
پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر، کچە راوێژکارێکی دەرچووی زانکۆی هارڤارد، هاتبووە هەرێم و لە دۆخی سەنگەرەکان روانیبووی، وتبووی " پێشمەرگە گەر شەڕ بکات لەگەڵ عێراق مقاومەی ٢٠ رۆژ دەکات"
لەکاتێکدا پێناچێت راوێژکارەکانی کورد، توانیبێتیان چوار جار چووبێتنە سەنگەرەکان و لێکۆڵینەوەیان لە دۆخەکە کردبێ!
عێراق لە پردێ شکێنرا، بەڵام بارزانی و چی قیادەی کوردی هەیە، خۆشیان دەزانن، هێرشەکانی عێراق دوو رۆژ بەردەوامیان هەبووایە، موقاوەمە نەدەما، بەڵام دۆخی نێو دەوڵەتی هێرشەکانی عێراقی ڕاگرت.
گەر هەرێم راوێژکاری هەبایە، پێش هاتنی داعش بەرەو کەرکوک و هەولێر، کەلێنەکان دەزانران و هێزی هەرێم توشی ئەو شڵەژانە گەورەیە نەدەبوو، کە بینیمان.
بوونی راوێژکار وادەکات، هێزی خۆت بزانیت ، نەک وەک ئەوەی هێمن هەورامی هەڕەشە لە ئێران و تورکیا بکات، کەچی نەزانێت هەرێم بەشی مانگێ چەکی نیە، نەزانێت دۆخی سەنگەرەکان لە چی خراپی و شڕۆڵی و شپرزەییەکدان!
ئەو سەربازانەی ئەمەریکا و ئێران کە لە عێراقن و پشتیان پێدەبەسترێ، هەموویان راوێژکارن، توێژەری بواری سەربازین، هەرگیز بۆینباخیان لە مل نەکردووە و دەوامیان لەنێو بینا جامدەکاندا نەکردووە، بەڵکو ئیشیان هەڵسەنگاندنی دۆخ و مانەوەیان بووە لەنێو سەنگەرەکاندا.
هەرێم گەر راوێژکاری ئابووری هەبایە، لە ژێر ناوی ئابوری سەربەخۆدا، خۆی نەدەکردە ژێر قەرزێکی گەورەوە و هاوڵاتیەکانی توشی ئەم هەموو دەردەسەریە نەدەکرد.
ڕووینەداوە، نەوت بفرۆشیت و قەرزاریش بیت!
گەر هەرێم راوێژکاری ئابووری هەبایە، دوای چەند ساڵێک تەحەداکردنی بەغدا، ئێستا ئامادە نەدەبوو هەموو شتێکی ڕادەست بکات، تەنها لەبەرامبەر وژاردنی قەرزەکانیدا.
هەرێم گەر راوێژکاری یاسایی هەبایە، ئەو هەموو داوایەی بەرامبەر کۆمپانیا بیانیەکان نەدەدۆڕاند!
هەرێم گەر راوێژکاری سیاسی هەبایە، گوێی لە وڵاتانی دونیا دەگرت، پشتیوانی دەرەکی لەدەست نەدەدا و بەبڕیاری هەڵە، پێگەی خۆی لاواز نەدەکرد و گەلەکۆمەی ئیقللیمی لەسەر دروست نەدەبوو.
هەرێم گەر راوێژکاری هەبایە، دەیزانی لەگەڵ بەغدا چۆن مامەڵە بکات، نەک سیاسەتی" کەڕ و فەر" پیادە بکات و هەر جارە و لە ئاوازێک بخوێنێ، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران بێت، پەیوەندی باش بێت، بەڵام ئەو نەما هەموو شت تێکبچێ!
دام و دەزگاکانی هەرێم، گەر راوێژکاریان تیا بایە، متمانەیان لای هاوڵاتی دروست دەکرد، بە توێژینەوە بەردەوامەکانیان، وڵاتیان لەم دۆخە پڕ لە قەیرانە، شپڕزەییە دەرباز دەکرد.
بەکورتی و کوردی، کاری راوێژکاری لە هەرێم لە پێدانی ئیمتیاز و لەبەرکردنی قات و بۆینباغ و لەم کەناڵ بۆ ئەو کەناڵ کردن دا کورتکراوەتەوە، ئەگینا ئەوەی بوونی نەبێت، راوێژکاری فعلیە.